ئافرەتان كردنەوەی نووسینگەی تاكسی تایبەت بە خۆیان بەپێویست دەزانن

ئافرەتان كردنەوەی نووسینگەی تاكسی تایبەت بە خۆیان بەپێویست دەزانن

زاری كرمانجی- سۆران: لەزۆربەی شاروشارۆچكەكانی كوردستان نووسینگەی تاكسی تەلەفۆنی كراونەتەوە، كە هاووڵاتییان هەر كاتێك پێویستیان بە ئۆتۆمبێل بوو دەتوانن پەیوەندی بەو نووسینگەیەوە بكەن و ئۆتۆمبێل بگاتە بەردەمی، ئەوەی جیگەی قسە لەسەر كردنە تا ئێستا لە كوردستان نووسینگەیەكی تایبەت بە ئافرەتان نییە، كە هەموو كارمەندانی ئەو نووسینگەیە ئافرەت بن بۆ ڕاپەراندی كارەكان, لە بەرێوبەرەوە بگرە تا شوفێر و تەواوی ئەو كەسانەی لەو نووسینگەیە كار دەكەن، تا ئێستا ئافرەتانێك هەبوونە كە بیر لە كردنەوەی نووسینگەیەكی لەم جۆرە بكەنەوە؟ یا هێشتا ماوە بڵێن كە گرانە بۆ ئافرەت لەم بووارە كاربكات, لەگەڵ ئەوەی ئێستا ئافرەتانێكی زۆر شوفێرن و كارەكانی خۆیان ڕادەپەڕێنن، كارێكی چۆن دەبێت كە نووسینگەیەكی تایبەتی تاكسی تەلەفۆنی بۆ ئافرەتان بكرێتەوە؟ ئیدی ئافرەتانیش خاوەنی نووسینگەیەكی تایبەت بەخۆیان بن, هێندە لەسەر شەقامەكان نەوەستن و چاوەڕوانی تاكسی نەكەن، تا دەگەنە شوێنی مەبەست, لەهەمانكاتیش لە تیروتوانجی خەڵك و هەندێك لە شوفێری تاكسییەكان بەدوور بن, تۆبڵێیت ئەمە كارێكی گران بێت، چونكە تا ئێستا نەكراوە، بۆ ئەو مەبەستە راوبۆچوونی ئەو ئافرەتانە بۆ خوێنەران دەخەینەروو كە بەشداربوون لەگەڵمان لەم ڕاپۆرتەدا.
ئامادەكردنی:محەممەد مەحموود
كردنەوەی نووسینگەیەكی تاكسی تەلەفۆنی تایبەت بە ئافرەتان ئەمە خەونی، لانە محەممەد بوو كە لە قەزای خەباتەوە بەشداربوو لە گەڵمان، لانە گووتی " لە كاتی چوونم بۆ ئەو شوێنانەی كە پێویستیم بە تاكسی دەبێت خەمم دەكەوێتە بەر تا دەچمە ئەو شوێنە كە مەبەستیتم، لەبەر ئەوەی ناتوانم لەگەڵ هەموو تاكسییەك سواربم متمانەم پێنین, ناچار دەبم زۆر جار ماوەیەكی زۆر چاوەڕێ‌ بكەم تا تەكسییەكی وا دێت بیناسم". لانە گووتیشی " گەر كەسێك بۆ ئافرەتان خەمێك لەم كارە بخوات جێگای دەست خۆشییە".
سۆز سۆران، بە بەسەرهاتێكی خۆی دەستی بە قسەكانی كرد كە لەگەڵ شوفێری تەكسی بەسەری هاتبوو, زۆریش پێی دڵگران بوو، بەڵام هەرباسی كرد، سۆز گووتی" رۆژێك لەسەر شەقام وەستا بووم چاوەڕێی تاكسیم دەكرد، یەكێك ڕایگرتوو منیش سەركەوتم لە گەڵی پێم گووتم دەچمە فەلانە شوێن، گووتی بەسەرچاو منیش لە ڕێگای ئەو شووێنە زۆر شارەزا نەبووم لە دڵی خۆم گووتم كاكی شوفێری تاكسی دەمگەینێتە ئەو شووێنە بە بێ‌ دوو دڵی، ماوەیەك ڕۆیشتین هەر نەگەیشتینە شوێنكە هەربە منی دەگووت زۆرمان نەماوە ئێستا دەگەین. منی غافلاند بەو قسانە كاتێك هەستم كرد وا لە شار دەردەچین منیش ترسام گووتم كوا شووێنەكە تۆ بۆ كوێ دەمبەی؟ گووتی داوەیەكم لە تۆ هەیە تا داواكەم جێبەجێ نەكەی ناتبەمە ئەو شووێنە گووتم داوای چی؟ دیار بوو شوفێری تاكسییەكە مەبەستی كاری خراپ بوو خێرا دەرگای ئۆتۆمبێلەكەم كردەوەو خۆم فرێدایە خوارەوە بۆ ئەوەی رزگارم بێت ئێستاشی لە گەڵ بێ‌ ئەو كەسەم نەدۆزییەوە, لەو كاتەوە ناوێرم لە تەكسی سوواربم بۆیە داوا لەلایەنی پەیوەندیدار دەكەم نووسینگەیەكی تایبەت بە ئافرەتان بكەنەوە، بەڕای من یەكێك دەبێت لە كارە تازەكان و جێگای خۆشحاڵی ئافرەتان دەبێت".
ڕەوەزی تەمەن (26) ساڵ ئەویش قسەی خۆی هەبوو لەسەر ئەم بابەتە ڕای خۆی خستە پاڵ ئەو ڕایانەی ئارەزوویان دەكرد لە شار و شارۆچكەكان نووسینگەی تاكسی تەلەفۆنی تایبەت بە ئافرەتان هەبێت، ڕەوەز گووتی" ئامادەم پارەی زیاتریش بدەم بەڵام ئەو تەكسییەی كە لە گەڵی سواردەبم ڕەگەزی خۆم بێت و ترسم لێی نەبێت تا دەگەمە شوێنی مەبەست"، ئەو گلەییەشی لە ئافرەتان هەبوو كە ئەوان " لە هەندێك كاردا شەرم دەكەن وەك پیاو نین رەنگبێت ئافرەتێك كاری تاكسی بكات بڵێت وەڵا رووبەرووی تیرو توانج دەبمەوە، ئەمەیە ئافرەتی لە هەندێك كار بێبەشكردووە، بەهەبوونی نووسینگەێكی لەم جۆرە دڵخۆش دەبم".
شەوەزەنگ لەسەر ئەو بابەتە گووتی " ئەوەی من لە ژیان نیگەران دەكات ئەو كاتانەیە كە چاوەڕێی تاكسی دەكەم بۆشوێنی مەبەست، كە لە سەرشەقام دەوەستم چەندین تیروتوانجم ئاراستە دەكرێت، خۆزگە نووسینگەیەكی وا لە قەزای سۆران دەكرایەوە، چونكە قەزاو ناحیەكان وەك سەنتەری پارێزگاكان نین، لە سەنتەری پارێزگاكان جگە لە تاكسی پاسیش كاری پێدەكرێت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان ، بەڵام قەزاو ناحیەكان بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست تاكسی پێویستە، خۆزگە ئەم رۆژەم دەبینی كە نووسینگەیەكی تایبەت بە ئافرەتان هەبووایەو منیش پەیوەندیم پێوە دەكرد بۆ ئەوەی بم گەینێتە شووێنی مەبەست".
(دەوەن) كچێكی دیكە بوو لە بەشداربووانی ئەم راپۆڕتە، ئەویش هەمان خۆزگەی دەخواست بە كردنەوەی نووسینگەیەكی تاكسی تایبەت بە ئافرەتان لە شارەكەیان و گووتی" ئەگەر ئێستا لە شارەكەم نووسینگەیەكی تاكسی تەلەفۆنی تایبەت بەئافرەتان هەبووایە، بۆ ئەوەی لەو كاتەی پێویستیم پێدەبوو زۆر بە ئاسانی پەیووەندیم پێوە كردبا و هاتبایە بەردەم ماڵەكەم ، بۆ ئەوەی ئەوەندە لە سەر شەقامەكان لە چاوەڕوانی تاكسی نەمێنمەوە".
تاڤگە ئەو ئافرەتە فارمانبەرەبوو كە لە چاوەڕوانی تاكسی دابوو، بۆ ئەوەی بەرەو فارمانگەكەی ببات ئەوەندە لە تیروتوانجی شوفێران بێزاربوو كە داوام لێكرد بۆچوونی خۆی لە سەرئەم بابەتە دەرببرێ‌ گووتی" دەبێ‌ ئافرەت بتوانێت كارێكی وابكات لە ترسی تیرو تووانجی خەڵكی دەورووبەر، دواتریش خۆی پەشیمان بووەو گووتی" مادام ئێمەی ئافرەت خۆمان بەنیوەی كۆمەڵ بزانین ئەبێت ئەو كۆتوو سنوورانە بشكێنین بۆ ئەوەی شان بەشانی پیاوان كارەكان بەرێوە ببەین".
شنۆ ئافرەتێكی دیكەیە ئەو كاری شوفێری دەزانێَت و ئۆتۆمبێلی پێ بوو، لێم پرسی ئەگەر نووسینگەیەكی تایبەت هەبێ‌ بە ئافرەتان ئامادەی لەو نووسینگەیە كاری شوفێری بكەی؟ شنۆ بە بەلێ‌ وەڵامی دایەوەو گووتی" زۆریش حەز دەكەم، بەڵام لە كوردستان كوا كێ‌ بیر لە كارێكی وادەكاتەوە گەر نووسینگەیەكی تایبەت بە ئافرەتان بكرێتەوە یەكەم ئافرەت دەبم كاری شوفێری تاكسی بكەم".
تا ئێستا هیچ ئافرەتێك داواكاری لەم جۆرەی نەكردووە"، ئەمە قسەی عەلی عەبدوڵڕەحمان بەرێوەبەری نووسینگەی گواستنەوەی سۆرانە لەسەر كردنەوەی نووسینگەی تاكسی تەلەفۆنی تایبەت بەئافرەتان ناوبراو بۆ زاری كرمانجی گووتی " تا ئێستا نووسینگەیەكی تاكسی تەلەفۆنی لەسنووری سۆران بوونی نییە، كەسیش نەهاتووە داواكارێكی لەم جۆرە پێشكەشی ئێمە بكات بۆ كردنەوەی نووسینگەیەكی لەم جۆرە، ئەگەر ئافرەتێك بێت و نووسینگەیەكی لەم جۆرە بكاتەوە ئێمە هاوكاری دەبین، گەر رێنماییەكان جێبەجێ‌ بكات كە تایبەتن بە كردنەوەی نووسینگەی تاكسی تەلەفۆنی".
بەرێوەبەری نووسینگەی گواستنەوەی سۆران ئاماری سەرجەم نووسینگەكانی تاكسی تەلەفۆنی سنوری سۆرانیشی بۆ زاری كرمانجی باس دەكات و دەڵێت" لەسنووری نووسینگەی گواستنەوەی سۆران 18 نووسینگەی تاكسی تەلەفۆنی هەنە لەو ژمارەیەش ، 14 نووسینگە لەناو سۆران و 3 نووسینگە لەشاری رواندزو یەك نووسینگەش لەشاری خەلیفانە".
لە كۆتاییدا ئەوەی لەسە رشانی ئێمە بوو گەیاندنی خواستی ئەوئافرەتان بوو بۆبەردەم دیدەی ئێوەی خوێنەرو ئەوانەی كار بۆ ئافرەتان دەكەن, بزانین كێ‌ دەتووانێت نووسینگەیەكی تاكسی تەلەفۆنی تایبەت بەئافرەتان بكاتەوە وەكو هەنگاوی یەكەم.

زۆرترین بینراو