ئامانج مەلا خدر لە ئایندەییەكی نزیك نوێترین بەرهەمی خۆیی بڵاودەكاتەوە

ئامانج مەلا خدر لە ئایندەییەكی نزیك نوێترین بەرهەمی خۆیی بڵاودەكاتەوە

ئا: كامیار ساڵح-رواندز: ئامانج مەلا خدر ساڵی (1991)لە رواندز لە دایك بووە، دەرچووی كۆلێژی یاسایە، نیشتەجێی هەولێرە، ئامانج هەر لە زووەوە گۆرانی دەڵێت بەڵام لە ساڵی (2012) بۆ یەكەم جار دەركەوت.
ئامانج باسی لە بواری خۆی كرد و گووتی:" لەبەر بوونی حەزێكی زۆرم گۆرانی ووتنم هەڵبژارد و ژەنیاری ئامێری (عود) بووم بەڵام چەند ساڵێكە بەهۆی سارقاڵیمەوە لەم ئامێرە دووركەوتومەتەوە، كەسێكی گەشبینم هەر ئاستەنگێك بێتە پێشم بە ئاسانی تێیدەپەڕێنم، زەحمەت زۆرە بە تایبەت لایەنی ماددی، گۆرانی ووتن هەستە و لە ناخەوە ئاسوودەم دەكا، هەر كاتێك دڵ تەنگ بم گۆرانی دەڵێم، زۆرن ئەوانەی یارمەتییان داوم ناكرێت ناوی هەمووان بێنم بەڵام كەسێك كە زۆر یارمەتی داوم (بروا پیرداودە)، زۆربەی هونەرمەندەكان هاورێمن و ئەیانناسم ".
چالاكییەكانی خستەروو گووتی:"بەرهەمم هەیە، دوو بەرهەمم لە دەرەوەی وڵات كلیپ كردووە و خۆشەویسترین گۆرانی خۆشم (شێتە)یە كە پێیەوە ناسرام، لە رواندز و سۆران، هەولێر لە زۆر چالاكی بەژداریم كردووە دوا بەرهەمم فۆلكلۆر بوو زۆر بە گەرمی لەلای خەڵكەوە پێشوازی لێكرا، سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەم كە یارمەتیدەرم بوون، رەخنەی كەمی لێگیرا چونكە بەرهەمێك بوو گەورە و بچووك دەیتوانی گوێی لێبگرێت ".
گووتیشی:"كارێكی نوێم كردووە لەگەڵ ستافێكی زۆر پڕۆفیشناڵ، كارێكی زۆر تایبەتە لە ئایندەییەكی نزیك بڵاوی دەكەمەوە و دەخرێتە بەر گوێی بیسەران، بە ناوی (گیانە)".
لە بەرامبەر رووبەرووبوونەوەی رەخنە و رێگر بوون لە بەردەم سەركەوتن و بەردەوامی گووتی:"هەموو كەسێك رەخنەی لێ‌ دەگیرێت چونكە وەك چۆن من هەموو كەسم بەدڵ نییە ئاساییە منیش بە دڵی هەموو كەس نابم، هیچ كەس ڕێگر نەبووە لە بەردەمم، ئاواتم خزمەت كردنە بە گەلەكەم و دەمەوێ‌ بگەم بە ناوبانگێك زۆربەی كەس لێم رازی بێت، هەوڵبدەن حەز و خەونەكانتان بكەن بە ڕاستی چونكە لەوانەیە ببن بە باشترین گۆرانیبێژ یان باشترین ژەنیار، هەموو شتێك هەوڵ ماندووبوونی دەوێت".
سەبارەت بەو هونەرمەدانەی لە ناو گۆرەپانی هونەردان و لەسەر لایڤ میوزیك ووتی:"هەموو ئیشێكی باش گوێی لێدەگرم و زۆربەیان دەنگیان خۆشە، بەڵێ‌ لایڤ میوزیك زۆر باشە چونكە گۆرانیبێژی باش و خراپ لەیەك جییادەكاتەوە، زۆر داوام لێ‌ كراوە و چەند جارێكیش كردوومە بەڵام ئێستا بەهۆی سەرقاڵیم بە كارێكی تر كاتی لایڤ میوزیكم نییە".

 

زۆرترین بینراو