"پرۆگرامی ئەو زانكۆو پەیمانگایانەی كە بیركاریان تێدا ئەخوێندرێت سیستەمێكی گونجاوە"

"پرۆگرامی ئەو زانكۆو پەیمانگایانەی كە بیركاریان تێدا ئەخوێندرێت سیستەمێكی گونجاوە"

لە وتووێژێكدا بێوار بێشەیی، هەڵگری ماستەر لە زانستی بیركاری تایبەت بە زاری كرمانجی رایگەیاند: "زۆرجار ئەبیستین بیركاری بابەتێكەو بەكارهێنانی نییە! بە پێچەوانەوە بیركاری بەستراوەتەوە بە ژیانی ڕۆژانەی هەر كەسێكەوە كە ئەیەوێت كارێك بكات و لەو ڕێگەیەوە قازانجی دەستكەوێت، بیركاری ڕۆڵیكی باشی بۆ دەگێڕێت بۆ ئەوەی شێوازو چۆنیەتەكەی بزانێت".
وتووێژ- سوبحان شكۆ
لە دەستپێكی وتووێژەكەدا بێوار بێشەیی پێناسی زانستی بیركاری كرد و ئاماژەی بۆ سوودەكانی بیركاری كرد: "بیركاری یا بە ئینگلیزی (Mathematic)خوێندنی چەندێتی و پێكهاتە و گۆڕانە، زانایانی بیركاری و فەیلەسوفان ڕای جیاوازیان هەیە لەسەر پێناسەی بیركاری. لەوانە، بێرتراند ڕەسڵ دەڵێت: بیركاری بریتییە لە ژیربێژیی هێمایی (ڕەمزی).لە لایەكی ترەوە، ئەلبێرت ئەنیشتاین، دەڵێ: "تا ئەو شوێنەی كە یاساكانی بیركاری ئاماژە بە ڕاستەقینە دەدەن، بێگومان نین، وە تا ئەو شوێنەی كە بێگومانن، ئاماژە بە ڕاستەقینە نادەن.
زانستی بیركاری هەر ڕۆژ لە گەشە و پەرەسەندندایە، لە گۆڕەپانەكانی ژماردن، پێواندن، توێژینەوەی ڕێكخراوانەی شێوە ئەندازەیی، وە جووڵەی شتە فیزیكییەكان هەر ڕوژ بەربڵاوتر و بەرینتر ئەبێتەوە.بیركاری بە دایكی زانستەكان ناسراوەو دەست بۆ هەر زانستێك بەریت ڕەگێكی بیركاری تێدا ئەدۆزیتەوە.
سوودی بیركاری بۆ قوتابی زۆرە لەوانە(گەشەبەتوانای بیركردنەوەی قوتابی دەدات و وادەكات خێراتر بیربكاتەوە، وا لە قوتابی دەكات بیركردنەوەیەكی شیكاریانەی بۆ كێشەكان هەبێت، ئەم جۆرە بیركردنەوەیەش گەشە بە تواناكان دەدات و وا دەكات بەدوای ڕاستی ئەو شتانە بگەڕێت كە لە دەوروبەریدان".
بێشەیی، لە درێژەی گووتەی كانیدا لەبارەی گۆرینی وانەی بیركاری پۆلە سەرەتاكان لە كوردییەوە بۆ زمانی ئینگلیزی ئەمەی خستەڕوو: "وەك دەزانین زمانی ئینگلیزی زمانێكی جیهانیەو ئەمڕۆ وەك پێویستییەكی سەرەتایی لێهاتووە، سەبارەت بە گۆڕینی زمانی بیركاری لە كوردیەوە بۆ ئینگلیزی پێم وانییە كێشەیەكی ئەوتۆ بۆ قوتابیان درووست بكات، چونكە بیركاری سرووشتی وایە كە نووسین بەشێوازێكی زۆر كەم تیایا بەكاردێت، بەڵام گرنگیشە ئەو كۆمەڵە وشانە كە لە بیركارییە سەرەتاییەكاندا بەكاردێن ئەگەر لە وانەی ئینگلیزیەكەیانا ئاماژەی پێدرابێت هاوكاری باشتریان دەكات لە تێگەیشتن بە شێوازێكی ئاسانتر. هەروەك چەند ساڵێك لەمەوبەر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە گۆڕینی سیستەمی خوێندن بۆ سیستەمی سویدی، كە ڕەنگە هیچ سیستەم و مەنهەجێك تەواو بێ كێشە نەبێت، بەڵام ئەمە واناكات كە سیستەمەكە ڕەتكەینەوە، بەڵكوو ئەبێت بەدوای چارەسەری گرفتەكان و كەموكوڕیەكانەوە بین، خاڵی تێڕامان لەم مەنهەجانە بریتیین لە زۆری و بۆری بابەتەكان بەتایبەت لە پۆلە سەرەتاییەكاندا كەبەشێك لە قووتابییان ئاستیان لاوازەو توانای تێگەیشتنیان كەمە، وە نەبوونی مامۆستایەكی باش و پسپۆڕ لە بوارەكە ئەمە كێشەكە بۆ قوتابی گەورەتر دەكات، بەڵام ئەگەر شتەكان بە ڕێكخراوی و پلان بۆ داڕێژیەوە بڕۆن بەڕێووە، ئەوا بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی گرفتەكان كەم ئەبنەوە، من خۆم بینیومە پرسیار هەبووە مامۆستا لەو پۆلە سەرەتاییانەدا نەیتوانیووە شیكارێكی گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە، هەرچەند وەك چارەسەر ئەكرا مامۆستاكان ڕاهێنرابان لەسەر سیستەمە تازەكە تا بە ئاسانی بیانتوانیبوایە بەسەر كۆسپەكاندا زاڵ بن.
سەبارەت بە پرۆگرامی ئەو زانكۆو پەیمانگایانەی كە بیركاریان تێدا ئەخوێندرێت، پێم وایە سیستەمێكی گونجاوەو لە زۆرێك لە وڵاتان هەمان شت جێبەجێ دەكرێت، زۆرجار جیاوازیەكی كەم ئەبینین لە نێوان زانكۆكانی هەرێم ئەوەش شتێكی ئاساییە (وەك خوێندنی وانەیەك لە زانكۆیەك و خوێندنی وانەیەكی تر لە زانكۆیەكی تر)".
ناوبراو لەبابەت ئەو قوتابیانەی زۆرجار وانەی بیركاری بەلایانەوە تا رادەیەك تاقەت بەرە، خولق و حەزیان بۆ وانەكە كەمە یاخود هەر نییە زیاتر گووتی: "ئەگەر لە سەرەتایی چوونی قوتابی بۆ خوێندنگاكانەوە دەست پێ بكەین، ئەزانین كە قوتابی كەمترین زانیاری هەیە لەسەر گشت بابەتەكان بە گشتی یا هەر نییەتی، بۆیە ئەركی مامۆستایە كە دەست بكات بەوەی هەر لەیەكەم وانەوە حەزی قوتابی بۆ وانەكەی بجوڵێنێت و وای لێ بكات تامەزرۆی دووبارە خوێندنی وانەكە ببێتەوە، ڕۆلێكی گەورە لەسەر شانی مامۆستایە كە پێی هەڵبستێت، من وەك خۆم هەمیشە هەوڵم داوە لە وانەی یەكەمی گشت ساڵێكی خوێندن كە پێناسە و باكگڕاوندێكی وانەكە بۆ قوتابیان باس بكەم و لەو وانەیەدا ناچمە ناو كڕۆكی بابەتەكان، تا قوتابی زانیاری لەسەر بابەت و شێوازی ئەو وانە نوێیەدا وەربگرێت، ئەمەش تا ڕاددەیەكی زۆر یارمەتی دەریان ئەبێت لەوەی هەر لەیەكەم وانەوە ڕوویەكی گران و ناخۆش نەكەوێتە سەر وانەكەوە. هەروەها ڕێگاكان بۆ تێگەیشتن لە هەر بابەتێك بە شێوەیەكی باش و ئاسان، بریتییە لەوەی: قوتابی گوێگرێكی باش بێت لەناو پۆل، خۆی فێری شێوازەكانی خوێندنی بیركاری بكات، چونكە زۆر جار نەزانینی شێوازی خوێندن، وانەكە بەلای قوتابییەوە زەحمەتتر دەكات و ناتوانێت بە ئاسانی لێی تێبگات، دواتر كە گەڕایەوە ماڵەوە كات تەرخان بكات بۆ ئەو بابەتەی كە مامۆستا باسیكردبوو دوبارە بیخوێنێتەوە بە بەكارهێنانی پێنووس و كاغەز نەوەك خوێندن تەنها بە چاو، ئەو پرسیارانەش شیكار بكات كە مامۆستا وەك ئەرك ئەیدا پێیان، وە خوێندنی بە كۆمەڵ لەگەڵ هاوپۆلەكانی بەشێوەیەكی ڕێكخراو، ئەمانە ڕێگاگەلێكی گونجاون بۆ ئاسان تێگەیشتنی وانەی بیركاری.
بێوار بێشەیی، هەڵگری ماستەر لە زانستی بیركارییدا لە كۆتایی وتووێژەكەیدا گرنگی بوونی سەنتەر و نێوەندی فێركاری و پێگەیاندن بۆ وانەی بیركاری خستەڕوو: "هەبوونیان گرنگەو پێویستیەكی هەنوكەییە، بەو مەرجەی بە پێوەرە زانستییەكان بڕۆن، بە تایبەت بۆ ئەو قوتابیانەی كە ئەگەن بە قۆناغە هەستیارەكانی خوێندن، چونكە زۆر جار قوتابی لەپشووی هاویندا دەتوانێت بەهۆی ئەم سەنتەرانەوە زانیارییەكی باش لەسەر تەواوی بابەتەكانی كۆكاتەوە. بۆ هەر بابەتێك پێویستیەكی حەتمیە كە مامۆستا خاوەن بڕوانامەی تایبەت بێت لەو بوارەی كە وانەی تێدا دەڵێتەوە، ئەمەش لەلایەن بەشێك لە قوتابخانەو سەنتەرەكانی فێركردنەوە پشتگوێخراوە، كە بەداخەوە خۆم ئاگادار بووم كە مامۆستا پسپۆڕیەكەی زۆر دوور بووە لە بیركاری كەچی لە یەكێ لە سەنتەرەكان بابەتی بیركاریان دابوو پێی، وە لە زۆرێك لە قوتابخانەو خوێندنگاكانیش ئەم حاڵەتە ماوە و كاردانەوەیەكی نەرێنیان دەبێت بۆ حەزو خولیای قوتابی بۆ بابەتەكە".

زۆرترین بینراو