ئاڵوگۆڕی ئەدەبیات وبیرۆكەی پەروەردەیی

فەرهاد قادر ئۆمەر

گومان لەوەدا نییە كە خوێندن لەهەرێمی كوردستان دەناڵێنێت بەدەم كۆمەڵێك كێشەو گرفتەوە، كە زۆرێك پێیانوایە چارەسەری ناڵێم ئەستەمە، بەڵكو سەختە، ئەوەشیان لەبەر زۆری كارەكتەری ئاڵۆزو تێكهەڵكێش. بۆیە كە دەست بۆ ئەو بابەتە دەبەین هەزارو یەك بیرۆكە لەهزروبیرمان قەتیس ئەمێنێ وئەوە دەخوازێ بەهۆشیاریەوە لەگەڵیدا بژین.
گەر لێرەدا مەبەستمان هەڵسەنگاندنی راستەقینەی بواری پەروەردەیی بێ، دەبێ بە پرسیاری لەكوێوە دەست پێبكەین ئاراستەی كارەكان وەرگرین.؟! بەو پێیەی هەر یەك بەچاویلكەیەكی جیاوازو بەشرۆڤەیەكی جیاواز لەدیدو بۆچوون دەیخوێنێتەوە، بۆیە ئەوەندەی دەكرێت خۆ وەدوورگرین لەشرۆڤەی ناعەقڵانی، بەو ئامانجەی ئەم رۆژنامە قەشەنگە هزریی رۆشنبیرییە ببێتە سەكۆیەكی ئازادی ئاڵوگۆڕی بیرۆكەو راوبۆچوونی پەروەردەیی. بەو پێیەی ئاڵوگۆڕی بیرۆكە وزانیاری وسوود وەرگرتن لەئەزموونەكان لەهەموو دنیا رێگەیەكی ناوازەی پەروەردەییە بۆ دەوڵەمەندكردنی پڕۆسەی پەروەردە، بەڵام لەو وڵاتەی ئێمەدا نەك هەر ئەو جوانیەی نییە، بەڵكو لەخولەگەیەكی داخراوی كۆمەڵێك پڕۆگرامی هاوردە دەخولێتەوە، گرنگ ئەوەیە پڕۆگرامی هاوردە لەلای ئێمە كەلتوورێكی تەقلیدییەو بەڕیشە نەك بەئیش.. ئەمەش دەرەنجامی ساڵێك و دوان نییە، بەڵكو ساڵانێكە ئەو لێكترازانە ئاراستەی خۆی وەرگرتووەو پێیەكانی لەزەویدا قایمكردووە. هەموو ئەمانە گەر بڵێم پەتایەكی كوشندەیە هەڵەم نەكردووە كە بۆتە هۆی نزمبوونەوەی ئاستی زانستی توێژی خوێندەوار لەكۆمەڵگەی كوردیداو وەك قەیرانێكی ترسناك بینەقاقای بواری پەروەردەوفێركردنی گرتووە لەكوردستان. دەچیبكەین لەو وڵاتە نیمچە ئازادەی خۆماندا گەر بەرێژەی رەهاش نەبێ دەتوانین بڵێین بواری پەروەدەوفێركردن گشت پێوەرەكانی ئەدەبیاتی پەروەردەیی بەزاندووەو نموونەی نییە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەجۆرێك خاكیەتی پەروەردەیی خۆمان لەدەستداوە.
لەوەش زیاتر بۆ ئەو باوەڕە چووە كە زمانی پەروەردەیی و سیاسیمان تێكەڵكردووە، وەك مەلای مەشوور گووتەنی كردوومانە بەتەیرێكی ماقوول، بەجۆرێك لەجۆرەكان زمانێكی پەروەردەیی لەدایك بووە كە لەڕووی زاراوەو دروشم وكلێشاكانییەوە دەگمەنەو هاوشێوەی نییە. سەیرەكە لەوەدایە لەمەتەڵ دەچێ وكەس بۆی شیناكرێتەوە..نەدۆست،نەدوژمن. گەر ئەدەبیاتی پەروەردەیمان وەك مادەیەكی دیراسی لەكۆلیژەكانی ئەهلی وحكومی بخوێنرایە، گومان نەبوو لە ( 99 % ) ئەندامانی كارای سەندیكای خاوەن بڕوانامەكانی دكتۆراو زیاتریش لەوان لەتاقیكردنەوەكاندا دەرنەئەچوون وبەشی زۆری نووسینگەكانی حكومی وئەهلی بێ بڕوانامە ئەبوو. ئەمڕۆ وایلێهاتووە بوێژترین سنعەتداری ئەدەبیاتی پەروەردەیی ئەو كەسەیە لەوتەكانیدا باق وبریقەدار بێ وخەڵك كەمەندكێش وسەرسام بكات بەموو هاتەرات و سەركێشییە پەروەردەییەكانی، لەگەڵا هەموو ئەمانەشدا شتێك نییە سەرسامم بكات.. چونكە ئاماژەن بەوەی كە بەشێك لەپەروەردەكارانی دەزگا پەروەردەییەكانی كوردستان هەمیشە هەرەمەكیانە دوای سیستەمە پەروەردەییەكانی دنیا كەوتوون، گەر خودا تەمەن بدا وچەند ساڵێكی دیكە تیایا ژیاین.. ئەو كاتە تێئەگەین وهەست بەوە ئەكەین پەروەردە چەندە زەبوون وكلۆڵ و وابەستەی كەلتوورە نەخوازراوەكانی پڕۆگرامی هاوردە بووە. لەكۆتاییدا ماوە بڵێم ئەركی ئێمەیە وەك چالاكوانانی بواری پەروەردەیی هەوڵدەین لەمیانەی نووسین وكار وچالاكیەكانماندا وێنایەكی زەینی ومەعریفی بدەینە لایەن ودەزگا پەیوەندیدارەكانی پەروەردەیی لەهەرێمی كوردستان بە ئومێدی خوێندنەوەیەكی تەندروست بۆ سێكتەری پەروەردەیی بەگشتی.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو