نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا دۆخی كوردستان و ناوچەكە تاوتوێ كرد

نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا دۆخی كوردستان و ناوچەكە تاوتوێ كرد

زاری كرمانجی: بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە بەگشتی، ڕەوشی ئاوارەكانی دەستی تیرۆر و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكای تاوتوێ كرد.

شاندەكە پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و نەبەردیی حكوومەتی هەرێم و پێشمەرگەی كوردستانیان لە ڕوبەڕووبوونەوەی داعش و حەواندنەوە و پاراستنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران بەرز نرخاند، هەروەها دۆستایەتیی ئەمەریكایان بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

لە كۆبوونەوەیەكەدا كە ئێوارەی پێنجشەممە 25/4/2019 لە هەولێر بە ئامادەبوونی بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ستیڤ ڤاگن كونسولی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لە خواستی هەرێمی كوردستان بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمەریكا كردەوە، هەروەها سوپاسی هاوكارییەكانی ئەمەریكای بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعشدا كرد و ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەكی تیرۆر نیشان دا، لەمبارەیەشەوە هەماهەنگی و هاوكاریی هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانانی بەپێویست زانی.

بەڕێزیان پوختەیەكی دەربارەی بەرەوپێشچوونەكانی دۆخی ئابووریی هەرێم و تێپەڕاندنی قەیرانەكانی ساڵانی ڕابردوو پێشكەش كرد و داوای لە وڵاتانی دۆست كرد سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن و هاوكاری حكوومەتی هەرێم بن لەو ڕیفۆرمانەی لە بوارە جیاوازەكاندا دەستیپێكردووە.

تاوتوێكردنی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانبەركەوتووەكانی شەڕی داعش، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، پەیوەندی و گفتوگۆكانی هەولێر ـ بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگەوە، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

زۆرترین بینراو