ئه‌شكه‌وته‌ گه‌شتوگوزاریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ژێر مه‌ترسی دان

ئه‌نوه‌ر دۆڵەمه‌ری 

چالاكوانی شاخه‌وانی و ژینگه‌پاریَزى
هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌شكه‌وتی جۆراوجۆری تیدایه‌ كه‌ هه‌رجۆرێك ده‌كرێ به‌ جیا بۆ گه‌شتوگوزار سوودی لێوه‌ربگیرێت، ئه‌وی زیاتر لێره‌دا باسی لێوه‌ ده‌كه‌ین جۆرێكی تایبه‌ته‌ كه‌ به‌ هۆی ئاو و شێداریه‌وه‌ به‌رده‌كانی ده‌بن به‌ كلس و ده‌نیشن و دیمه‌نێكی جوان و سه‌رنجڕاكێش دروست ده‌كه‌ن.
ئەشکەوت بە هۆی کاریگەری ئاوی ئەسیدی لە توێژی كلسی (قسڵ)خاک دروست دەبن و بە دوو شێوە لە ناو ئەشکەوت دا جوانی ئەبخشی، كه‌ ستالاكتایت و ستالاگمایتن، بابزانین ئه‌م دوو ناوه‌ چییه و چۆن دروست ده‌بن؟
(ستالاكتایت)ه‌کان به‌ردی كسڵین كه هاوشێوەی چلووره، له سەقفی ئەشکەوتەکانەوه شۆڕ دەبنەوه. (ستالاگمایت)ـەکان به‌ردی كسلین كه به‌شێوەی ئەستوونی قوچ ده‌بنه‌وه‌ و روو له‌ ئاسمان و بنمیچی ئه‌شكه‌وت ده‌كه‌ن، واته‌ له سەر زه‌وی ئەشکەوتەکان دروست دەبن. زۆربەی ئەشکەوتەکان له تاشەبەردی گەچی و كلسی (قسڵی) دروست ده‌بن، بۆیه‌ ئاو دەتوانێ ئەم بەردانه له خۆیدا بتوێنێتەوه، ئەو ئاوه كسڵدارەی دڵۆپ دڵۆپ له میچی  ئەم ئەشکەوتانەوه دەتکێ، هەڵم دەکا و به‌ردی كسڵی زیاد له‌ شوێن ئاوه‌كه‌ یان دڵۆپه‌ ئاوه‌كه‌ جێده‌هێڵێت و ورده ورده ئەم به‌ردانه‌ به شێوەی چلووره له بن میچی ئەشکەوتەکان شۆڕ دەبنەوه و ستالاكتایت دروست ده‌بێت. ستالاگمایتەکانیش هەر بەم شێوه دروست دەبن، بەو جیاوازییەی كه ئەوان له مانەوەی به‌رده‌ كلسیه‌ ئاوییەکان که دەتکێته سەر زه‌وی ئەشکەوت دروست ده‌بن. هەندێ جار، ستالاگمایتەکان وەها بەرز دەبنەوه که دەگەنه ستالاكمایتەکان و ئەستوونێک له ناو ئەشکەوتدا پێكده‌هێنن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌شكه‌وتی به‌ستوون چه‌ند باره‌ بۆته‌وه‌. له هەندێ له ئەشکەوتەکانیشدا ستالاكمایتەکان ئەوەنده گەوره دەبن که زارکی ئەشکەوت دادەخەن و بەشێویەك كێشه‌ بۆ هاتوچۆ دروست ده‌كه‌ن. 
پرۆسە سروشتییەکان بۆ ساتەوەختێکیش ناوەستن، ئەگەرچی بۆ ملیۆنان ساڵ بەردەوامن. بیرمەندان مەزەندەیان کردووه که ستالاکتایتەکان و ستالاگمایتەکان له ماوەی 100 ساڵ نزیکەی 1 سەنتی مەتر گەشە دەکەن، هەر بۆیه کاتێک دەچنه ناو ئەشکەوت وریای جوانی ئه‌و ئەشکەوته‌كان و پێكهاته‌كانیان بن، به‌تایبه‌ت (ستالاکتایت و ستالاگمایت) ه‌كانیان ده‌سكاری مه‌كه‌ن.  با بەئاسانی سروشتی ناوازه‌ی ئەوشکەوت تێک نەدین.
لە کوردستانی خومان چەندها ئەشکەوتی جوانمان هەیە، وەکو ئەشکەوتی شانەدەر و بێستون و کونەبا و چەندانی تر کە حکومه‌ت و لایەنی شۆێنەوار زۆر کەمتەرخەم بۆینە لە ئاست ئەم شوێنەوارانە، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ هاووڵاتیان و گەشتیاران جوانی ئەم ئەشکەوتەکانیان بە نووسین شێواندوه‌ و  ده‌ستكاری هه‌ندێكیان كردوه‌ و بڵورەکانیان شكاندوه‌ و ئاگریان له‌ هه‌ندێك شوێن هەلکردوه‌، كه‌ بۆته‌ هۆی تێکدان و شێواندن، ئه‌گه‌ر ئه‌م كرده‌وه‌ و وێرانكاریه‌ نه‌وه‌ستێنین، ئیتر شتێکمان بە ناوی جوانی ئەشکەوه‌ته‌كان نامینیت. 
جێگای ئاماژه‌ پێدانه‌ كه‌ ده‌توانین بۆ کەرتی گەشتیاری سوود له‌م ئه‌شكه‌وتانه‌ وه‌ربگرین، به‌تایبه‌ت سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموون و زانیاری شاخەوانەکان بۆ بابه‌تی ئه‌شكه‌وتناسی و ئه‌شكه‌وته‌وانی، چونکە ئەشکەوتوانی بەشێکە لە شاخەوانی، لە دونیای دەرەوە یاسایی تایبەت بە ئەشکەوت هەیە، ئه‌شكه‌وته‌كان بوونه‌ته‌ یەکیک له‌سه‌رچاوه‌ی داهاتی وەڵات. له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موو بابه‌ته‌كه‌ پێچه‌وانه‌یه‌، زۆر بە داخەوە كه‌ هیچ یاسا و پارێزگاریکردنێك لەم ئەشکەوتانە نییه‌، هیچ کەس خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

 

زۆرترین بینراو