ئازاد كورەچی: نابێت بە دەستی خۆمان هەرێمی كوردستان خراپ بكەین

ئازاد كورەچی: نابێت بە دەستی خۆمان هەرێمی كوردستان خراپ بكەین

دیدار – ڕائیب شێروانی
ئازاد كورەچی، سەرۆكی فراكسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" سەرەتای مانگی داهاتوو یاسایی چاكسازی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەر حزبێك رێگری لە یاسای چاكسازی بكات با رای گشتی لێ ئاگادار بكرێتەوە. دەشڵێ :" وەكو پێكهاتەكان لەگەڵ چاكسازینە، چونكە بەڕاستی چاكسازی خزمەتی هەموو لایەنەكان دەكات، هەرێمی كوردستان كیانێكی سەربەخۆیە، هەموو دنیا پشتگیری لە هەرێم دەكات، نابێت بە دەستی خۆمان ئەو كیانە خراپ بكەین.
سەرۆكی فراكسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند :" حكوومەتی هەرێم ناچارە چاكسازی بكات، هەموو كەس دەزانێت بۆ چاكسازی دەكرێت، لە پەرلەمان باش گفتوگۆی لەسەر كرا، بۆیە دەبێت چاكسازی بكرێت، یاساكەش لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستاندایە، بەتایبەتی مووچە خۆران، هەر لایەنێك دژی چاكسازی بێت، نازانم بەدیلی چاكسازی چییە، خراپ سازی دەكەن، لە چاكسازی باشتر نییە، بەڵام هەندێك لایەن بۆ مەرامی خۆیان چاكسازی بە سیاسی دەكەن.
كورەچی، روونیشیكردەوە :" پەرلەمان پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵگرت، هەر شتێك پەرلەمان دەنگ لەسەر بدات كۆتایی پێ دێت، تەنیا ئەگەر دووبارە بێتەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و جارێكی دیكە دەنگ لەسەر بدرێتەوە، نەك دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، چونكە ئەوان ئەو مافەیان نیە، تەنیا ئەوان ئەو مافەیان هەیە كە پێكەوە دابنیشن و پێكەوە بڕیار بدەن پرۆژەیەك بێتە ناو هۆلی پەرلەمان، ئەگەر دەنگی لەسەر درا دەبێتە بڕیار و كەس ناتوانێت ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە گەڕاندنەوەی پارێزبەندی لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان نییە.
سەرۆكی فراكسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" هەرێمی كوردستان كیانێكی سەربەخۆیە، هەموو دنیا پشتگیری لە هەرێم دەكات، لە جیاتی ئەوەی هەموومان پێكەوە بیر لەوە بكەینەوە داهاتی هەرێم باشتر بكەین، تەنیا پشت بە نەوت نەبەستین، بەڵكو هەمە چەشن بێت، هەروەها گرنگی بە كەرتی تایبەت بدرێت، گرنگی بە كەرتی پیشەسازی، كشتوكاڵ و گەشتیاری بدەین، ئەگەر دەمانەوێت ئەو كیانە سیاسییەی كە هەمانە تێك نەچێت و هەڵنەوەشێتەوە و بمێنێتەوە، كە ساڵەها ساڵە دەمانەوێت سەربەخۆ بین و قوربانیمان بۆ داوە، نەك ئێستا بە دەستی خۆمان ئەو كیانە نەهێڵین و لەناو ببەین.
ئازاد كورەچی، سەرۆكی فراكسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر گووتی :" حكوومەت زۆر گرنگی بە كەرتی تایبەت دەدات، كەرتی تایبەت دەتوانێت پرۆژە جێبەجێ بكات، حكوومەت تەنیا چاودێری دەكات، حكوومەت با لێ گەڕێ كەرتی تایبەت كار بكات، ئاسانكاری بۆ بكات بۆ ئەوەی پرۆژە جێبەجێ بكەن، بەوەش كوردستان پێش دەكەوێت و داهات هەمە چەشن دەكرێت، ئێمەش وەكو پێكهاتەكان لەگەڵ چاكسازینە، چونكە بەڕاستی چاكسازی خزمەتی هەموو لایەنەكان دەكات".

زۆرترین بینراو