"ھیچ شتێك سەرسامم ناکات"

"ھیچ شتێك سەرسامم ناکات"

دەق/ مەحمود دەرویش

وەرگێڕانی/ ڕۆزا حەمە ساڵح

 

ھیچ شتێك سەرسامم ناکات
گەشتیاری ناو پاسەکە ئەڵێ: نە ڕادێۆ و نە ڕۆژنامەی بەیانیان، نە قەڵای سەر گردەکان.
ئەمەوێت بگریم.
شۆفێرەکە ئەڵێ: چاوەڕوان بە
ھەتا دەگەینە ویستگەکە،
ئەو کات بە تەنھا چەند ئەتوانی بۆ خۆت بگری.

خانمێك ئەڵێ: ھەروەھا منیش،
ھیچ شتێك سەرسامم ناکات.
نازی کوڕەکەم لە سەر گۆڕەکەم ھەڵگرت،
سەرسام بوو و خەوی لێکەوت،
ئیدی ماڵئاوایی لێنەکردم.

خوێندکارێکی زانکۆ ئەڵێ: منیش،
ھیچ شتێک سەرسامم ناکات.
ئارکۆلۆژیام خوێند بە بێ ئەوەی لە بەردا
ھیچ شوناسێك بدۆزمەوە،
ئایا بە ڕاستی ئەوە منم؟

سەربازێ ئەڵێ:ھەروەھا منیش،
ھیچ شتێك سەرسامم ناکات.
ھەمیشە گەمارۆی تارمایی ئەدەم و
گەمارۆم ئەدا!

شۆفێرە توڕەکە ئەڵێ: ئەوا ئێمە
لە کۆتا ویستگەکەمان نزیک بوینەوە،
ئامادەبن بۆ دابەزین....
ھەموو ھاوارئەکەن: ئەمانەوێت
لە دوای کۆتا ویستگەش بڕۆین،
لێخوڕە!

بەڵام من وتم: لێرەدا دامبەزێنە،
منیش وەك ئەوان ھیچ شتێك سەرسامم ناکات،
بەڵام ماندوو بووم لە گەشت

زۆرترین بینراو