" ئەگەری رووبەروو بوونەوەی سەربازی لەهەموو كاتێك زیاترە"

" ئەگەری رووبەروو بوونەوەی سەربازی لەهەموو كاتێك زیاترە"

ئەیووب كەریمی، خاوەن بڕوانامەی دكتۆرای زانستی سیاسی، لە نێوان ساڵانی 2011 هەتا 2016 لە زانكۆكانی ئێران مامۆستا بووە. لە ساڵی 2016 هەتا ئێستا مامۆستای زانكۆی سۆرانە.
ئەو مامۆستایە لە بارەی دۆخی ئاڵۆزی ئێران و ئەمریكا و ئەگەرەكانی روودانی شەڕ و پێگەی هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستانی لەگەڵ زاری كرمانجی گفتووگۆ كرد.
دیمانە: بەرەڤان شاكر
* ئایا ئەگەری ئەوە هەیە گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا شەڕی لێ بكەوێتەوە؟
- ئەگەری شەڕ لە ئێستادا لە هەموو كاتێك زیاترە، چونكە هەردوو لایەن گەیشتوونەتە لوتكەی ناكۆكی، هەرچەندە ئێران هەوڵدەدا هەتا ئەو جێگایەی بۆی دەكرێ خۆی لە شەڕ بپارێزێ، چونكە تێچووەكانی وەها شەڕێك ئەوەندە زۆرە كە كۆمەڵگە و ئابووریی ئێران ناتوانێ بیدا.
بەڵام سیاسەتەكانی ئێران لە ناوچەكە (پڕۆژەی ئەتۆمی، دژایەتی لەگەڵ ئیسڕائیل، لایەنگری لە ئیسلامی سیاسی و گرووپە چەكدارەكانی ناوچەكە و حكوومەتە دژە ئەمریكاییەكانی جیهان) و سیاسەتەكانی ئەمریكا (لایەنگری لە ئیسڕائیل و هاوپەیمانەكانی، گەمارۆكانی سەر ئێران و میلیتاریزەكردنی ناوچەكە) بووەتە هۆی نیزیكبوونەوەی ئەم دوو دەوڵەتە لە شەڕ.
ئەگەر یەكێك لە لایەنەكان لە هەڵوێستەكانی خۆی پاشەكشە نەكا، لەوانەیە هەر لەم هاوینەدا شەڕێك ڕووی بدا، ئەگەرچی شەڕی ئەمریكا سنووردار و ئاسمانی دەبێ و شەڕی ئێران شەڕی بەنیابەت و ناهاوسەنگ.
* كوردستان لە كوێی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا دایە؟
- گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە كوردستانەوە نییە، بەڵام بە سەرنجدان بە پەیوەندیی نزیكی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا، ئەگەر ئەمریكا بییەوێ لە پێگەكانی خۆی لە باشوور بۆ هێرشی سەر ئێران كەڵك وەرگرێ، ئەگەری ئەوە هەیە كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران بشێوێ یا تووشی شەڕی راستەوخۆ بن، چونكە ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ ناتوانێ بەرەوڕووی ئەمریكا بێتەوە هەربۆیە هەوڵدەدا لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بدا هەتا هاوكێشەكە بە قازانجی خۆی بگۆڕێ.
* ئایا پڕیشكی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریكا كوردستانیش دەگرێتەوە؟
- ئەوە پەیوەندی بە هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە. هەروەك گووتم ئەگەر هەرێمی كوردستان مۆڵەتی كەڵك وەرگرتن لە پێگەكانی ئەمریكا لە باشوور بدا، كوردستانیش تێوەردەدرێ.
بەڵام ئەگەر خۆی بێلایەن بكا و تەنێ بیەوێ لە دەرفەتەكانی وەها شەڕێك بە قازانجی خۆی كەڵك وەرگرێ، نەك شەڕ بەرۆكی كوردستان ناگرێ بەڵكوو لەڕووی ئابوورییەوە دەتوانێ بە قازانجی هەرێمی كوردستان بێ.
* ئایا ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە كە بەرژەوەندیی هاوبەشی سیاسی و ئابوورییان لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە هەیە؟
- ئەوە پەیوەندی بە ستراتیژیی سەربازیی ئەمریكا و ئێرانەوە هەیە. پێم وا نییە ئەو شەڕە زۆر بەربڵاو بێتەوە و ئەمریكا لە ئێستادا بیەوێ كۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ. هێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئێران زۆر كورتخایەن و سنووردار دەبێ و تەنێ بنكە ئەتۆمی و سەربازییەكانی ئێران دەكاتە ئامانج. هۆكارەكەی ئەوەیە ئێستا بە قازانجی ئەمریكایە كە دۆخی هەنووكەیی بەرهەم بێتەوە. هەروەها ئەڵترناتیڤێكی بەهێز بۆ كۆماری ئیسلامی نییە و كۆدەنگی لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا نابیندرێ. ئەڵترناتیڤەكانی كۆماری ئیسلامی بریتین لە گرووپی موجاهیدینی خەڵق و شادۆستەكان كە هیچیان پێگەی كۆمەڵایەتیی بەهێز و شەرعییەتی جەماوەرییان نییە.
* دۆخی لایەنەكانی رۆژهەڵات لەو ئاڵۆزییانەدا چۆن دەبێ؟
- زۆربەی لایەنەكانی رۆژهەڵات خۆیان ئامادە كردووە لە دەرفەتی شەڕ كەڵك وەرگرن، بەڵام سەركەوتنی ئەوان لەم بوارەدا پەیوەندی بە هاوكێشە سیاسییەكان (لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا) و ستراتیژیی سەربازیی ئەوان و دوژمنەكانیان (لەڕووی هەڵبژاردنی شەڕی بەرەیی یان گەریلایی لە گوندەكان یان پارتیزانی لە شارەكان) و پەیوەندییەكانی نێوان خۆیان (هاوپەیمانی یان دژایەتی) هەیە. دیارە ئەم بابەتە زۆر ئاڵۆزە و ناكرێ پێشبینی بكەین، چونكە وەك گەمەی شەتڕەنج وایە. پەیوەندی بەوەوە هەیە كە هەر یەك لەو لایەنانە چ بڕیارێك دەدەن. دیار نییە دەسەڵاتدارانی جیهانی و ناوچەیی و خۆجێیی چ بڕیارێك دەدەن، بەڵام پێموا نییە لایەنەكانی رۆژهەڵات لە هەلومەرجی ئێستادا بتوانن لەم دەرفەتە كەڵكی پێویست وەرگرن.
* دوای شەڕی ئێران و ئەمریكا، ئەگەری پارچە پارچە بوونی ئێران هەیە؟
- ئەگەر ئەو شەڕە لە كۆنتڕۆل بچێتە دەر و ببێتە هۆی گۆڕینی حكومەت لە ئێران، ئەگەری پارچە پارچە بوونی ئێران بەهێز دەبێ، بەڵام ئێستا پێم وا نییە هێرشێكی سنووردار بتوانێ ببێتە هۆی گۆڕینی حكومەت لە ئێران و پارچە پارچە بوونی ئەو دەوڵەتە. هەڵبەت ئەگەر لەنێو خۆی ئێران راپەڕینی جەماوەری ڕووبدا و لایەنە دەرەكییەكان پشتیوانییان لێ بكەن، رووداوی چاوەڕواننەكراو دەقەومێ، بەڵام وێناچێ زلهێزەكان (ئەمریكا، ئەورووپا، رووسیا و چین) لەسەر ئەوە ڕێككەوتبن كە حكومەتی ئێران بگۆڕن. هەتا كۆدەنگییەكی نێودەوڵەتیی ئاواش نەبێ، زەحمەتە گۆڕانكارییەكی وا رادیكال ببینین. لە دژوارترین حاڵەتدا لەوانەیە ئێران وەك سووریای لێ بێ، واتە ئەمریكا پشتی ئۆپۆزیسیۆن بگرێ و رووسیا پشتی حكومەت. هەڵبەت حكومەتی ئێران جگە لە رووسیا لە پشتیوانیی چینیش سوودمەند دەبێ، چونكە ئێران بووەتە بازاڕی كڕینی شمەكی چینی و ئێران حەزی لێیە ببێتە ئەندامی هەمیشەیی لە پەیمانی شانگهای كە وەك دژبەرێك بۆ ناتۆ دەناسرێ.

زۆرترین بینراو