هەڵگرتنی پاشەكەوت، نیعمەتە یا نیگبەت ؟

شوان بەرزنجی


شوان بەرزنجی

دوای چەند ساڵێك لە پاشكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەران دواجار رۆژی 28ی ئاداری 2018 حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی دەستكاریكردنی پاشەكەوتی مووچەی راگەیاند، كە نزیكی 110 ملیۆن دۆلاری زیاتر لە مانگەكانی پێشوو دەهاتەوە بازاڕەوە. ئەمجارەیان لە 8ی 3ی 2019 حكوومەت بە یەكجاری پاشەكەوتی هەڵگرت بەمەش 157 ملیۆن دۆلاری تر دێتە بازاڕەكان، لە هەردوو حاڵەتدا 267 ملیۆن دۆلاری زیاتر دێتە بازاڕ، كەواتە لەم هاوكێشەیە فەرمانبەران و بازاڕ قازانج دەكەن و ئابووری كوردستانیش لەوەدا سودمەند دەبێت.
ئەگەر فەرمانبەرێك لە دوو ساڵی رابردوودا مووچەكەی لە ملیۆنێك و 500 هەزار بووبێتە 500 هەزار دینار ، ئێستا ملیۆنێك دیناری زیادی بۆ دێتەوە بێگومان ئەو پارەیە دەچێتەوە بازاڕ و هێزی كڕینی ئەو كەسە زیاتر دەكات كە پێشووتر لەسەر مووچەكەی قەرزاریش دەبویەوە.
كاتێك بەهۆی هەڵگرتنی پاشەكەوت 267 ملیار دیناری زیاتر دەدرێتە فەرمانبەران و مووچەخۆران و ئەو پارەیەش دەخرێتە بازاڕەوە و كاریگەری لەسەر بوژانەوەی ئابووری دەبێت، چونكە هەموو 30 رۆژ جارێك زیاتر لە 881ملیار دینار دەچێتە بازاڕەوە، ئەوەش وا دەكات گەشەیەكی باش بە ئابووری و بازاڕ و كڕین و فرۆشتن بدات، لە كاتێكدا پێشووتر 40 بۆ 50 رۆژ پارەیەكی كەم دەهاتە بازاڕ كە نەیدەتوانی گیرفانی فەرمانبەران گەرم بكاتەوە چ جای ئەوەی بازاڕ گەرم بكاتەوە.
لە پاڵ زیادكردنی داهاتی مووچەخۆران ئەگەر هەوڵ هەبێت مانگانە بڕێك پارەش بۆ پڕۆژە وەستاوەكان تەرخان بكرێت ئەوە بەشێكی باشی كێشەئابووریەكان چارەسەر دەبن و هەلی كاریش زیاد دەبێت كە لە سایەی قەیرانی دارایی و كەمی مووچە لە چەند ساڵی رابردوودا رێژەی بێكاری دوو بەرامبەر زیادی كردووە.
بەهەموو لێكدانەوەیەك هەڵگرتنی پاشەكەوت بازاڕەكان دەبوژێنێتەوە، ترسێك هەیە هەڵگرتنی پاشەكەوت گرانی دروست بكات،بەڵام هاوكێشەكە بە دیوێكی ترە ئەم كارە وادەكات گوزەرانی خەڵك باش بێت و هێزی كڕین زیاتر بێت چونكە ئەو دەیان ملیۆن دۆلارەی كە بۆ مووچە زیاد دەبێت دواجار دێتەوە بازاڕەكان و جوڵەی بازاڕ زیاد دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بازاڕ و چاودێری لە سەر نرخەكان توندوتۆڵتر بكرێت بۆ ئەوەی هەڵگرتنی پاشەكەوت ببێتە نیعمەت نەك نیگبەت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو