ئاوڕدانەوەیەك لە مێژووی یوسف بەگی بادلی, لە بیرەوەرییەكانی (W.R.Hay) كاپتن رۆبێرت های ئینگلیز

كۆكردنەوەی: محیەدین بادلی
لە هەندێ سەرچاوەی مێژوویی و گێڕانەوەكان باس لە سەردەم و دەستەڵات و قەلەمڕەوی یوسف بەگی بادلی كراوە، لێرەدا باس لە كۆتاییەكانی ژیانی یوسف بەگ دەكەین لە ڕوانگەو یادەوەرییەكانی نێردراوی بەریتانی بەناوی كاپتن ڕۆبێرت های، كە بەڕوونی ئاماژە بەهەندێ لە ویست و ئامانجە شاراوەكانی یوسف بەگ دەكات.
 هەروەها، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پەردە لەسەر پیلان و مەترسیەكانی ئەو سەردەمی ئینگلیزەكان هەڵدەداتەوە..
كاپتن های لە كتێبەكەیدا، بەشێكی تەرخانكردووە بۆ كێشەی ئینگلیزو ئاغاكانی ئەو سەردەمانە لەگەڵ یوسف بەگ، رۆبێرت های لە یادەوەرییەكانیدا دەڵێت:
(دوو مانگ بەرلەوەی سەفەربكەم بۆ ڕواندز، سالح بەگی خۆرانی پێی گووتم، هۆكاری سەرەكی كێشەو بەربەستەكان لە سنووری ڕواندز،  بەلابردنی یوسف بەگی بادلی كۆتای دێن، دەڵێت كە هاتم بۆ ڕواندز لەلایەن كۆمەلێ ئاغای ناوچەكە ئەوە پشتڕاستكرایەوە)
هەروەها، لە شوێنێكی تری یادەوەرییەكانی دەڵێت(یوسف بەگ خەونی بە لاوازبوونی دەستەڵاتی حكومەتی ئینگلیزەوە دەبینی لە ناوچەكە، تاكو حاكمێتی خۆی ڕابگەیەنێت!  ئێمە ئاگاداربووین كە یوسف بەگ چەندین جار نوێنەرەكانی ناردبوون بۆلای بارزانییەكان بەمەبەستی ئەوەی كە هاوكارو پاڵپشتی یەكتربن)
لێرەدا دەردەكەوێت، كە هیواو ویستە دوورەكانی یوسف بەگ تەنها مانەوەی نەبووە لە دەستەڵاتدارێتی ڕواندز، بەڵكو هەوڵەكانی ئەو بۆ ڕاگەیاندنی جولانەوەیەك و پێكهێنانی خودموختارییەك بووە لە ناوچەكەدا، دوور لە حوكمی ئینگلیزەكان، كە بێجگە لە هەندێ ئاغاكانی  ئەوسەردەمانە، زۆرینەی خەڵك دژ بە دەستەڵاتی ئینگلیزو داگیركاری ئەوان بووە، ئەوەش هۆكارو پاڵپشتییەكی باش بووە بۆ ئاواتەكانی یوسف بەگ، لە هەمانكاتدا كاپتن های و ئاغاكانی ناوچەكەی ترساندووە لەو سەرهەڵدانەی كە یوسف بەگی بادلی ئامادەكاری بۆ دەكات. 
لێكدانەوەكان ئەوەمان بۆ دەردەخەن كە سەردانەكەی ئەو نوێنەرە ئینگلیزە، بۆ لابردنی هەیمەنەو مەترسیەكانی یوسف بەگ بووە لە ناوچەكەدا..
های، سەرەتا ویستوویەتی بە فروفێل یوسف بەگ لە دەستەڵاتدارێتی ڕواندز لابدات و كەسێكی تر لە شوێنی ئەو دامەزرێنێت، های دەڵێت( داوام لە چەند ئاغایەك كرد تاكو  شوێنی یوسف بەگ بگرنەوە، بەڵام هیج كەسێك نەیوێرا بڕواتە شوێنی یوسف بەگ، دەڵێ بۆم ڕونبووەوە، یان دبێ دەستەڵات تەسلیم بە یوسف بەگ بكەین یان بەشێوەیەك خۆمانی لێ ڕزگاركەین).
 لێرەدا هەیبەت و توانای یوسف بەگ دەردەكەوێت كە هەموویان داواكاری كاپتنەكەیان ڕەتكردۆتەوەو نەچوونەتە شوێنی ئەو، بێئوومێد بوونی نێردراوە ئینگلیزەكە، لەوەی كە بتوانێت ئاوا بەئاسانی ڕێگری لە ئاواتەكانی یوسف بەگ بكات، هەڵساوە بە جێبەجێكردنی پیلانی لەناوبردن، كە ئینگلیز هەمیشە لەكۆتایدا پیڕەوی كردووە،  بەیارمەتی ئەفسەر سەید عەلی بەڕەگەز عەڕەب و پۆلیسەكانی هاوەلی، پەنای بۆ پیلانگێڕییەكی داڕێژراو بردووە. ئەویش كوشتن و لەناوبردنی ئەو سەركردەیە بووە...
رۆبیرت های، لە نووسینەكانیدا هەردەم یوسف بەگی بە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندیەكانی حكومەتەكەی ناوبردووە!
هەرەوەها، لە شوێنێكی تری یادەوەریەكانیدا، دەڵێت( ڕۆژێك دوای گرتن و دوورخستنەوەی یوسف بەگ، كە هێشتان خەڵكەكە بەوەی نەزانیبوو كە یوسف بەگ مردووە، محمد سعید بەگی سەرۆك عەشیرەتی برادۆست، بەخەمباریەوە داوای لێكردم كە سۆراخی یوسف بەگی خزمی بۆ ئاشكرابكەم و ئازادی بكەم) ئەوەش پەیوەندی دۆستایەتی بەهێزی نێوان بادلییەكان و برادۆستییەكان پیشان دەدات لەو سەردەمانەدا. كە بێچەوانەی هەندێ لە سەرۆك عەشیرەتەكان و ئاغاكانی تری ناوچەكە بووە!
های دەڵێت( دوای گەڕانەوەم بۆ هەولێر، لامدایە لای عەولاپاشای باتاسێ، هەوالی مردنی یوسف بەگم پێڕاگەیاندو دڵخۆشبوو، لەدوایدا دەڵێ، كە گەیشتمەوە هەولێر زۆر دڵخۆشبووم كەلە ئەركێكی گەورەو دژواردا سەركەوتم) لێرەوە دیسان ئاماژەیەكە كە  كوشتنی یوسف بەگ پێشتر بەرنامەو پیڵانداڕێژراو بووە لەلایەن ئینگلیزەكانەوە، تاكو بتوانن جێ پای خۆیان لە رواندزو دەوروبەری دا جێگیربكەن...
هەروەها، رۆبێرت های لە چەند شوێنێكی كتێبەكەیدا، بادلییەكان بە عەشیرەت و یوسف بەگ بە سەرۆك عەشیرەت ناودەبات، لەوەوە دەردەكەوێت كە یوسف بەگ دەستەڵاتداری تەواوی رواندزو دەوروبەری بووە..ئەوەش بە گەواهی ڕۆبیرت های نوێنەری ئینگلیزەكان لە ساڵی ۱۹۱۹ زاینی.

سەرچاوە:
- مذكرات دبلیو ار. هی
- حاكم اربیل السیاسی فی كردستان
- ایام احتلال البریطانی ۱۹۱۸-۱۹۲٠

زۆرترین بینراو