ئاكرێ وەك پایتەختی نەورۆز دیاری كراوە و ئەمساڵ هیچ ئاهەنگێكی لێ بەڕێوەناچێت

ئاكرێ وەك پایتەختی نەورۆز دیاری كراوە و ئەمساڵ هیچ ئاهەنگێكی لێ بەڕێوەناچێت

رەمەزان هەرنی – ئاكرێ‌: بەهۆی دیمەنی جوان و سەرنج راكێش، ساڵانە بۆ نەورۆز كەرنەڤاڵێكی شایستە بە بەشداری هەزارن خەڵك بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئەمساڵ هیچ جۆرە چاڵاكیەك لە نەورۆزدا بەڕێوەناچێت.
بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیا و سەرنج راكێشی ئاكرێ، لە كاتی خۆرئاوابوون دیمەنی جوان دەبەخشێتە چیایەكە و بەو هۆیەشەوە خەڵك بە مەبەستی یاد كردنەوەی نەورۆز و بەسەر بردنی كاتی خۆش روویان بە قەزای ئاكرێ دەكرد.
وەحیدا پاشا، چاڵاكوانی ئافرەتان لە ئاكرێ‌ بە زاری كرمانجی گووت" مەڕاسیمی نەورۆزی ئاكرێ‌ تایبەت مەندی خۆی هەبوو لە سەر ئاستی كوردستان و عیراق و جیهان هاووڵاتییان و سەركردەكان روویان لەو دەڤەرە دەكرد، بۆ بینینی دیمەنە جوانەكانی نەورۆزی ئاكرێ‌ كە لەسەر قەڵای كۆنی ئاكرێ‌ ئاگریان دەكردەوە، ژمارەیەك هاووڵاتی مەشخەڵی ئاگریان هەڵدەگرت و ببوو بە هێما و سومبلێكی جوان، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاو بۆنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ خۆپارێزی لە نەخوشیە كە بڕیاردرا كە ئاهەنگ و مەراسیمی نەورۆز ئەمساڵ ئەنجام نەدرێت ئەمشە لەبەر بەرژوەندی هاووڵاتییانە".
ئەو چاڵاكوانە دەڵێ" سەلامەتی تەندرووستی و گیانی مرۆڤەكان لە گشت كارێك و بۆنەیەك گرنگترە، بەڵام نەورۆزی ئاكرێ‌ لە ئاهەنگ دەرچوو بوو ببوو بە ڤیستیڤاڵ و ساڵانە بە هەزاران كەس روویان لە ئاكرێ‌ دەكرد و ئەنجام نەدانی مەڕاسیمی نەورۆز لەو ناوچەیە بۆ خودی شارەكە زۆر ناخوشە".
رزگار زەكەریا، هاووڵاتیەكی دانیشتووی سنووری ئاكرێ‌ بە زاری كرمانجی گووت" ساڵانە بە درێژی مانگی سێ‌ چاوەریێ‌ 20 ی ئادار دەكەین تا ئاگرەكە بكرێتەوە و مەڕاسیم ئەنجامبدرێت، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ بڕیاردراوە بەهۆی بڵاو بۆنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا مەراسیمەكە راگیراوە، بەڵام پێمان خوشە تەنها ئاگرەكە بكرێتەوە و دڵمان پێی خوشە بۆ ئەوەی ئاكرێ‌ لەو جوانییە و نازناوە بێ‌ بەش نەبێت كە چەند ساڵە وەرگرتوە كە پایتەختی نەورۆزە".
كاوە زهێر، بەرێوەبەری رۆشنبیری و هونەری ئاكرێ‌ بە زاری كرمانجی گووت" ساڵانی پێشتر لە قەزای ئاكرێ‌ ماوەی یەك مانگ ئامادەكاریمان دەكرد بۆ هەڵكردنی ئاگری نەورۆز، بەهۆی ئەوەی تایبەتمەندی خۆی هەیە لە نەورۆزدا و ژمارەیەكی یەكجار زۆر هاووڵاتییان و بەرپرس و سەركردەكان سەردانی ئاكرێییان دەكرد، بە مەبەستی بینینی مەشخەڵەكانی ئاگری نەورۆز، كە گرووپێك ساڵانە مەشخەڵەكان دروستدەكات و تا 100 كەس لە سەری گری شوێنی ئاهەنگەكەی نەورۆز بەریز بەرێدەكەوتن بەرەو سەری كەلی ئاكرێ‌ بە شاخەوە سەردەكەوتن، كە ئەو دیمەنە ببووە وێنەی سەرەكی گشت میدیای جیهان لە 20 ی ئاداری هەموو ساڵێك بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو پەیكەری نەورۆزمان دانا لە دەرەوەی ئاكرێ‌ بۆ ئەمساڵیش پلانی فراوان و جوانمان دانابوو، بەڵام بەهۆی بڵاو بۆنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دەركردنی چەند رێنمایەك لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانە وە، بریاردرا بە راگرتنی گشت جۆرە ئاهەنگێك بۆیە پێشبینیمان دەكرد زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار روو لە ئاكرێ‌ بكەن بۆ بینیی هەڵكردنی نەورۆز ، بەڵام ئەمساڵ هیچ ئاهەنگێك نیە بەفەرمی".
سەعید شەریف، نووسەرو شارەزا لە مێژووی ئاكرێ‌ بە زاری كرمانجی گووت" هەڵكردنی ئاگری نەورۆز مێژوویەكی زۆر كۆنی هەیە، بەڵام بەگشتی جیاوازییەكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، لەسەر دەمی پێشوو مەراسیمی هەڵكردنی ئاگری نەورۆز سەرەتا ئاینی بوون ئینجا نەتەوەیی , سەرەتا بە شێوەیەكی ئاینی ئاگری نەورۆز دەكرایەوە تەنانەت جلی ئامادەبووان وەك یەك بوویارمەتی یەكتریان دەدا لە ناو ماڵ و دابەشكردنی خواردن , لە كۆندا ئاكرەیەكان ئاگری نەورۆز لە دژی دەسەڵات و حكوومەتەكانی ئەو سەردەمە كرایتەوە، دوژمن هەمیشە زوڵمی لە ئێمە كردووە، بەڵام ئاگری نەورۆز وەك چەك دژی دوژمنەكانمان بەكار هێناوە، دوای راپەڕینی ساڵی 1991 زۆر جیاوازی بەسەر هەڵكردنی ئاگری نەورۆز دا هاتوون، ئەو رێورەسمانەی لەسەر دەمی پێشوو بەرێوەدەچوون ئێستا نەماون، بەڵام هەمیشە نەورۆزی ئاكرێ‌ جیاواز بووە لەگەڵ شارەكانی ترو تایبەتمەندی خۆی هەبووە بەهۆی كردنەوەی ئاگر لەسەر شاخە بەرزو دێرینەكانی ئاكرێ‌".
دیدار رەمەزان، بەرێوەبەری گەشتوگوزار لە ئاكرێ‌ بە زاری كرمانجی راگەیاند" ساڵانە بەهۆی كردنەوەی ئاگری نەورۆز بەشێوەیەكی زۆر جیاواز ژمارەیەكی یەكجار زۆر گەشتیار سەردانی ئاكرێ‌ دەكرد، ئەوەش گرنگی خۆی هەبوو بۆ كەرتی گەشت و گوزار، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ هیچ ئاهەنگێكی فەرمی نەورۆز بەرێوە ناچێت بەهۆی ئەو رێنمایانەی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەركراون بەمەبەستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیە هیچ گەشتیارێك سەردانی ئاكرێ‌ ناكات بۆ بینینی ئاگری نەورۆز , نەورۆزی ئاكرێ‌ هۆكارێكی باشبوو بۆ راكێشانی گەشتیار بۆ ئاكرێ‌ بەڵام ئەمساڵ هیچ ئاهەنگێك نیە" .
مازن محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای ئاكرێ‌ بە زاری كرمانجی راگەیاند" بە پێی رێنماییەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمساڵ هیچ ئاهەنگێكی هونەری بۆ نەورۆز لە ئاكرێ‌ ساز ناكرێت، ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان و عێراق هاووڵاتیان بەشدارییان دەكرد لە بینینی هەڵكردنی ئاگری نەورۆز لە ئاكرێ‌ كە دیمەنێكی یەكجار زۆر جوانی دەبەخشی و میدیای ناوخۆ بیانی گرنگی زۆریان بە نەورۆزی ئاكرێ‌ دەدا كە لە ئاهەنگێكی هونەری ببوو بە ڤیستەڤاڵێكی بەناوبانگ، ئەمساڵ بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان بە پێی رێنماییەكان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بریار دراوە هیچ ئاهەنگێك و كۆبوونەوەیەك بۆ هەڵكردنی ئاگری نەورۆز لە ئاكرێ‌ ئەنجامنەدرێت بۆ بەرژەوەندی گشتی ".
لای خۆشیەوە، ئیدریس هەركی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی و ناوخۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە‌زاری كرمانجی راگەیاند" بەپێی ماددەی (6)ی بەندی (8) و ماددەی (13) لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی ژمارە 3ی ساڵی 2009 كە دەسەڵاتی داوەتە ئێمە بۆ بڕیاردان، بەو هۆیەوە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بڕیاری دا ئاكرێ بكرێتە پایتەختی نەورۆز، هۆكاری بڕیارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ساڵانە لە ئاكرێ جیاوازتر لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان رێوڕەسمی جەژنی نەورۆز بەڕێوەدەچێت و ئاكرێ‌ تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بۆیە لە ساڵی 2018 ئەو بریارە بەكۆی دەنگ لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك پەسەندكرا و ئاكرێ‌ وەك پایتەختی نەورۆز ناسێنرا".

 

زۆرترین بینراو