ئافرەتانی پارتی داوای زیادكردنی رێژەی ئافرەت لە دامودەزگا حكوومییەكاندا دەكەن

ئافرەتانی پارتی داوای زیادكردنی رێژەی ئافرەت لە دامودەزگا حكوومییەكاندا دەكەن

ئا: ڕائیب شێروانی: ئافرەتانی پارتی پڕۆژەیەكیان ئامادە كردووە و داوای زیادكردنی ڕێژەی ئافرەت لەنێو دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دەكەن، مەبەست لەو پڕۆژەیەش ئەوەیە كە ڕێژەی ئافرەت دیاری بكرێت لە دامودەزگا حكوومییەكاندا، چونكە پێیانوایە ئەوەی كە هەیە وەكو پێویست نیە و داواكارن مەسروور بارزانی رەچاوی داواكاری ئافرەتان بكات و پڕۆژەیەك بداتە پەرلەمان و ڕێژەی كۆتا بۆ ئافرەت دیاری بكرێت و بە یاسایی بكرێت، هاوشێوەی كۆتای ئافرەت لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان.
ڕۆژی 10ی ئەم مانگە لە ڕێوڕەسمێكی گەورە و شایستەدا نێچیرڤان بارزانی، سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە سەرۆكی هەرێم، 11ی مانگیش پەرلەمانی كوردستان مەسروور بارزانیی ناوزەد كرد بۆ پێكهێنانی حكوومەت. رۆژی 12ی هەمان مانگ سەرۆكی هەرێم مەسروور بارزانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی لە ماوەی 30 ڕۆژدا كابینەی   حكوومەتی هەرێم پێك بهێنێت.

 

 

 

د. ڤیان سلێمان، سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" بەپێی ئەو بارودۆخەی كە هەرێمی كوردستان پێدا تێپەڕ دەبێت، جارێكی دیكە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، دەورێكی زۆر گرنگ دەبینێت بەتایبەتی ئەو دەسەڵاتانەی كە لە دەستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هەن، بەهێزكردنی پەیوەندی هەرێم لەگەڵ عێراق، وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە ئەوە گرێدراوە بە كەسی یەكەم كە وڵات بەڕێوەدەبات، جا كەسێكی وەكو نێچیرڤان بارزانی، كە دیبلۆماتكارێكی سەركەوتووە، خاوەن هێزی نەرمە، دەتوانێت پەیوەندییەكانی هەرێم بەرەو باشی ببات و هەرێمی كوردستان لە كێشە و قەیرانەكان ڕزگار بكات، هەروەها كە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانە هەوڵدەدات هێزی پێشمەرگە یەك بخاتەوە، كە بۆ ئەو قۆناغە زۆر پێویستە، هەروەها لایەنی دادپەروەری لە نێوان تاكەكانی كوردستان، پێكهاتەكانی كوردستان، رەگەزی نێر و مێ، هەروەها دامەزراوەی دەسەڵاتی دادوەری، شێوازی بەرێوەچوونی دەسەڵاتی دادوەری كە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمە، ئەوەش گرنگیەكی دیكەی دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەروەها نوێنەرایەتی هەرێم دەكات لە دەرەوە، بۆیە زۆر گرنگ بوو كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كاراكرایەوە و كەسێكی وەكو نێچیرڤان بارزانییش سەرۆكی ئەو دامەزراوەیە گرنگە بێت.
سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دەشڵێ:" ئێمە وەكو ئافرەتانی كوردستان زۆر گەشبینین، چونكە ئەو كاتەی كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی حكوومەتی دەكرد، سەردەمێكی زێرین بووە بۆ ئافرەتانی كوردستان، بە دەستهێنانی كۆمەڵێك ماف و ئازادی، لەگەڵ شێوازی بەشداریكردنی ئافرەت، ئافرەتی لە زۆر كێشە و ئاستەنگ ڕزگار كرد، لە چوارچێوەی كاركردن لە ماڵ ڕزگاری كردن وای كرد كە بێتە نێو كۆمەڵگە و رۆڵی خۆ ببینیت، شكۆی مرۆڤایەتی بۆ ئافرەت گەڕاندەوە، ئێمە چاوەڕوانی دەستكەوتی زیاترین هەم لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری و لەگەڵ كردنەوەی كۆمەڵێك دەرگەی دیكە بۆ بەشداری زیاتری ئافرەت لە دەسەڵات، چاوەڕی دەكەین رێژەی ئافرەت لە دەسەڵاتی دادوەری زیاتر بكرێت، هەروەها رێژەی ئافرەت لەناو هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش زیاتر بكرێت، هەروەها هەموو ئەو یاسانەی كە لە پەرلەمان پەسەند دەكرێن چاوەڕوان دەكەین هەر یاسایەك كە باڵانسی جێندەری تێدا نەبێت بە شێوەیەك لە شێوەكان جیاوازی بخاتە نێوان ئافرەت و پیاو ئەو یاسایە ڕەت بكاتەوە، ئەو شاندانەی كە بۆ دەرەوە دەست نیشان دەكرێن رێژەی ئافرەت تێدا زیاد بكرێت كە نوێنەرایەتی هەرێم دەكەن لە دەرەوە".

 

 

لەلایەن خۆیەوە نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" ئێمە وەكو ئافرەتانی پارتی بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی كە لە بواری سیاسی كار دەكەن، لە سەنتەری دیراساتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە چنارخان سەرۆكایەتی دەكات كۆبووینەوە و پڕۆژەیەكمان ئامادە كردووە و پێشكەش بە سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی مان كردووە، داواكاری ئافرەتانی پارتیمان گەیاندۆتە ئەوان، مەبەست لەو پڕۆژەیەش ئەوەیە كە ڕێژەی ئافرەت دیاری بكرێت لە دامودەزگا حكوومییەكاندا، چونكە ئەوەی كە هەیە وەك پێویست نیە و ئافرەت خۆی سەڵماندووە كە دەتوانێت لەو بوارانەدا كار بكات، بۆیە داواكارین كە مەسروور بارزانی رەچاوی داواكاری ئافرەتان بكات.
مێرگەسۆری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان ڕێژەی ئافرەت دیاری كراوە كە 30%ـە، بەڵام بۆ حكوومەت دیاری نەكراوە، هەموو ئافرەتانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، نەك تەنیا ئافرەتانی پارتی داوای زیادكردن و دانانی رێژەیەك بۆ ئافرەتان لە دامودەزگا حكوومییەكان دەكەن، ئەوە بۆ هەموو ئافرەتانی كوردستانە، چونكە لە دواین كابینە، كە كابینەی هەشتە تەنیا یەك ئافرەت دیاری كرابوو، ئەو ئافرەتەش تەنیا تەمسیلی ئافرەتان ناكات لە ئەنجوومەنی وەزیران، نەك تەنیا وەزیر بەڵكو بریكاری وەزیر، بەرێوەبەری گشتی، سەرۆكی زانكۆكان ئەوەش بەرچاو بگیرێت، هەر لەبەر ئەوەش ئەوە داواكاری ئافرەتانە، بۆیە ئێمە ئەو داواكارییەمان هەیە و داوا لە مەسروور بارزانی دەكەین لە كاتی دەستبەكاربوونی، پڕۆژەیەك بداتە پەرلەمان و ڕێژەی كۆتا بۆ ئافرەت دیاری بكرێت و بە یاسایی بكرێت، هاوشێوەی كۆتای ئافرەت لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، بۆ ئەوەی ئافرەت زیاتر پێگەی خۆ دیار بكات و چالاك بێت، ئەوەش باشترە كە ئەو رێژەیە بە یاسا دیاری بكرێت".

زۆرترین بینراو