ئەو خولەی پەرلەمان جیاواز دەبێت لەگەڵ خولەكانی رابردوو

ئەو خولەی پەرلەمان جیاواز دەبێت لەگەڵ خولەكانی رابردوو


ئا: شێروانی
سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئۆمێدێكی زۆرمان هەیە كە ئەو خولەی پەرلەمان جیاواز دەبێت لە خولەكانی رابردوو، ئەو پرۆژانەی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندان دەردەكرێن، چونكە خەڵكی كوردستان شایەنی زۆر لەوە زیاترە.
سوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان بە هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوت:"ئۆمێدێكی زۆرمان هەیە كە ئەو خولەی پەرلەمان جیاواز دەبێت لە خولەكانی رابردوو، چونكە خەڵكێكی نوێ هاتۆتە ناو پەرلەمان، ئەوانیش هەموو بەڵێنیان داوە كە جیاواز لە خولەكانی رابردوو كار بكەن و ئەو پرۆژانەی كە لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندان پێشكەش بكەن، بۆیە ئەو خولە جیاواز دەبێت، بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و بارودۆخێكی باشە، بۆیە دەرفەتێكی باش هاتۆتە پێش كە ئێمە وەكو پەرلەمانتار بتوانین دەوری خۆمان ببینین، حكوومەت دەوری خۆی ببینێت، چونكە قەیرانی دارایی نەماوە، شەڕی داعش نەماوە، بۆیە ئەگەر ئێمە بمانەوێت دەتوانین زۆر شتی باش بكەین و زۆر پرۆژە یاسای باش دەربكەین، هەموو پەرلەمانتارانیش هەر ئەو ئۆمێدەیان هەیە، بۆیە پێموایە ئەم خولە جیاواز دەبێت و ئەو پرۆژانەی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندان دەردەكرێن، چونكە خەڵكی كوردستان شایەنی زۆر لەوە زیاترە، چونكە بە درێژای مێژوو خەڵكی كوردستان قوربانی داوە، ئاوارە و دەربەدەر بووە، بۆیە ئۆمێد دەكەین هەرچی زووە هەموو لایەنەكان بگەنە رێككەوتن و بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان لەبەرچاو بگرن، بۆ ئەوەی ئێمەش وەكو پەرلەمان بتوانین بە باشترین شێوە كاری خۆمان بكەین.
سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان، ئاشكراشی كرد:" لە هەموو سێكتەرەكاندا چاكسازی دەكرێت، ئێمەش وەكو پەرلەمان بەوردی چاودێری حكوومەت دەكەین و هاوكاریش دەبین و پێویستە هەماهەنگیەكی زۆر باش لە نێوان حكوومەت و پەلەماندا هەبێت.

زۆرترین بینراو