ئافرەتێكی كورد میدلیای شاهانای هۆڵەندای پێ دەبەخشرێت

ئافرەتێكی كورد میدلیای شاهانای هۆڵەندای پێ دەبەخشرێت

دیمانە/ محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: گوڵالە پشدەری، ئافرەتێكی چالاك و خەمخۆر چەند ساڵێكە لە وڵاتی هۆلەندا نیشتەجێیە كارە خۆبەخشەكانی ئەو لە بواری تەندروستی و یارمەتی دانی تووشبوانی شێرپەنجە وایكرد سەرۆكی شارەوانی ئامستردام، لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە موژەدەی وەرگرتنی میدلیای شاهانەی وڵاتەكەی پێ رابگێنێت، گوڵالە لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی دا بۆ زاری كرمانجی باس لە گرنگی ئەو میدالیایە و ساتی پێدانی ئەو هەواڵە دەكات و گووتی" رۆژی هەینی ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٠، لە خوولەكەكانی كۆتایی سەر لەبەیانی ڕۆژدا سەرسام كرام بە زەنگی تەلەفۆن كە ئەو دەنگە بە گوێم دا زۆر ئاشنا بوو، سەرەتا وامزانی یەكێك لە هاوكارانی پزیشكی خانەوادە (هاوس ئارتس)ە كە هەواڵیكی پشكنین لەبارەی بارودۆخی تەندروستی خۆم پێ ئەدات و ڕاوێژ ئەدات، بەڵام لە بەردەوامی قسەكانی دا گووتی: من فێمكە هاڵسێمام، پارێزگاری شارەوانی ئامستردام، مژدەیەكی تایبەتم لە لایەن خاوەنشكۆی هۆڵەندا بۆت پێیە، منیش واقم ووڕما و لە مێشكی خۆمدا هێنام و بردم و نەمتوانی لێكی بدەمەوە بۆچی و دەبێ ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە و ئەو پەیامە واتای چی بێت، دووبارە گوتی: بەناوی پاسا ویلیەم ئەلێكساندەر تۆ هەڵبژێردراوی بۆ ڕێزلێنان واتە میدالیای شاهانەت پی دەبەخشرێت، ئەوەشی گووت" میدالیاكەی تۆ میدالیایەكی ئاسایی نییە و لە جۆری بەرزە، Ridder in de Orde van Oranje-Nassauواتە هەڵگری شانازی سوارچاكی ماڵباتی شاهانە."
گوڵالە راشی گەیاند" هەرچەندە دەبوو لە مەڕاسمێكی شكۆداردا رێوڕەسمەكە لە ئامستردام ئەنجام بدرێت، بەڵام بە هۆی قەیرانی پەتای كۆڤید ١٩ ئێستا لەكاتی خۆیدا ناكرێت و ئەو مەڕاسیمە دەخەینە كاتێكی تر هەر لەوساڵەدا و ئارەزوو دەكەم دوایی بە شەخسی خۆم میدالیاكەت پێوە بخەم، بەڵام بە .Staatscourant دەبوو ئەمڕۆ پێتی ڕابگەیەنم هەروەها لە بەیانیشەوە ناوت بە فەرمی دەچیتە ناو تۆمارەكانی فەرمی حكومەت."
ئەو خانمە كوردە دەشڵێت" ئەوەی شایەنی باسكردنە ئەو جۆرە میدالیایانە بۆ ئەو كەسانەیە كە كاریگەری ئەرێنی و بەسوودییان هەیە لەسەر باشتر و بەهێزكردنی كۆمەڵگە، میدالیاكانیش چەندین جۆر و دەرەجەبەندی هەیە و كەسەكان بە گوێرەی پلە و ڕاددەی چاكەكارییان جوودا دەكرێنەوە، ئەمساڵ سێكتەری تەندروستی زیاترین ڕێژەی میدالیایان وەبەر كەوتووە."
گوڵالە پشدەری، هەلگری میدالیای شاهانەی هۆلەندا، باس لەوەدەكات بۆچی دیاریكراوم بۆ وەرگرتنی ئەو میدالیا گرنگە؟ دوایی تووشبوونم بەشێرپەنجەی مەمك و دوایی ماوێكی زۆر هاتووچۆم بۆ لای پزیشكەكەم كاتێ خۆی و پشت گوێخستنم لەلایەن ئەو پزیشكەوە، بڕیارم دا هەر لەكاتێ سەرقاڵبوونم بەچارەسەری لە ٢٠٠٧دا كار لەسەر باشتركردنی بارودۆخی نێوان ژنانی كۆچبەر و پزیشكان و تەندروستی بكەم و هاوكاربم كە كێشەی تەندروستی (كێشەكانی ژنانە وەك نەخۆشییەكانی مەمك) ژنانی كۆچبەری هۆڵەندا بایەخی پێ بدرێت و ئاسانكاری هەبێ لە ڕێگەی دۆزینەوەی نەخۆشی و چارەسەركردنی، لەلایەك وەك تووشبوو و هاو چارەنووس و لە لایەكی ترەوە وەكو پەرستیارێكی ئەكادیمی دیتوو و كاركردوو لە بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ئەكادیمی ڤیو ئیم سی گەورەی ئامستردام، دەستم بە كاری ڕێكخراوەی و خۆبەخشانەكرد لەو ڕێگەیەدا لە خۆمەوە دەستم پێكرد، پێستریش كارم لەسەر بڵاوكردنەوەی زانیاری تەندروستی لەسەر ئەو بابەتە كردبوو بۆ ماڵپەڕەكانی كوردی و یان بە شێوەی بەخشینی زانیاری لە كۆڕ وسیمیناردا بۆ خانمانی كورد لە هۆڵەندا."
زیاتر دەشڵێت" دواتر باسی كێشەكانی خۆم و بەربەستەكانم بۆ دۆزینەوەی گرێ و ئینجا هاتنە ناو ڕاگەیاندنەكانی هۆڵەندی بە ڕۆژنامە، گۆڤار و چاوپێكەوتنەكانی تەلەفزیۆنیش دەنگم زیاتر بە بەرفراوانتر بە هۆڵەندییەكان و دانیشتوانی هۆڵەندا و جیهان گەیشت." كاروچالاكییەكانم پەلی هاویشتە كوردستانیش و هاوكاریكردنی چارەنووسانم لە كوردستان خاڵێكی گرینگە لە بایەخدانی هۆڵەندییەكان كە دەیبینن وخۆیان هاوكارم بوون لە كۆكردنەوەی مەمكەكانی دەستكرد بۆ كوردستان و بەكڕینی پەرتووكەكەم."بەڵام هۆڵەندییەكانیش سەرەتا بەرژەوەندی دانیشتوانی خۆیان ئەژمار دەكەن و تەنها میدالیا نابەخشن كە كاروچالاكی لە كوردستاندا بێت، بۆیە كاروچالاكییەكانم بێ سنوورن لە هۆڵەندا، لە هەر جێگایەك و لەهەر بارودۆخێكدا هاوكاری من پێویست بووبێت ئامادە بووم بێ ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆم و خۆبەخشانە، بۆنموونە بەخشینی زانیاری لەسەر لایەنی خۆپاراستن و نیشانەكانی ئەگەری كێشەی مەمك گرێی شێرپەنجەیی لە ئامستردامەوە تاكو ئارنەهێم و بەرێدا ڕۆیشتووم بەخۆشحاڵییەوە و هەروەها بەخشینی زانیاریم نە تەنها بۆ خانمانی كورد بەڵكو بۆ گروپی خانمانی كۆچبەر لە هۆڵەندا وەك تورك، مەغریبی و فارس یش بووە."
لە دواپەیڤەكانی دا گوڵالە پشدەریی، گووتیشی " هەفتانە كۆبوونەوەی هاوچارەنووسان دەگێڕم لە ئامستردام و هەر هەفتە جارێك باسی بابەتێك دەكەم كە پەیوەستە بەنەخۆشییەكە و پرسیارەكانیان وەڵام ئەدەمەوە یاخود ڕێنماییان دەكەم بە ڕاویژ چ بكەن، لە پەنا ئەوانەشدا لەگەڵ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە دەكەم و لەوێ بە پێی پێویست وەرگێڕانی زمانیان بۆ دەكەم یاخود دەستەواژەی سەختی پزیشكی وەردەگێڕمە سەر زمانی كوردی/فارسی، هەروەها لە چالاكییەكانی ساڵانەی ڕێكخراودا بەشدارم بە خۆناساندن بە نەخۆشانی نوێ و هاوكاران لە نەخۆشخانەكان و دام و دەزگاكانی هاوكار." هەتا لە ماڵی خۆشمدا وەك ڕاوێژكارێكی تەندروستی و ئەندامی ڕێكخراوی ماما ڕۆزای ئامستردام و ئەمدامی چالاكی كۆمەڵەیی شێرپەنجەی مەمك هۆڵەندا، ڕۆژانە سەرقاڵم چ لە هۆڵەندا و چ خانمانێك لە ئەوڕوپا و چ خانمانی كوردستان، لە كۆتادا ساڵانە دەبێ وانەی ڕاهێنان چۆنییەتی بەخشینی زانیاری و كۆر بە فێرخوازانی خۆبەخشی نوێ بدەمەوە و ئامادەیان بكەم بۆ داهاتوو كە كاری وەك من بكەن."

 

 

 

زۆرترین بینراو