سیاسەت لە نێوان ئەزموون و بڕوانامە

مەنسور محی موختار

مەنسور محی موختار

فەیلەسووفی رۆحانی (كۆنفۆشیۆس) لە بارەی ئەهمییەتی ئەزموون لە ژیانی مرۆڤدا دەیگووت: "لە نێوان ئەزموون و خوێندنەوە، ئەزموون هەڵدەبژێرم". فەیلەسووفی یۆنانی (ئەفلاتۆن) لە سەردەمی گەنجیەتی كتێبی (كۆمار)ی نووسی، بەڵام لە تەمەنی ژیری لە زۆرێك لە بۆچوونەكانی پاشگەزبووە و لە كتێبی (یاساكان) دیدو تێروانینەكانی بەهۆی ئەزموونی ژیانكردنەوە گۆڕی. ئەگەر كاریگەری ئەموونی ئینسان لە بواری فكرو فەلسەفە باڵا دەست بێت، ئەوا بۆ بواری سیاسی ئەوا گومانی تێدا كە ئەزموون رۆڵ و كاریگەری گەورەو بەرچاووی هەیە، چونكە لە كورتترین پێناسەیدا، سیاسەت بریتییە لە هونەری حوكمڕانی و ئیدارەدانی وڵات، حوكمڕانیش پێویستی بە مرۆڤی ئەزمووندار هەیە.
قسەی شەقام و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دوای واژووكردنی رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی، بریتییە لە پرسی سەرۆكی هەرێم. لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بوونی (نێچیرڤان بارزانی) بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەنگدانەوەیەكی زۆری درووست كردووە و هەر یەكەی لە روانگەی خۆیەوە لێكدانەوە بۆ بابەتەكە دەكات و كەمیش نین ئەوانەی بە " نەخوێندەوار و بێ بڕوانامە " ناوی دەبەن .
هەمیشە گووتومە، تیری ئیرەی بردن رووی لەو كەسایەتیە مەزنەكانە، كە ئامانجیان بەرەو پێشبردنی كوردستانە، ئەمڕۆش ئەو ئیرەی بردنە سەرۆكی هەرێمی گرتۆتەوە.
ئەگەر چی بەڕێزیان هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسن و دەرچووی بەشی زانستە سیاسیەكانە لە زانكۆی تاران، بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین كە یاسا بڕوانامەی بە مەرجی بوون بە سەرۆكی هەرێم دانەناوە ! ، بۆ ئەمەش ئەو خەڵكەی كە ئەو فەوزایەیان درووست كردووە ئەتوانن یەخەی ئەو حزبانە بگرن كە دەنگیان پێدەدەن و ئەو راپۆرتەیان واژوو كردووە كە تایبەتە بە پرسی سەرۆكی هەرێم .
ساڵی 2015 حزبە سیاسییەكانی كوردستان جگە لە پارتی ، بە یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامییەوە ، راپۆرتێكی چوار قۆڵی و هاوبەشیان لە لیژنەی یاسایی پەڕلەمانی كوردستان واژوو كرد و تیایدا باسیان لە تایبەتمەندیەكانی سەرۆكی هەرێم كرد و چەند مەرجێكیان بۆ بوون بە سەرۆك دیاریكردووە ، كە بریتین لە :
- لێهاتووی تەواوی هەبێت .
- شارەزای سیاسی هەبێت .
- بە تاوانی شەڕەف حوكم نەدرابێت .
- دەست بەرداری پۆستە سەربازی و ئەمنیەكانی بێت .
گەر سەرنج بدەینە مەرجەكان بۆمان دەردەكەوێ كە لەتەواوی خاڵەكاندا بڕوانامە بە مەرج وەرنەگیراوە و ئەو خاڵانەی وەك مەرج دیاریكراون ، هەموویان لە رێزدار نێچیرڤان بارزانی رەنگدەدەنەوە .
ناكرێت ئێمە خۆمان سەرقاڵ كەین بە قسەی ئەو خەڵكانە ، خۆ ئەوەی ئەوان دەیڵێن كەلام اللە نییە ، دڵنیاشم هەرگیز بەڕێزیان بە توانجی ناحەزان بچوك نابنەوە ، بەڵكو مەزنتر دەبن .
بێ گومان لەوەی بەڕێزیان لەم پۆستەش سەركەوتووتر دەبن ، چونكە هەر بەڕێزیانن ئەندازیاری ئاوەدانی و تێكشكێنەری قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكان بوو، ڕام وایە كە مێژووش پێویستە سوپاسگوزاری جەنابیان بن ، چونكە بە تۆماركردنی دەستكەوت و بەرەو پێشبردنی كوردستان سەردانی دەكات . نێچیرڤان بارزانی جگە لە زمانی كوردی، زمانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی باش دەزانێت‌، وێڕای هەموو ئەم خاڵانە، ئەوەی گرنگە بوونی ئەزموونی كاری سیاسییە، ڕاستە سیاسەت زانستە و لە ناوەندەكانی ئەكادیمی دەخوێندرێت، بەڵام بوونی ئەزموونی كاركردن لە بواری سیاسی خاڵێكی زۆر گرنگە، نیچیرڤان بارزانی ماوەیەكی زۆرە لە بواری سیاسی كار دەكات و لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی خاوەنی پێگەیەكی سیاسی و دیپلۆماسی بەرچاوو بووە، ئەمەش دەبێتە خاڵێكی گرنگ بۆ ئیدارەدانی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بەشێوەیەكی سەركەوتووانە، چونكە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم، پۆستێكە لەڕووی دیپۆماسی گرنگی زۆری هەیە بە حزكمی ئەوەی كوردستان گۆرەپانی ڕووداوی سیاسییە و بەردەوام دیپۆماتكارو سەركردەی وڵاتان سەردانی كوردستان دەكەن، بۆیە پێویستە كەسێك ئەم پۆستە بەرێوە ببات كە خاوەنی ئەزموونی كاری سیاسی بێت و پێشتر رۆڵی دیپلۆماتكاری بینێ بێت.

زۆرترین بینراو