خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان لە ئەولەویەتی كارەكانی فراكسیۆنی پارتی دەبێت

خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان لە ئەولەویەتی كارەكانی فراكسیۆنی پارتی دەبێت

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەو خولەی پەرلەمان جیاواز دەبێت لەگەڵ خولەكانی رابردوو و حكوومەت چاكسازی لە هەموو سێكتەرەكان دەكات، خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانیش لە ئەولەویەتی كارەكانی فراكسیۆنی پارتی دەبێت.
سوسەن گەردی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ زاری كرمانجی دەڵێ:" هەموو پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بە گۆڕوتینێكی زۆرەوە هەوڵدەدەن قەرەبووی كاری رابردووی پەرلەمان بكەنەوە، كە بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و چەند كێشەیەكی دیكە پەرلەمان وەكو پێویست نەیتوانی بە كارەكانی خۆی هەستێت، بۆیە هەموو هەوڵ و توانای خۆمان دەخەینەگەڕ، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین، چونكە خەڵكی هەرێم شایەنی لەوەی كە هەیە زیاترە.
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی دەشڵێ:" لە بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانیش هاتووە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان لە ئەولەویەتی كارەكانی فراكسیۆنی پارتی دەبێت، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەین كە بتوانین خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین، بە هەماهەنگی و پشتگیری حكوومەت دەتوانین زیاتر خزمەتی خەڵك بكەین و ئەو پرۆژانەی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندانە دەربكەین و بكەینە یاسا".
گەردی، ئاشكراشی كرد:" ئەو خولەی پەرلەمان جیاواز دەبێت لەگەڵ خولەكانی رابردوو و لە هەموو سێكتەرەكاندا چاكسازی دەكرێت، ئێمەش وەكو پەرلەمان بەوردی چاودێری حكوومەت دەكەین و هاوكاریش دەبین، پێویستە هەماهەنگیەكی زۆر باش لە نێوان حكوومەت و پەرلەماندا هەبێت".

زۆرترین بینراو