"بە سەدان زێدەڕۆیی سەر كارەبای نیشتمانی بڕدراون"

"بە سەدان زێدەڕۆیی سەر كارەبای نیشتمانی بڕدراون"

"پڕۆژەیەكی كارەبا بە گوژمەی زیاتر لە 13 ملیار دینار جێبەجێ‌ دەكرێت"

 

دیدار-محەمەد هەسنانی

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای ئیدارەی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی دا تیشك دەخاتە سەر كاروپڕۆژەكانیان و دەشڵێت:" تەنها لە ماوەی ئەو چەند مانگەی رابردوودا بە سەدان زێدەڕۆیی سەر كارەبای نیشتمانی بڕدراون و پێوەری زیرەكیش كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر كەمكردنەوە و نەهێشتنی زێدەڕۆییەكانی سەر تۆڕەكانی كارەبا.
لە بەردەوامی قسەكانیدا ئەندازیار فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: "پڕۆژەی دانانی پێوەری زیرەك، بۆ هاوبەشانی كارەبا لە شارو شارۆچكەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كاریگەری باشی هەبووە، لەسەر كەمكردنەوە و نەهێشتنی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبای نیشتمانی، ئەو پێوەرانەش لە سنووری قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، رواندز و چۆمان) و ناحیە و گوندەكان دانراون، لە قۆناغی كۆتایدان تەنها چەند شوێنێك ماوە پێوەریان بۆ دابنرێت، بۆ ئەوانیش لە چاوەڕوانی گەیشتنی پێوەرەكانین و هەندێك كاری هونەری ماوە بۆ ئەوەی لە تەواوی ئەو شوێنانە دابنرێن، پڕۆژەكەش تا راددەیەكی باش سەركەوتوو بووە و توانراوە كێشە و گرفتەكانی كوژانەوەی كارەبای هاووڵاتییان چارەسەر بكرێت، كە تیمێكی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كار لەسەر تەكنیكی ئەو پێوەرانە دەكەن".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای ئیدارەی سۆران، ئاشكراشی دەكات" تەنها لەماوەی ئەو چەند مانگەی رابردوودا بەسەدان زێدەڕۆیی سەر كارەبای نیشتمانی بڕدراون، رۆژانەش تیمەكانمان بە هاوكاری پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان و ئیدارەی شار و شارۆچكەكان، بۆ نەهێشتن و بڕینی ئەو زێدەڕۆییانەی سەر كارەبای نیشتمانی لە ئەركدان، هەركەسێكیش زێدەڕۆیی كردبێت، لەگەڵ بڕینی زێدەڕۆییەكان رووبەڕووی سزای پێبژاردنی دارای دەبنەوە و بەڵێنامەشیان لێوەردەگیرێت، ئەگەر هاتوو سەرپێچیەكانیان دووبارە كردەوە سزاكەیان زیاتر دەكرێت".
ئەندازیار فەیسەل حوسێن، ئاماژەی بەوەشكرد " لە درێژەی كار و پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ باشتر كردنی كارەبا و گەیاندن و نوێكردنەوە و زیاتركردنی تۆڕەكانی كارەبا، چەندین پڕۆژەی گرنگ و پێویست جێبەجێكراون، لە ئێستاشدا پڕۆژەی راكێشانی هێلی 132 كەیڤی لە نێوان (سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران) كاركردنی تێدا بەردەوامە و بە تەواوكردنی پڕۆژەكە تا راددەیەكی باش كێشەو گرفتەكانی كەمی ڤۆڵتی كارەبا چارەسەر دەكرێت، هەروەها لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە تۆڕەكانی كارەبای هەرێم بۆ یەكەمینجار دەگەیەندرێتە ناحیەی حاجی ئۆمەران، كە تائێستا لە ئێرانەوە كارەبا بۆ ئەو ناحیە دابینكراوە و بەشێوەی فرۆشیاری".
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەوەشی گوت:" گوژمەی ئەو پڕۆژەیە بریتییە لە زیاتر لە 13 ملیار دینار، لەلایەن كۆمپانیای هێرۆ ماوەیەكە دەست بە جێبەجێ كردنی كراوە، هەرچەندە ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەكە بریتییە لە 300 رۆژ، بەڵام  وەك دیارە كارەكان زۆر بە خێرایی بەڕێوەدەچن بەمەش زووتر تەواو دەكرێن، ئەمەش بە یەكێك لە پڕۆژە گرنگ و گەورەكانی كارەبا لە سنوورەكە هەژمار دەكرێت".