ئیتۆ هێرش دەكاتە سەر سپی پێستەكان

ئیتۆ هێرش دەكاتە سەر سپی پێستەكان

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: ساموێل ئیتۆی ئەستێرەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنەو هەڵبژاردەی كامیرۆن، بەتوندی هێرشیكردە سەر ئەو سپی پێستانەی هێرش دەكەنە سەر كەسانی رەش پێست و بە نامەرد ناوی بردن.
لە وێستگەیەكی شەمەندەفەری فەڕەنسا، پۆلیسێك هێرشیكردە سەر ئافرەتێكی رەش پێستی دووگیان و زۆری لێدا، ئەمە هەمان روداوی كوشتنی جۆرج فلۆیدی ئەمریكی لەسەر دەستی پۆلیسێكی سپی پێست بەبیر هێنایەوە، كە چەند هەفتەیەك لەمەوبەر كوژرا.
ئیتۆ لە رێگەی تویتەرەوە بەتوندی سەركۆنەی ئەو كارەی كردو گووتی": ئێوە چەند ترسنۆكن، پیاوەتی خۆتان بەرامبەر ئافرەتێك پێشان دەدەن لە كاتێكدا ئەو دوو گیانیشە".
ڤیدیۆی پەلاماردانی ئەو ئافرەتە لەلایەن پۆلیسەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەو سەركۆنەی زۆری بەدوادا هات، لەبەرئەوەی ئافرەتەكە دووگیانەو لەكاتی هێرشەكەدا سەری بەر زەوی دەكەوێت، دواتریش پۆلیس گازی فرمێسك رێژی بەكارهێنا كە مەترسی بۆ كۆرپەی ناوسكی ئەو ئافرەتە درووست دەكات.
ماڵپەری یاهوو ئاشكرایكردووە، پۆلیس بەبێ هۆكار داوای لەو ئافرەتە كردووە وێستگەكە بەجێبهێڵێت و كاتێك رەتیكردۆتەوە لەبەرئەوەی بەبێ هۆكار ئەو داوایەیان لێكردووە، دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرچووەو پەلاماری ئافرەتە دووگیانەكە درا.
لە ڤیدیۆكەدا كە كەسێكی نەناسراو تۆماریكردووە، هاوسەری ئافرەتە دوو گیانەكە داوا لە پۆلیس دەكات واز لە هاوسەرەكەی بهێنن تا زیان بە كۆرپەكەی نەگات، بەڵام ئەویش رووبەڕووی پەلاماردان و لێدان دەبێتەوەو لەگەڵ ژنەكەیدا پەلكێشی بنكەی پۆلیس دەكرێن.
پێشتر لە چەندین روداو و هەڵوێستی جیاوازدا، ئیتۆ پشتگیری خۆی بۆ كەسانی رەش پێست دەربڕیبوو، دوایەمینیان رەتكردنەوەی ئەو لێدوانەی پزیشكێكی فەڕەنسی بوو كە داوا دەكات، چارەسەری كۆرۆنا لەسەر خەڵكی ئەفریقیا تاقیبكرێتەوە، بەرلەوەی كەسانی دیكە بەكاری بهێنن, ئەو لێدوانە كاردانەوەی زۆر یاریزانی ئەفریقی بەدوای خۆیدا هێنا.

بیروڕا

زۆرترین بینراو