ئایدن مەعروف:  نێچیرڤان بارزانی بەربژێری پێكهاتەكانە و دەنگی پێ دەدەین

ئایدن مەعروف: نێچیرڤان بارزانی بەربژێری پێكهاتەكانە و دەنگی پێ دەدەین

ئا- ڕائیب شێروانی: فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی، گۆڕان، سەردەم، هەموویان دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی دەدەن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان. سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانیش دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی نەك تەنیا بەربژێری ئەوانە، بەڵكو بەربژێری پێكهاتەكانیشە، لەبەر ئەوەی لە رابردوو بە بێ جیاوازی خزمەتی خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكانی كردووە، لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ خێراتر دەكات.
ئایدن مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:"تا 25 ئەم مانگە بە دەنگدانی ئاشكرا سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، كاراكردنەوەی ئەو پۆستە و دەستنیشانكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو پۆستە گرنگە، لەبەر ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەزگایەكی سیاسی و نیشتمانییە، پێویست بەوە دەكات كە چەند زووتر سەرۆكی هەرێم دەست بەكار بێت باشترە، بۆ ئەوەی كاندیدی فراكسیۆنی گەورە ڕاسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ خێراتر دەكات.
سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ:" ئێمە وەكو پێكهاتەكان پشتگیری لە نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەكەین و دەنگی پێ دەدەین، لەبەر ئەوەی لە رابردوو بە بێ جیاوازی خزمەتی خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكانی كردووە، لە داهاتووش زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بە پێكهاتەكانەوە دەكات، ئەوەش گرنگە بۆ هەرێم.
ئایدن مەعروف، گوتیشی:" نێچیرڤان بارزانی لە قۆناغە هەستیارەكاندا توانیویەتی كێشەكان چارە بكات، كارێزمایەكی سیاسی زۆر بەهێزە و بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لێ دەكەین و دەنگی پێ دەدەین، چونكە لەو پۆستە نوێیەی كە وەردەگرێت سەركەوتوو دەبێت و كێشەكان بە ئاشتیانە چارە دەكات، لە هەمان كاتیشدا پێویستە لایەنە سیاسیییەكان پشتگیری لێ بكەن و هاوكار بن لەگەڵی.
ئایدن مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" لەو خولەی پەرلەمان هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی كۆمەڵێك پرۆژە یاسای زۆر گرنگ دەدەین، بەتایبەتی بابەتی چاكسازی كە لە خولی چوارەم بۆ خولی پێنجەم بەجێ ما، دەبێت پرۆژەكە دوور لە موزایەدەی سیاسی چارەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت هەندێك گۆڕانكاری لەرووی دارایی و ئیداری و چاكسازی بكرێن، بۆیە پرۆژەیەكی گرنگە، لەگەڵ ئەوەی هەندێك پرۆژەی دیكە هەن كە ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە پێویستە گۆڕانكاریان تێدا بكرێت و هەموار بكرێنەوە و بگونجێن لەگەڵ رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان، هەروەها پێویستە پرۆژە یاسای دەستوور پەسەند بكرێت و كوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، دەبێت لەم خولەدا دەستوور یەكلا بكرێتەوە، هەروەها یاسای هەڵبژاردن گرنگە، بۆیە هەر پرۆژەیەك لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بێت، دەبێت پەسەند بكرێت و بخرێتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر دەڵێ:" ئێستا پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا زۆر باشن، پێویست بەوە دەكات باشتر بن، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندی هەردوو لادایە".

زۆرترین بینراو