ئاڵوگۆڕ كردن هێشتنەوەی ڤایرۆسەكانە

ئیسماعیل ئیبراهیم

 

چەند رۆژ بەر لە ئێستا هەواڵی گۆڕانكاری لە دامەزراوەكانی حكومەت بە گشت جومگەكانەوە بڵاو كرایەوە، گوایە لەم مانگەوە وردە وردە دەست دەكرێت بە گۆڕٍانكارییەكان، ئەم هەواڵە چەندە دڵخۆشكەر بێت ئەوەندەش جێگەی لەسەر وەستان و تێرامانە.
پرسیارە ئاڵتوونیەكە ئەوەیە ئاخۆ گۆڕانكارییەكان چۆن و بە چ شێواز و لە چ ئاستێك دان؟
ئەوەی لە رابردوو بۆتە هۆی ناشیرینكردنی حكومەت و بەفیڕۆدانی سەرمایەی گشتی و توڕەكردنی شەقام لە حكومەت و نەهێشتن یا لاوازكردنی ئینتمای نیشتمانی، ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانەن كە بەهەموو شێوەیەك و تا توانیانە بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن دەستیان بۆ گەندەڵی بردووە، بەشێكی زۆری گەندەڵییەكانیان بە یاسایی كردووە، لە هەمووشی مەترسیدارتر ئەوەیە بە شێك لەو گەندەڵكارانە بە تەنها نین و وەك گرووپ یا باشتر بڵێم وەك مافیایان لێهاتووە، بەجۆرێك لە دامەزراوەیەكی بچووكی حكومەت تا وەزارەت وەك زنجیر پێكەوە بەستراونەتەوە، ئەگەر بەڕێوەبەرێك گەندەڵ‌و كمتر خەم و ناكارامە و ناشایستە نەبێت، كارمەندێكی سادە بۆ راییكردنی كاری هاووڵاتییان كە ئەركی خۆیەتی داوای رەشوە ناكات، واتە بابەتەكە لە بناغەوە وێرانە.
لەلایەكی دیكەشەوە ئەو هاووڵاتییەی رەشوە یا بەرتیل بۆ بەرپرسان دەبات بەقەد بەرتیل و رەشوەخۆرەكە تاوانبارە، بەڵام ئەگەر واش نەكات كارەكەی رایی ناكرێت و هیچ شوێنێكیش نییە پەنای بۆ ببات.
لێرەوە دەمەێت بڵێم گۆڕانكاری ریشەیی پێویستە لە دامەزراوەكان نەك ئاڵوگۆڕی، یا گواستنەوەی بەرپرسێك یا بەڕێوەبەرێك بۆ دامەزراوەیەكی دیكە یا بەرزكردنەوەی پلەی وەزیفی و پێدانی ئیمتیازی زیاتر، گواستنەوە و ئاڵوگۆڕ كردنی ئەو بەڕێوەبەر و بەرپرسانە وەك گواستنەوەی ڤایرۆسەكانە لە جەستەیەكەوە بۆ جەستەیەكی دیكە.
ئەگەر كەسێك گەندەڵ بووبێت و زۆربەی هەڕە زۆری چین و توێژەكانی كۆمەڵگە لێی ناڕازی بین، خەوشێكی مەزنە بە ناوی گۆڕانكاری پۆستێكی مەزنتری بدرێتێ، یا بگوازرێتەوە بۆ دامەزراوەیەكی دیكە، یا ئاڵوگۆڕی پێبكرێت لەگەڵ كەسێكی دیكەی هاوشێوەی خۆی.
ئیتر دەبێ ئەو كلتوورە بگۆڕدرێت كە كەسێك دەبێتە بەرپرس تا لە تەمەن مابێت هەر بەرپرس بێت، ئەمەشە وادەكات هەرگیز گەندەڵی لە كوردستان بن بڕ نەبێت، ئەگەر دوای چەند ساڵێك كە كەسێك دەبێتە بەڕێوەبەر دواتر ئەو ئەركەی لێ بەسەندرێتەوەو وەك كارمەندێكی حكومی لە هەمان دامەزراوەی خۆی كار بكات، چەندین كێشە لە كۆڵ حكومەت و خەڵك دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ناتوانێت دەست بۆ گەندەڵی ببات چونكە دواتر لەسەری ئاشكرا دەبێت.
لە رووی داراییەوە ئەركی لەسەر حكومەت كم دەبێتەوە و جیاوازی چینایەتی دروست ناكات، وەك ئەوەی ئێستا هەیە و منداڵە بەرپرس یا بەڕێوەبەرەكان پێیانوایە لە ئاسمانەوە هاتوونەتە خوارەوە و پۆز لە سەر خەڵكی دیكە لێ دەدەن. دەبێ حكومەتیش باش لەوە تێ بگات نابێ جیاوازی لە نێوان كەس بكات، تەنها كارامەیی و دڵسۆزی نەبێت، پێویستە حكومەت بۆ رێكخستنی ئەم بابەتانەی سەرەوە بیر لە دانانی یاسایەك بكاتەوە كە ئەو كەسی ئەركێكی پێ دەسپێردرێت هەموو دەم لە ترسی ماددە و بڕگەكانی ئەو یاسایە ترسی لە سزا و لێ پێچینەوە هەبێت، ئەو كاتەش هەموو كەس بە دوای كورسی راناكات، بەڵكو كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دەدۆزرێتەوە و شكۆ و هەیبەتیش بۆ دامەزراوەكانی حكومەت دەگەرێتەوە.
ئێستا هەر كە ناوی بەرپرسێك دەهێندرێت با كەسی خاوێن و دەست پاكیش بێت، بەڵام راستەوخۆ تۆمەتی گەندەڵ بوونی دەدرێتە پاڵ، ئەم گومانەش لە خۆڕا نەهاتووە ئاراوە، ئەم گومانە لە پاشخانێكی چەندین ساڵەی رابردووەوە هاتووە، كە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ئەم وەڵاتە وەك دووكانێكی پارە پەیداكردن لە دامەزراوەكانیان روانیوە و هاووڵاتییانیان وەك موشتەرییەكی چەوڕ و بێ ئاگا، خراپترین رۆڵیشیان هەبووە لە ناشیرین كردنی كابینەكانی رابردوو.
كەس نییە لەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانە بپرسێت، ئەرێ خێرە ئەم چەند مانگە لەسەر قاچێك وەستاون بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان و زۆر خۆتان بەدڵسۆز نیشان دەدەن؟.

زۆرترین بینراو