ئازادی لە دەسەڵاتێكی بچوك

سۆما خالید

چەمكی ئازادی بە مانای درككردنی تاك بە مافەكانی و ئێرادە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی دێت، كە هەڵقولاوی خۆدی تاكە و دەتوانێت سەربەستانە و ئازادانە گۆزارەشت لە بیر و راوبۆچونەكانی بكات، هەروەها روڵ و كاریگەری هەبێت لە پێشخستن و گەشەكردنی كۆمەڵگا، تا نەبێتە هۆی كوشتنی داهێنان و دەستپێشخەری، وە هەوڵی دروستكردنی تاكی ئازاد بدات كە سەرچاوەی دروستبوونی ئازادی كۆمەڵگایەكەیتی، تا بتوانرێت تاك لەو كۆت و بەربەستانە رزگار‌بكات كە دەبێتە رێگری و سەربەستانە تەعبیر لە بیروبۆچوونی خۆیان بكەن.
بەڵام دەسەڵاتی سیاسی لە رووی ئازادییەوە نەیتوانیەوە زەمینەیەكی لەبار و ژینگەیەكی تەندروست بڕەخسینێت، دوور لەهەمو دەمارگیریەك و باوەری بە ئازادی رادەبڕین هەبێت، لە كاتێكدا كە حكومەتەكەی بە دیموكراسی ناو دەبات، دەبێت هاشێوەی وڵاتانی تر بێت، كە گەل سەروەری خۆی و چارەنوسی خۆیەتی، چونكە سەروەری گەل، حوكمی گەل و ئیرادەی گەل بڕبڕەی پشتی سیستمی دیموكراسیە، دەبێت دەرفەت بە تاكەكان بدرێت تا بۆچوونەكانیان بێ فشارو ناچاركردن دەرببڕن، بێ ترس و هەڕەشە كردن رەخنە لە دەسەڵات و حوكمڕانان بگرن، زەمینێكی ئازاد بۆ رۆژنامەگەری، خۆپیشاندان، مانگرتن دەستەبەر‌ بكرێت ، نەك لە ڕوانگەی بیر تەسكیەوە برواننە خەڵكەكەی و دەستبكەن بە نانبڕاوی، دورخستنەوە و سزا گەیاندنیان، بەندكردنیان و بێسەروشوێنكردنیان تا دەستبردن بۆ كوشتن و تیرۆركردنیان، كە لەم رێگاوە ترسێك لای تاكی كۆمەڵگا دروست دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ دەسەڵات و دەزگایەكی ئاینی یان ئایدۆلۆژی، نەتوانێت جۆرێكی تایبەت لە ژیانیان بەسەردا فەرز بكەن. هەمو ئەمانە ئەوەمان پێی دەلێن كە كوردستان لە پرۆسەی ئازادی لەژێر پرسیار و لاوازیدایە، بۆیە شتێك نابینین بەناوی دیموكراسی و ئازادی رەها. هیچ كاتێكیش ئەم ئازادیە بەرجەستە ناكرێت لەبەر نەبوونی بەهاكانی مافی مرۆڤ و نەبوونی ئایدیۆلۆژییەكی دیاریكراو و سیستمێكی پەروەردەی تەندروست، كە رەنگدانەوەی هەبێت لە چارەسەر كردنی كێشە و گرفتەكان و ژیانی تاكەكان.
ناكرێت دەسەڵات و بەرپرسان دەستدرێژی بكەنە سەر مافی هاوڵاتیان و كەرامەتیان پێشێل بكەن و هەر ڕۆژە و لەژێر‌ پاساوێك رۆژنامەنوس و ئازادیخوازان دەستبەسەر بكەن و گیانیان بكەوێتە مەترسیەوە، ئینجا رێگری لە خۆپیشاندان و كپ كردنی دەنگی شەقام لە رێگەی بەكارهێنانی هێزەوە بكەن و بە توندوتیژی وەڵامیان بدرێتەوە، ببنە هوی داخستنی نمایشە هونەرییەكان كە رەخنە لە شێوازی حوكمرانی دەگرن، ئەم دیاردانە روخساری ئەم ستەمكار و دیكتاتورانە زیاتر دەردەخات، هەر ئەمانەش كاریگەریان لەسەر نەمانی روحی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی تاك هەبووە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو