چۆن وابكەین قوتابی ترسی لەتاقیكردنەوە كان نەبێت

محەمەد مەحموود


محەمەد مەحموود
هەركاتێك قوتابی گوێبیستی وشەی تاقیكردنەوە دەبێت ترسێكی لەلا دروست دەبێت و باری دەروونی نائارام دەبێت .
تاقیكردنەوە واتا هەڵسەنگاندنی قوتابییە لەو وانانەی كە خوێندونیەتی بەدرێژایی وەرزی خوێندن، بەشێوەیەكی گشتی تاكو ئێستاشی لەگەڵ دابێت ئەو ترسە لای قوتابییان بوونی هەرماوەبەجۆرێك قوتابی وامان هەیە لەخوێندنی رۆژانە زۆرباشە كەچی لەكاتی تاقیكردنەوە و وەڵامدانەوەی پەڕاوی تاقیكردنەوە تووشی نائارامێكی زۆر دەبێت و نمرەی زۆر كەم دەهێنێت و زۆر جاریش لەهەندێ‌ وانە دەكەوێت .
بۆدرووستبوونی ئەم ترسەش چەندهۆكارێك بوونییان هەیە كەوایانكردوە ئەم ترسە لای قوتابی دروست بێت لەكاتی تاقیكردنەوەكان ، لێرە بەپێویستی دەزانم هەندێ‌ لەو هۆكارانە بخەمەڕوو كەوایانكردووە قوتابی ترسی هەبێت لەتاقیكردنەوەكان و چۆن ئەو ترسەش نەمێنێت لای قوتابی.
یەكەم: پێویستە قوتابی بابەتی تاقیكردنەوە بەئاسانی وەربگرێت و خۆی تووشی نائارامی دەروونی نەكات، بەتایبەتی بۆئەو قوتابییانەی كە ساڵی یەكەمیان نییە دەچنە هۆڵی تاقیكردنەوەو ئەزموونێكیان هەیە لەم بارەوە .
دووەم:خۆئامادەكردن پێویستە قوتابی بەشێوەیەكی زۆرباش خۆی ئامادەبكات بۆتاقیكردنەوەكان ئەمەش بەوەدەكرێت كە رۆژانە وانەكانی خۆی بەباشی خوێندبێت و ئەركی رۆژانەی خۆی جێ‌ بەجێ‌ كردبێت، گەرئەو ئامادەكاریە نەبوو بێگومان قوتابی ئەو ترسەی بۆدرووست دەبێت.
سێیەم: ئامادەكردنی پێداویستیەكانی بۆهۆڵی تاقیكردنەوە لەلایەن قوتابییەوە وەك پێبوونی پێنووس، ڕەشكەرەوە، دادەرو تەواوی ئەو پێداویستیانەی كە پێویستە قوتابی لای بن لەهۆڵی تاقیكردنەوە.
چوارەم : لەدڵدەركردنی ترس و دڵەڕاوكێ‌ بەرلەچوونی بۆهۆڵی تاقیكردنەوە .
پێنجەم: كاتێك قوتابییان لەبەردەم هۆڵی تاقیكردنەوە كۆدەبنەوە پێویستە قوتابییان لەمە وشیاربن گوێ‌ بەقسەی ئەمو ئەو نەدەن كە هەریەكە لەخۆیەوە دەڵێت ئەو پرسیارە گرنگە یان ئەو پرسیارە هاتۆتەوە دڵنیام ، لێرە پێویستە قوتابی خۆی دووربخاتەوە تاوەكو دەرگای هۆڵی تاقیكردنەوە دەكرێتەوەو بە دەروونێكی ئارام بچێتە ژوورەوە .
شەشەم: متمانە بەخۆبوون ، زۆر گرنگە قوتابی متمانەی بەخۆی هەبێت كاتێك دەچێتە هۆڵی تاقیكردنەوە نەك بەجۆرێك بچێتە هۆڵی تاقیكردنەوە كە دەروونی رووخاو بێت ، لەهەركارێك مرۆڤ متمانەی هەبوو سەركەوتن بەدەست دێنێت بۆیەپێویستە قوتابی ئازیز بەو پەڕٍی متمانەوە بچیە هۆڵی تاقیكردنەوە .
حەوتەم: كاتێك قوتابی لەماڵ دێتە دەرەوە پێویست ناكات بەدەم رێگاوە خەریكی خوێندن بیت ، چونكە تۆتازە بەرەو تاقیكردنەوە دێت و دەبێت بەرلەهاتنە دەرەوەت لەماڵ ئەو ئامادەكاریەت كردبێت ، نەك لەرێگاو یان چەند خوولەكێك بەرلەتاقیكردنەوە تۆخۆت نائارام بكەی.
هەشتەم: دانیشتن لەناو هۆڵ لەمەشیان پێویستە قوتابی خۆی نەشلەژێنێ‌ باری دەروونی خۆی تێك نەدات.
نۆیەم: پێویستە قوتابی بەهەمووجۆرێك خۆی لەگزی كردن (قۆپیە) بەدووربگرێت و پەنای بۆنەبات چونكە بەهۆیەوە قوتابی لەتاقیكردنەوەكە بێ‌ بەش دەبێت و نیشانەی پرسیار لەسەركەسایەتی درووست دەبێت.
دەیەم: پێویستە لەسەر قوتابخانە كەشێكی هێمن و ئارام لەناو هۆڵی تاقیكردنەوە یان ئەو شوێنەی تاقیكردنەوەی لێ‌ ئەنجامدەدرێت دروست بكات بۆئەوەی قوتابییان بەدەروونێكی ئارام بتووان تاقیكردنەوەكانی خۆیان ئەنجامبدەن.
یازدەم: نابێت هۆڵی تاقیكردنەوە ئەوەندە تووندبكرێت قوتابی نەتوانێت هەناسە بدات وا هەست بكات لەبەندیخانەیە و چاودێرێكی زۆرتووندی لەسەربێت كەنەتوانێت پرسیارێكش بكات گەر بۆبابەتەكەش نەبێت.
دوازدەم: دەبێت مامۆستایانی چاودێر زۆر بەئاگایەوە ئەركی خۆیان جێ‌ بەجێ‌ بكەن لەناو هۆڵی تاقیكردنەوە ئەوەیان لاروونبێت كە زۆرێك لە قوتابییان لەكاتی تاقیكردنەوە بەدەنگێكی زۆركەمیش زنجیرەی بیركردنەوەیان دەپچرێت و وەك پێویست ناتوانن وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە .
سێزدەم: پێویستە قوتابی كاتێك پەڕاوی تاقیكردنەوەی پێدەرێت بەهێمنی سەیری هەموو پرسیارەكان بكات و سەرەتاناوی خۆی بنووسێت ئەوجا دەستبكات بە وەڵامدانەوەی پرسیارەكان ، قوتابی خۆشەویست تۆسەرەتا كامە پرسیاردەزانیت وەڵامدانەوەی ئاسانەو دەتوانی وەڵامی بدەیتەوە ئەو پرسیارە وەڵام بدەوە ، دامەنیشە بەبیركردنەوە لەو وەڵامی ئەو پرسیارەی كەنایزانیت ، باكاتت بەفیرۆ نەڕوات كام پرسیارئاسانە سەرەتا ئەو وەڵام بدەوە دواتر وەرە سەر پریسیارەكانی تر .
چواردەم: نابێت قوتابی پەلەبكات لەوەی یەكەم كەس بێت كەلەهۆڵی تاقیكردنەوە بێتە دەرەوە ئەمە نیشانەی زیرەكی نییە كاتێك قوتابێك زوو تەواو دەبێت ، دەكرێت ئەو قوتابییەی زوو تەواوبووە وەك پێویست وەڵامی پرسیارەكانی نەدابێتەوە تۆچاو لەومەكە بە پێی ئەو كاتەی بۆت دیاریكراوە بۆت هەیە لەهۆڵی تاقیكردنەوە بمێنیتەوە.
پازدەم: زۆر خەفەت بەوە مەخۆ كە وەڵامی پرسیارێك نازانیت یان زۆر بیری لێدەكەیتەوە گەر بەشی دەرچوونت وەڵامداوەتەوە واز لەو پرسیارە بێنە كەبۆتە گرفت بۆت دوای كاتێكی زۆر لە بیرلێكردنەوە كە بەبیرت نێتەوە وازی لێبێنە .
شازدەم: دەبێت هۆڵی تاقیكردنەوە لەكاتی گەرماو سەرما هۆیەكانی فێنكەرەوەو گەرمكەرەوەی تێدا هەبێت بۆئەوەی قوتابی لەكەشێكی ئارام بتوانێت وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە .
حەڤدەم: زۆر پێویستە قوتابی بەرلەوەی لەهۆڵی تاقیكردنەوە بێتە دەرەوە ،پێداچوونەوەێكی ورد بە پەراوی تاقیكردنەوەكەیدا بكات دڵنیا بێتەوە لەنووسینی ناوی خۆیو وەڵامی پرسیارەكان ، زۆر جار بەهۆی پێدانەچوونەوە قوتابی وەڵامی پرسیاری لەبیركردوە لەگەڵ ئەوەی وەڵامەكەشی زانیووە ، ئەمەش زیاتر ئەركی مامۆستای چاودێرە كەئەویش پێداچوونەوە بكات بەپەراوی تاقیكرنەوەی قوتابی بەرلەوەی قوتابی لەهۆڵی تاقیكردنەوە دەر بچێت .
چەندین خاڵی تر ماون گەر ئاماژەیان بۆبكەین لەسەر چۆنیەتی درووست بوونی ترس لەتاقیكردنەوەكان و كەم كردنەوەی كاریگەریەكانی ئەو ترسە لای قوتابی ، ئەوانەی باسم لێوەكردون خاڵە سەرەكیەكانن، چەند رۆژێكە قوتابییان دەستیانكردووە بەئەنجامدانی تاقیكردنەوەی وەرزی دووەم لەخولی یەكەم بەو ئومێدەم قوتابییانی خۆشەویست لەتاقیكردنەوەكان سەركەوتووبن و ئەنجامی زۆر باش بەدەست بێنن.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو