ئاوی سیدەكان شێلووە و خەڵك نای خواتەوە

ئاوی سیدەكان شێلووە و خەڵك نای خواتەوە

موڕشید برادۆستی – سیدەكان: ماوەیەكە ئاوی سەرەكی ناحیەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران رەنگی گۆڕاوە و لێڵ و شێلوو بووە، ئەمەش نیگەرانی هاووڵاتییانی لێ كەوتۆتەوە، بەڕێوەبەری ئاوی ناوچەكەش دەڵێت" ناچارین كەمێك لە ئاوی رووبار تێكەڵ بە ئاوی خواردنەوە بكەین و لە ئیستادا توانای چارەسەر كردنمان نییە .
ئاوی خواردنەوەی سیدەكان لە كوێستانی بەربزین سەرچاوە دەگرێت، بەهۆی زۆر بوونی رێژەی دانیشتوانانیش ئاوەكە بەشی سەرجەم دانیشتوانانی سەنتەری ناحیە ناكات و فەرمانگەی ئاوی سیدەكانیش بەمەبەستی رزگار بوون لە كەم ئاوی و ناچار بووە لەو وەرزەی ساڵدا تا كۆتای هاوین ئاوی رووبار تێكەڵ بە ئاوی خواردنەوە بكات و بەو شێوەیە بەشی دانیشتوانانی دابین دەكات .
كاروان خۆشەوی هاووڵاتییەكی دانیشتووی مەیدانی سیدەكان بە زاری كرمانجی گووت " سەر چاوەی ئاوی خواردنەوەی سیدەكان هیچ فلتەرێكی نییە تا بتوانرێ ئاوی لێڵ و شێلوو سافی و پاك بكاتەوە یا ئاوەكە لە پیسی بپارێزێت، بەداخەوە دووای چەندین ساڵ تا ئێستا فەرمانگەی ئاوی سیدەكان پلانی نەبووە بۆ دابین كردنی ئاوێكی سازگار و خاوێن، لە كاتێكدا خاوەن چەندین كانیاو و كوێستانی دڵڕفێنی پڕ لە ئاوین .
زیاتر گووتی" ئاوی رووبار تێكەڵ بە ئاوی خواردنەوەمان دەكرێت ئەمە لە كاتێكدایە ئەمساڵ لە ئەنجامی درووست بوونی لافاو لاشەی مرۆڤ و گیانداران لە نێو رووبار بینراوە و پاك نییە ئاوەكە، هەروەها لەوكاتەی لوولەی ئاومان خراپ ببوو لەكاتی چاككردنەوە شتی زۆر پیسی تێدابوو، بۆیە ئەگەر بێتوو فلتەرێك دابندرێت دەتوانرێ لەو كێشانە رزگارمان بێت، ماوەیەكی زۆر زۆرە ئاوەكانمان پیس و قوڕاویە كەس چارەسەری نەكردووە، بۆیە دەخوازین حكومەت ئاوڕێكی جددی لە سیدەكان بداتەوە و كێشە و گرفتی ئاوی خواردنەوەمان بۆ چارەسەر بكات .
جێگر قادر هاووڵاتییەكی دانیشتووی سیدەكانی كۆن بە زاری كرمانجی گووت " ئاوی خواردنەوەمان شێلوو بووە هەرچەندە ئێستا كەمێك باشترە، بەڵام دیسان كێشەی كەم ئاویمان بۆ دروست بووە، بەڵام وەك پێشتر ئاوەكە بەهێز نییە و بە زەحمەت ئەچێتە سەر تانكی ماڵەكان.
زیاتر گووتی" كێشەی ئاوی خواردنەوە لە سیدەكان پەیوەندی بە حكومەت و خەلكەوە هەیە، چونكە ئەگەر خەڵك هەموویان دەست بە ئاوەوە بگرن و " شێرەی ئاو " ببەستن لە كاتی ئیشیان پێ نەما، بێگومان ئاوی كانیاو كە ئاوی سەرەكیی سیدەكانە بەشی هەمووان دەكات، بەڵام دیاردەی بە فیڕۆدانی ئاو بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بەشێكی زۆری هاووڵاتییان كە ئیشی پێ نەما بەردەداتەوە سەر شەقام و ئۆتۆمبێلی پێدەشۆن، بۆیەش ئاوی سەرەكی لاوازە و وەك پێویست نییە، بۆیە لە كاتی كۆكردنەوەی داهاتی ئاو هاووڵاتییانیش بە زەحمەت پارە دەدەن، لەبەر ئەوەی خەڵك لەو ئاوە ڕازی نیە بۆیەش نایەوێ پارەی ئاوێك بدات كە كەڵكی خواردنەوەی نییە، لە لایەكی تریش حكومەت كەمتەر خەم بووە دووای هەشتا ساڵ دەبوو ئێستا خاوەن گەورەترین پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە باین .
لێل بوون و كەمی ئاو كێشەی سەرەكی دانیشتوانانی سیدەكانە، بەڵام بەشێك لە دانیشتووانانی ناوچەكە ئاواتە خوازن بە هەبوونی ئاو، وەك رەعد رەشید كە یەكێكە لەو هاووڵاتییانەی دانیشتووی گەڕەكی فەرمانبەرانی سیدەكان گووتی" ماوەی پێنج ساڵ زیاترە دانیشتووی گەڕەكی فەرمانبەرانین كە دەكەوێتە سەر رێگەی گوندی شیوەگەرمك، بێبەشین لە ئاوی خواردنەوە و تا ئێستا حكومەت و فەرمانگەی ئاو، نەیان توانیووە ئاوی سەرەكیمان بە فەرمی بۆ رابكێشن كە ژمارەمان نزیكەی 100 ماڵ دەبێت، چەندین جاریش سەردانی لایەنی پەیوەندی دارمان كردووە بە بیانووی جۆرا و جۆر خەم ساردی لە راكێشانی ئاو دەكەن .
لە سیدەكان ئەو ماڵانەی بیری ئاویان هەیە، بوونەتە فریاد رەسی دەیان ماڵ و هەر یەكێكییان ئاو بە دراوسێ و دانیشتووانی دەرووبەری خۆی دەدات .
لەلای خۆشیەوە، جامی خورشید بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سیدەكان بە زاری كرمانجی راگەیاند" ئاوی سەرەكی سیدەكان ئاوی كانیاوەكانی كوێستانی بەربزینە بەهۆی تووانەوەی بەفر لە كوێستانەكە ئاوەكە شێلوبووە و تا مانگی شەشی هەموو ساڵێك رووبەڕووی ئەو كێشەیە دەبینەوە، ئەمەش تەنها لە سیدەكان نییە و لە زۆر شوێنی تر ئاو ئەو كاتانەی ساڵ رەنگی دەگۆڕێت و شێلوو دەبێت، بەڵام ماوەی یەك هەفتەیە ئاوی كانیاوەكەش زۆر كەم بووەتەوە و بەشی نیوەی سیدەكان ناكات، بەمەستی رزگار بوون لە گرفتی كەم ئاوی، ناچار بووین كەمێك لە ئاوی رووبار تێكەڵ بە ئاوی سەرەكی سیدەكان بكەین .
زیاتر گووتی " سێ رۆژ جارێك و بۆ ماوەی زیاتر لە سەعاتێك ئاو بەسەر دانیشتوانانی گشت گەڕەك و كۆڵانەكانی سیدەكان دابەش دەكەین و ساڵانە لە كۆتای وەرزی بەهار دووچاری كێشەی كەم ئاوی دەبینەوە تا وەرزی پایز، ئەوەی لە توانای ئێمە بووبێت كردومانە و بە نوسراوی فەرمی چەندین جار بەڕێوەبەرایەتی ناحیە و قایمقام و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆرانم لێ ئاگادار كرۆدتەوە.
لە بارەی چارەسەر كردن و بنببڕكردنی كێشەی كەم ئاوی و لێڵبوونی ئاو، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سیدەكان دەڵێت"بەشێكی زۆری كێشەی كەم ئاوی لە سیدەكان پەیوەندی بە خەلكی دەڤەرەكەمانەوە هەیە، چونكە سێ جار پارەی بۆ دەرچووە و خەلكی دۆڵی زەرزێ رێگر بوون لە ئەنجامدانی دوو پڕۆژە، جارێك رەزامەندی چاككردنی ئاوی كەتیینە و هەروەها ئاوی رووباریش دەرچوو، لەلایەن ریكخراوی ڤوگای ئەمریكی بووددجەی تەواوی بۆ دابین كرا بەڵام خەلكێكی زۆری ناوچەكە چوونە لای قائیمقام و لایەنە پەیوەندی دارەكان و رێگر بوون لە هێنانەوەی ئاو و بەڕێوەچوونی پڕۆژەكە، لە وڵاتی ئێمە دەبێت سەرجەم پڕۆژەكان رەزامەندی خەلكی لەگەڵدا بێت ئەمەش لە هیچ وڵاتێكی دوونیا نەبووە! .
سەنتەری ناحیەی سیدەكان شەش گەڕەك لەخۆ دەگرێت، لەو گەڕەكانە 760 بەشداربووی هەیە، ئاوی خواردنەوە بەهەموو گەڕەكەكان گەیشتووە كە پێكهاتوون لەگەڕەكی فەرمانبەران، ئازادی، گوڵان، رزگاری، سەربیش، راپەڕین . بەگشتی گەڕەكەكان بێ كێشەن تەنها بەشێكی گەڕەكی فەرمان بەران نەبێت .

زۆرترین بینراو