ئامادەسازی بۆ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن

بكر كریم حسن

 بەرێوەبەری گشتی چاڵاكی وەرزش و هونەرماستەر لە كارگێری پەروەردەیی

پێشینان دەڵێن" ئەگەر ویستت سێو لە دار بەر بێتەوە، پێویستە دارەكە ڕاهەژێنی".
بێگومان دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن (2019-2020) پێویستی بە كۆمەڵێ ئامادەسازی و ئامادەكاری پێویست هەیە لەلایەن مامۆستایان و بەرێوەبەر و قوتابخانە و سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەرایەتی پەروەردەكان و وەزارەتی پەروەردە وە تا بتوانین بە هەموو لایەك بیكەینە ساڵێكی پڕ لە كۆشش و بەخشش.
سەرەتا پێویستە لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانە و دەستەی كارگێڕییەوە راپۆرتێكی تێروتەسەل بە هەموو ووردەكارییەكەوە لە رووی میلاك و ژمارەی بەشەوانە و قوتابیان و مامۆستایان و پەرتووك و ئاو و ئاوەڕۆ و w.cی قوتابیان و كورسی و مێزی قوتابیان و بارودۆخی گشتی قوتابخانە تا دوایی ئامادەی بكەن و بدرێتە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا و یەكەی سەرپەرشتیاری پەروەردە لە ماوەی مانگێك پێش دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن، لە هەمان كاتیشدا لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانە و دەستەی كارگێڕی قوتابخانەكەیان پاك و جوان بشورێ بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی تری شارەوانی و فەرمانگەی ئاو تا قوتابییان كە دێنە قوتابخانە حەز بە ئاسودەیی و ئارامی بكەن، هەروەها سەرپەرشتیاری كارگێڕی راپۆرتی ساڵانەی هەبێت پێش دەستپێكردنی دەوام بۆ سەرجەم ئەو قوتابخانانەی كە سەرپەرشتی كردوون بیداتە یەكەی سەرپەرشتیاری و پەروەردەی قەزا. پێویستە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاكان چەند لێژنەیەك پێك بهێنێت و (ژووری چارەسەركردنی خێرای كێشەكان) دروست بكات لە پەروەردە كە پێك بێت لە سەرپەرشتیارانی كارگێڕی و پسپۆڕی لە بژاردەی دڵسۆزانی پەروەردەیی و مەیدانی لەگەڵ هۆبەی پلاندانان و خۆیەتی ومیلاك لە پەروەردە بۆ بەدوا داچوونی سەرجەم راپۆرتی بەرێوەبەری قوتابخانەكان و سەرپەرشتیارانی كارگێڕی دیراسەی ووردی بكەن و رێگا چارەسەری گونجاوی پەروەردەیی بۆ بدۆزنەوە، هەروەها كۆبوونەوەی بەرێوەبەری سەرجەم قوتابخانەكان لەلایەن بەرێوەبەری پەروەردە ئەنجام بدرێت و كۆبوونەوەی یەكەی سەرپەرشتیاری پەروەردە بۆ سەرپەرشتیارانی كارگێڕی بەرێوە بچێت و كارەكان دابەش بكرێت و كێشەكان یەكسان بكرێن بە سفر، لێژنەكانیش بەردەوام بن لە كۆبونەوە و لە سەردانەكانیان بۆ قوتابخانەكان، هەروەها لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان لێژنەی باڵای هەبێت بۆ بەدواداچوونی سەرجەم لێژنەكانی پەروەردەی قەزاكان لەكاتی پێویست رۆڵی سەرەكی بگێڕن لە بەدواداچوونی گرفتەكان و چارەسەركردنیان پێش دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن بارودۆخی خوێندن و قوتابخانەكان لایان روون بێت و بەرچاو و روونی تەواویان هەبێت لە سەر بارودۆخەكە لەسەرجەم پەروەردەی قەزاكان، ئەوەشمان بیر نەچێت لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە هەوڵ بدرێت هەفتانە ووتاری پەروەردەیی لەلایەن دەستەی راوێژكارانەوە ئامادە بكرێت و لە رێگای پەروەردەكان بگاتە سەرجەم قوتابخانەكان لە رێزبوونی بەیانیانی قوتابیان لە یەكەم رۆژی هەفتە لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانە بخوێندرێتەوە كە گوزارشت بكات لە سەر پەروەردەی نوێ و بەها كۆمەڵایەتییەكان و كارامەییەكانی ژیان و خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان و شانازی كردن بە هاووڵاتی بوون و جێ بەجێ كردنی پلانی هەستانەوە و بە نیشتمانی كردنی پەروەردە لە یەكەم رۆژی دەوام و بەبەردەوامی بۆ هەفتەكانی تریش وتاری پەروەردەیی هەبێت.

زۆرترین بینراو