ئاوارە گەڕاوەكانی ئێران داوا دەكەن قەرەبوو بكرێنەوە

ئاوارە گەڕاوەكانی ئێران داوا دەكەن قەرەبوو بكرێنەوە

ڕائیب شێروانی – سۆران: بەپێی بە دواداچوونی پەیامنێری هەفتەنامەی زاری كرمانجی لە سنووری نووسینگەی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، كە قەزاكانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز لە خۆ دەگرێت، زیاتر لە 12 هەزار خێزان كە لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە قەرەبوو نەكراونەتەوە و 20 ملیۆن دیناریان وەرنەگرتووە. ئەو خەڵكەی كە گەڕاوەتەوە و تا ئێستا قەرەبوو نەكراونەتەوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن هەرچی زووە ئەوانیش وەكو خەڵكی دیكە قەرەبوو بكرێنەوە. بەرپرسی نووسینگەی كۆچ و كۆچبەرانی سۆرانیش دەڵێ:" لە سنووری نووسینگەكەمان تەنیا 877 خێزان لەو بڕە پارەیە كە 20 ملیۆن دینارە سوودمەند بوونە و زیاتر لە 12 هەزار خێزانیش ماون كە قەرەبوو بكرێنەوە، ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی ماددەی 32ی دەستوور ئەركی حكوومەتی عێراقە قەرەبووی ئەو خەڵكە بكاتەوە كە لەسەردەمی رژێمی بەعس ئاوارە بوونە، یان زیانیان بەركەوتووە.
خدر محەمەد، كە لە ساڵی 1975 ئاوارەی ئێران بووە و لە ساڵی 1992 گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و ئێستا لە سۆران نیشتەجێ یە بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" لەو ماوەی كە ئاوارە بووین، تا گەڕانەوەمان توشی ناخۆشیەكی زۆر بووین، دوای گەڕانەوەمان بۆ هەرێمی كوردستان، تا خۆمان لەسەر پێیەكانی خۆمان گرت توشی زۆر ناخۆشی بووین، بەردەوام لە رێكخراوەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان ناومان تۆمار دەكرد، بۆ ئەوەی قەرەبوو بكرێینەوە، بەڵام بەداخەوە پێش شەڕی داعش چەند خێزانێك كە لەو ساڵەی ئێمە گەڕابووینەوە قەرەبوو كرانەوە، ئێمە قەرەبوو نەكراینەوە و ئەو 20 ملیۆن دینارەمان وەرنەگرت.
محمەد، گوتیشی:" زۆر هەوڵماندا و بەردەوام بەدواداچوونمان دەكرد، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئێمەیان دەگوت بە نۆرەیە و دوای ئەوانە ئێوەش قەرەبوو دەكرێنەوە، بەڵام تا ئێستا هەر چاوەڕوانین و قەرەبوو نەكراوینەتەوە، هەر بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین ئەوانەش قەرەبوو بكرێنەوە كە تا ئێستا ئەو 20 ملیۆن دینارەیان وەرنەگرتووە.
نێچیرڤان مونیر، هاووڵاتیەكی دیكەیە بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" لەبەر زۆری و زۆرداری رژێمی بەعس ئاوارەی ئێران بووین، لەوێش رژێم لە ئێمە نەگەڕاو و ئۆردوگای زێوەی بۆردومان كرد، كە بەو هۆیەوە چەندین كەس لە خزم و كەسانی خۆم لە دەستدان، دوای ئەوە لە ساڵی 1993 گەڕاینەوە نیشتمانەكەی خۆمان كە هەرێمی كوردستانە، ناومان لە بەڕێوەیەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران تۆمار كرد، بۆ ئەوەی كاتێك كە ئەو خەڵكەی زیانی بەركەوتووە قەرەبوو دەكرێنەوە، ئێمەش قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تەنیا چەند خێزانێك قەرەبوو كرانەوە و تا ئێستا زیاتر لە 12 خێزان ماون، بۆیە داوا دەكەین كە ئەو قەرەبووە ئێمەش بگرێتەوە وەكو هەر خەڵكێكی دیكە كە قەرەبوو كراونەتەوە.
خورشید جاسم، ئاوارەیەكی دیكەیە و لە ساڵی 1991 لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە و ئێستا لە سۆران نیشتەجێ بووە بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دركاندی:" ئەركە لەسەر حكوومەتی عێراق كە قەربووی هەموو ئەو كەسانە بكاتەوە كە ئاوارە بوونە، یان زەرەرمەند بوونە لە سەردەمی رژێمی بەعس، بۆچی خەڵكی خۆ لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق قەرەبوو دەكاتەوە، بەس خەڵكی هەرێمی كوردستان قەرەبوو ناكاتەوە، بۆیە داوا لە هەموو ئەندامانی كورد لە بەغدا دەكەین كە بۆ ئەو بابەتە بە جددی بێنە سەر خەت، بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئێمەش وەكو خەڵكی باشوور و ناوەڕاستی عێراق قەرەبوو بكرێینەوە".
عەباس ئەمیر، بەرپرسی نووسینگەی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" لە ساڵی 1991ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 22 هەزار خێزانی ئاوارەبووی هەرێم لە ڕێگەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان، گەڕانەوەی ئاوارەكانیش بەردەوامە، تا ئێستا لە سنووری نووسینگەكەمان كە هەر چوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز لە خۆ دەگرێت، 877 خێزان لە 20 ملیۆن دینار سوودمەند بوونە، زیاتر لە 12 هەزار خێزانیش ماون تا ئێستا ئەو بڕە پارەیان وەرنەگرتووە.
بەرپرسی نووسینگەی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران گوتیشی:" ئەوانەی ئەو بڕە پارەیان وەرنەگرتووە رۆژانە سەردانی ئێمە دەكەن و داوای ئەو بڕە پارەیە دەكەن و دەڵێن بۆ هەندێك كەس وەریان گرتووە، ئێمە وەرناگرین، هیچ لە دەستی ئێمە ناهێت و ناتوانین هیچ بكەین، تەنیا ئەوەیە كە بەردەوام داوا دەكەین ئەو خێزانانەی كە تا ئێستا لەو بڕە پارەیە سوودمەند نەبوونە ئەوانیش سوودمەند بن، بەڵام سەرووی خۆمان بیانۆی ئەوە دەهێنەوە كە بودجە نییە.
عەباس ئەمیر، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" بەپێی ماددەی 32 ی عێراق هەر كەسێك لە ئەنجامی زوڵم و زۆری رژێمی بەعس ئاوارە و دەربەدەر بووبێت و توشی زەرەر و زیان بێت، دەبێت حكوومەتی عێراق قەرەبوویان بكاتەوە، ئەوەمان بە ئەندامانی كورد لە بەغدا گوتووە ئەوانیش بەڵێنیان داوە كە لە ناو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو ماددەیە بجووڵێنن و ئەو خەڵكەی كە ئاوارە بووە، یان زەرەرمەند بووە قەرەبوو بكرێنەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە خەڵكی عەرەب كە ئاوارە و دەربەدەر بوون، پاش نەمانی رژێمی بەعس گەڕاونەتەوە هەموو قەرەبوو كراونەتەوە، پارە و پارچە زەوییان پێدراوە، كەچی خەڵكی ئێمە كە ئاوارە و دەربەدەربوونە و زەرەروزیانیان بەركەوتووە تا ئێستا لە بودجەی عێراق سوودمەند نەبوونە".

زۆرترین بینراو