ئۆزێك  سیاسەتمەدارانی توركیا تووڕە دەكات

ئۆزێك  سیاسەتمەدارانی توركیا تووڕە دەكات

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: زۆر لە چاودێرانی سیاسی تورك، رەخنە لە یانەی فەنەربەخچەو میدیای توركیا دەگرن، بەهۆی گرێبەستكردن لەگەڵ مەسعود ئۆزێلی یاریزانی ئەڵمانی.
پەیوەندیكردنی ئۆزێل بە یانەی فەنەربەخچەی توركییەوە، بووە جێگەی بایەخی میدیای توركیا، كە چەند رۆژێك مانشیتی سەرەكی رۆژنامەو سۆشیال میدیای ئەو وڵاتە بووە، ئەمەش زۆر لە سیاسەتمەدار و چاودێرانی ئەو وڵاتەی تووڕەكرد، كە پێیانوایە كەسێك دەستبەرداری وڵاتینامەی وڵاتەكەی بێت، شایەنی ئەو هەموو بایەخ پێدانە نیە.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لە توركیا دەڵێن" ئەوكاتەی ئەو فڕۆكەیەی ئۆزێلی تێدابوو دەستی بە فڕین كرد لە لەندەنەوە بەرەو ئیستەنبووڵ، زیاتر لە 370 هەزار كەس چاودێری ئاراستەی فڕۆكەكەیان دەكرد، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە گەیشتنی ئۆزێل بۆ توركیا".
چاودێرانی سیاسی، پێیانوایە ئەم گەورەكردنەی ئەو یاریزانەو هاتنی بۆ یانەیەك كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا هاندەریەتی، رەهەندێكی سیاسی لەپشتەوەیە، لە كاتێكدا نەدەبووایە ئەوەندە بایەخ بە یاریزانێك بدرێت، كە لە ساڵی 2007 دەستبەرداری وڵاتینامەی توركی بووە، كاتێك بڕیاریدا هەڵبژاردەی نیشتیمانی توركیا رەتبكاتەوەو یاری بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانی ئەڵمانیا بكات.
ئەوان دەڵێن" دەستەڵاتدارانی توركیا دەیانەوێ پاڵەوانێكی نەتەوەیی خەیاڵی درووست بكەن، كە لە بنەڕەتدا شایەنی ئەوە نیە".
ئەمە لە كاتێكدایە، كە یانە توركییەكە پارەیەكی زۆر لە گرێبەستی ئۆزێل خەرجكردووە، ئەگەرچی بە هاتنی ئۆزێل بڕی فرۆشەكانی بە رێژەی 7٪ زیادیكردووە.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان دەڵێن" دوو كەس گوشاریان خستووەتە سەر ئۆزێل بۆ جێهێشتنی پرێمەرلیگ و پەیوەندیكردن بە خولی توركیاوە، كە ئۆزێل ناتوانێت قسەیان رەتبكاتەوە، ئەوانیش رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیاو ئامینە گوڵشەی هاوژینی ئۆزێلن".
ئەردۆغان پەیوەندیەكی باشی لەگەڵ ئۆزێل هەیەو ئەوكاتەی لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوورخرایەوە، سەرۆك كۆماری توركیا پشتگیری لێكردو لە ئیستەنبووڵ پێشوازی لێكرد، هەروەها رۆژی 7ی حوزەیرانی 2019 كاتێك ئاهەنگی هاوسەرگیری ئۆزێل و ئامینە لە هۆتێلێكی شاری ئیستەنبووڵ لە ناوچەی بێشیكتاش بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوژینەكەی، بەشدارییان لە زەماوەندەكەدا كرد، ئەردۆغان بووە شاهێدی مارەبڕین و ماوەی كاتژمێرێك لە زەماوەندەكە مایەوە.

زۆرترین بینراو