"خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا ماڵی چەند كەسی خراپ كردووە"

"خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا ماڵی چەند كەسی خراپ كردووە"

دیمانە محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: ساڵ بە ساڵ ئامارەكانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و جیابونەوەی هاوسەران و خراپ بەكارهێنانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، لە باشوری كوردستان رووی لە زیاد بوندایە، ئەم توندوتیژیانەش لەكاتێك دایە سەرە رای بوونی چەندین رێكخراوی تایبەت بە مافی ئافرەتان و كەچی جیابونەوە و توندوتیژی بەردەوامی هەیە، ئامارەكان ئەومان پێدەڵێن لە ماوەی 7ساڵی رابردوو 53 هەزار حالەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە باشووری كوردستان تۆماركراون، بۆ زیاتر گفتووگۆكردن لەسەر بەرزبونەوەی رێژەی تەڵاق و ئەو كێشەوگرفتانەی تووشی ئافرەتان دەبێت پارێزەر كارزان هەنارەیی، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا وەڵامی چەند پرسیارێكی هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەداتەوە.
*بۆچی ئافرەتان زیاتر لە پیاوان توشی توندوتیژی ئەبنەوە؟
ئافرەت بە بەراورد بە پیاو لە روی بایلۆژی و جەستەیەوە جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ پیاو هەتا لە روی بڕیاردان و هەڵسوكەوت و ئەمانەو چەندان هۆكاری تر و جیاوازیەكان وایان كردوە ئافرەت زیاتر توندوو تیژی بەرامبەر بكرێت.
*لە ئێستادا كێشەی ئافرەتان زیاترچین؟
ئافرەتان لە ئێستادا زیاتر بەهۆی گۆڕانكاریەكانی ناو كۆمەڵگەوە دەناڵینن و تا دێت جیاوازیەكان زیاتر دەبن لە نێوان پیاو و ئافرەت لە شێوازی بیركردنەوە و بڕیاردانیان.
*ئافرەت تا چەند بەرپرسیارە لەو توندوو تیژیەی كە بەرامبەری ئەكرێت؟
ئافرەت تاوەكو رادەیەكی زۆر بەرپرسیارە لەو توندوو تیژیانەی بەرامبەری دەكرێت بە جۆرێك هەر لە ساتی هەڵبژاردنی بەرامبەرەكەی تاوەكو دەگاتە قۆناغی هاوسەرگیری و وەچە خستنەوە، بەشێكی زۆر لە ئافرەتان جاری وا هەیە دەبنە هۆكاری توندوو تیژیكردن بەرامبەر بە ئافرەتانی تر.
*ئایا یاسا تا چەند بە ئەركی خۆی هەڵەستێ كاتێ تووندوو تیژی بەرامبەر ئافرەتێك ئەكرێت وەكاتێ ئەو ئافرەتە مافی زەوت كراوەو مافی خوراوە؟
دادگاكان بە پێی یاسا تا رادەیەكی باش توانیانە كێشەو گرفتەكان لەو بوارە چارەسەر بكەن، بەڵام دەتوانین بڵێین هەموو ئەو ئافرەتانەی توندووتیژیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت هۆشیاری یاسایان نیە یانیش دەترسن لەوەی بچنە بنكەی پۆلیس و یا دادگاكان ئەوان واتێدەگەن لە روی كۆمەڵایەتییەوە كۆمەڵێك گرفتی تریان بۆ دروست بێت، بۆیە زۆر گرنگە هۆشیاری یاسایی گرنگی زیاتری پێ بدرێت بەگشتی تەكەنەلۆژیا ماڵی زۆر كەسی وێرانكردوە لەبەر خراپ بەكارهێنانەكەی.
*ئایا وەسیلەكانی پێشكەوتن بۆچی ئەبێت ببێتە وەسیلەیەك بۆ ئەوەی توندوو تیژی بەرامبەر ئافرەت پێ ئەنجام بدرێت؟
هەمیشە پێشكەوتن چەند كاری گەری باشی هەبێت ئەوەندەش كاری گەری خراپی هەبوە، لەبەر خراپ بەكار هێنان و لاسی كردنەوەی هەندێك شت كە دورە لە دابونەریت لایەنی بەرامبەر لەوانیە ئەو جۆرە گۆڕانكاریەی پێ هەزم نەكرێت و ببێتە هۆكاری توندوو تیژی بۆیە خۆ بەدوورگرتن لە خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی گەیاندن تاكە رێگەیە بۆ كەمبوونەوەی رێژەی جیابونەوەی هاوسەران و تووندووتیژیەكان.
* هیچ چارەسەرێك هەیە بۆوەستاندنی توندووتیژی بەرامبەر ئافرەتان، یان هیچ رێگریەك هەیە بتوانێ ئەم توندوو تیژیە بوەستێنێ و لەناو ناخی ئەم كۆمەڵگایە دەری بهێنێت؟
سەبارەت بە چارەسەركردن یان بڵیی كەمكردنەوەی توندوو تیژی دژی ئافرەتان، بەڕێوبەرایەتی توندو تیژی دژی ئافرەتان هەیە لەگەڵ دادگاكان و لایەنە پەیوەندی دارەكان دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر ببین لە كەمكردنەوەی ئەو دیاردەیەو و چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتیەكان و لێك نزیكردنەوەی ژن و پیاو ، بە گشتی ئەگەر هەموو لایەك بەیەكەوە كار بكەن، دەتوانرێت ئەو دیاردەیە كەمبكرێتەوە بەڵام زۆر ئەستەمە بە یەكجاری لە رەگی كۆمەڵگەوە دەر بهێنرێت.
*كێ ڕێگرە تا ئافرەت لە كۆمەڵگە رۆڵ ببینێت، كلتووری پیاو سالاری لە كۆمەڵی كوردەواری لایەنە سیاسیەكان ئاین خێزان؟
دەتوانین بڵێین لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و عێراق ئافرەت رۆڵێكی گرنگ دەبینێت و رێگریەكان بەو شێوە نین لە كاركردن و ناو كایەی سیاسی و حزبی و ئیداری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام پێویستە كاری زیاتری لەسەر بكرێت و هاوسەنگی نێوان پیاو و ئافرەت بپارێزرێت تاوەكوو بەر یەك كەوتن و كلتووری پیاو سالاری بەرەو كەمی بڕوات نەك زیاتر بێت.
*ساڵانە رێژەی تۆماركردنی توندو تیژی دژ بە ئافرەتان بڵاو دەكرێتەوە رێژەكە بەرزەو مەترسی دارە هۆكارچیە؟
زیاد بونی توندو تیژی پەیوەندی بە گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانەوە هەیە ئەوەندی كار لەسەر لاسایی كردنەوەی كلتووری بیانی و گۆڕینی و بیركردنەوەی ئافرەت كراوە ئەوندە كار لەسەر بیركردنەوەی پیاو كەمكردنەوەی جیاوازی نێوانیان نەكراوە.
*زیادبوونی رێكخراوەكان و بەڕێوەبەرایەتی و نوسینگەكانی تایبەت بە ئافرەتان تا چەند بەگرنگ دەزانی؟
زیادبونی رێكخراوەكان و ئەو بەرێوەبەرایەتی و نوسینگانەی كار بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەكەن هەمیشە پێویستە پەرەوی پێ بدرێ و كاری باشی لەسەر بكرێت و نمونەی زۆر باش هەیە كە خزمەتی بە بەرژەوەندی گشتی كردوە، بێگومان دەتوانن رۆڵ و كاریگەری باشیان هەبێت لە هاوسەنگی نێوان ژن و پیا و پەیوەندیە كۆمەڵاتیەكان.
*ئایە جیابونەوەی هاوسەران چ كاری گەری دەبێت لەسەر دەرونی منداڵەكان؟
لە هەر روداوێكی توندو تیژی و جیابونەوەی نێوان هاوسەرەكان قوربانی یەكەم منداڵەكانن كە نەك هەر كار لەسەر دەرونیان دەكات، بگرە گۆڕانكاری بەسەر ژیانیاندا دێت و تووشی هەزاران گیر و گرفت و ژیانێكی سەخت دەبنەوە بۆیە هەق وایە هاوسەران بەر لەوەی بڕیاری جیابوونەوە بدەن بیر لە چارەنووسی منداڵەكانیان بكەنەوە كە لەدوای جیابونەوەیان چۆن سەر گەردان دەبن.

زۆرترین بینراو