ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران لە لێكۆڵینەوە دایە

ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران لە لێكۆڵینەوە دایە

وەیسی سەعید: دەڤەری سۆران بە هەموو پێوەرەكانەوە شایانی پارێزگایە


زاری كرمانجی- سۆران: بە پێی نووسراوێكی پەرلەمانتارێكی دەڤەری سۆران لە فەراكسیۆنی پارتی، داوا لە حكومەت دەكات كە كار لەسەر سەربەخۆیی ئیدارە سۆران بكرێت، هاوشێوەی گەرمیان و راپەڕین.
بە پێی ئەو نووسراوانەی دەست زاری كرمانجی كەوتوون، وەیسی سەعید وەیسی، لە رۆژی 2-12-2019 بە نووسراوێك كە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی كردووە، داوا دەكات، بابەتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كاری لەسەر بكرێت.
نووسراوەكە بە كۆمەڵێك وردەكارییەوە لە لایەن هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاراستەی، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، لەوێشەوە لە لایەن د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاراستەی وەزیری ناوخۆ كراوە، تا وەڵامی پەرلەمانتار وەیسی سەعید وەیسی بدرێتەوە، بەڵام بە پێی زانیارییەكان تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە، بە زاری كرمانجی گووت " بابەتەكە لە ژێر لێكۆڵینەوەیە و بە دڵنیاییەوە وەڵام دەدرێتەوە، لەبەر ئەوەی دەڤەری سۆران بە هەموو پێوەرەكانەوە شایانی ئەوەیە بكرێتە پارێزگا، بەڵام لەم دۆخەی ئێستا ئیدارەی سەربەخۆ بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر و ئاسانكاری بۆ رایی كردنی كاری هاووڵاتییان ئیدارەی سەربەخۆ گونجاوە".
وەیسی سەعید زیاتر گووتی " جگە لەم داواكارییانە كارمان لەسەر ئەوە كردووە هەندێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكان دەستەڵاتی هاوشێوەی بەڕێوەێوەبەرایەتی گشتیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی دەستەڵاتی زیاتریان هەبێت بۆ بڕیار و خزمەتكردن".
دەڤەری سۆران لە 4 قەزا پێكهاتووە و شوێنێكی گرنگی ستراتیژی ئابوورییە و هاوسنووری هەر یەك لە وڵاتی ئێران و توركیایە و ژمارەی دانیشتووانی سەرووی 350 هەزار كەسە.

 

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو