لە سەردەمی گومانەوە بەرەو دڵنیایی

سوبحان شكۆ

 

سوبحان شكۆ
(1)

كوردستان لە سەردەمی نیشانەی پرسیار
لە نێوان ساڵانی ڕابردوو ئەوەی رۆژانە هاووڵاتییان بۆ یەكتریان باس دەكرد " فڵان شوێنیش لەسەر فڵانەكەس تاپۆ كرا " و " فڵان پرۆژە دزی و تاڵانییەكی بێشوماری تێدا كرا"، ئەوكات خەڵك هێندەی مەبەستی بوو دزی و تاڵانی نەمێنێت لەلایەن بەرپرسانەوە هێندە نەدەپڕژانە سەر تەئمیناتی ژیانیان و پێویستییە سەرەتاییەكانی ژیانكردنیان.
لەو زەمەنەدا، دەسەڵاتی جێبەجێكار هێندە پۆخڵاوی بوو، هیچ پڕۆژەیەكی ئەنجام نەدەدا گەر قازانجێكی بۆ خۆی لەنێو گیرفانی دانەنابێت. هێندە گڵاو بوو، موڵكی گشتی بۆخۆیان بەحەڵاڵا و بۆ هاووڵاتییان بە حەرام دەزانی. ڕاوێژ و پرس كردن نەبوو، بە دواداچوون و لێكۆڵینەوە وەك بڤەی لێهاتبوو، ئەوسا دژایەتی كردنی یەكتر مۆدێڵ بوو. لەنێوان ساڵانی تەمەنیدا چی نادادی و نایاسایی بوو ئەنجامیاندا (ئەگەر پێویستی چەند بەرپرسێكیش هەبووبێت)، بەڵام لە كۆتایی تەمەنی ناپەسەندی ئیدارە دەرەكان، خۆرێك هەڵهات.
(2)
دیاری كردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ و خزمەتگوزاری
دوای دەركەوتنی تروسكایی كاندیدی نوێی سەرۆك وەزیران باسە گەرمەكانی رۆژ تەواو ئاوەژوو بوونەوە، لە ئێستاوە دەنگۆی دزی و تاڵانی گۆڕا بۆ پرسی خزمەتگوزاری، بەرپرسان ترسیان لێنیشتووە، كابووسی ئەوان هەڵدانەوەی مەلەفی دزی و تاڵانییەكانیانە لەلایەن كاندیدی نوێی سەرۆك وەزیران، چونكە ئەو كەسایەتییە ناوی بەوە دەركردووە سنوورێك ناناسێت بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و بەتاڵان بردن چ لەلایەن بەرپرسەوە یا لایەنێكی ترەوە بێت، حوكمی یاسا لای ئەو سەروەرە و هەموویان لە سایەیدا دەحەساندەوە وەك ئەو پێیەوە دەناسرا. نمەك حەرامان خۆش خۆش دەكەونە خۆیان و وا دەردەكەوێت لە رووبەروودا خزمەتكارێكی باش بن بۆی و هەوڵی نزیكبوونەوە دەدن لێی، كاندیدی نوێ لە ئێستاوە مۆدێڵی دژایەتی كردنی بە پشگتیری كردن و ئەنجامدانی كاری دەستە جەمعی گۆڕِیوە و دەرفەتی دژایەتی كردنی بۆ هیچ كەس و لایەنێك نەهێشتەوە دەرحەق بەیەكتری.
(3)
ئەوەی هاووڵاتییان دەیانویست هاتەجێ‌
دوای دیاری كردنی كاندیدی نوێی سەرۆك وەزیران، خەڵكی ئێستا داوای خزمەتگوزاری دەكەن، خەمی ئەوان لە خەمی دزی و تاڵانییەوە گۆڕا بۆ خەمی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست و دڵنیایی ژیانیان، ئیدی ئەوان دەڵێن ئەبێ‌ بەرپرس خزمەت بكات، خەمی هاووڵاتی خەمی دەسەڵات بێت و لەگەڵا كۆژانەكانی هاووڵاتییان بەشداری بكەن، هاووڵاتی مافی خۆهەڵكێشانی بەسەر دەسەڵاتەوە هەیە نەك دەسەڵات بەسەر خەڵكی، چونكە بەرپرس خزمەتكاری هاووڵاتییانە. موڵكی گشتی تاپۆكەی بەدەست هاووڵاتییەو موڵكی لایەن و بەرپرسێك نییە، گەر زێدەرۆیی حەڵاڵا بێت، پتر بە هاووڵاتی حەڵاڵە نەك بە بەرپرسان. لە ئێستاوە گوێڕایەڵی بەرپرس بۆ دەستە جەمعی هاووڵاتییان وەك ئەركی لێهاتووە كە جاران گوێڕایەڵی دەستە جەمعی هاووڵاتییان بۆ بەرپرس وەك ئەرك دەردەكەوت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو