ئێرانیش بە نیازی هێرش كردنە سەر پارتە كوردییەكانە

ئێرانیش بە نیازی هێرش كردنە سەر پارتە كوردییەكانە

زاری كرمانجی: ئێران هێزێکی زۆری سوپای پاسدارانی هێناوه‌ته‌سه‌ر سنووره‌کانی هه‌رێمی کوردستان و فه‌رمانده‌ی هێزی وشکانیان ده‌ڵێت:" ئامانجمان لێدانی بنکه‌ و باره‌گاکانی حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌ له‌ خاکی باشووری کوردستانن".

دوێنی 23ی حوزه‌یرانی 2020 محه‌مه‌د پاکپوور، فه‌رمانده‌ی هێزی پیاده‌ی سوپای پاسداران له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ له‌ شوێنی مانۆڕی سه‌ربازی سوپای پاسداران له‌ سنووره‌کانی مه‌ریوان ئه‌نجامدرا رایگه‌یاند"هاوشێوه‌ی ساڵانی رابردوو بنکه‌ و باره‌گای هێزه‌ دژبه‌ره‌کان له‌ خاکی عێراق و هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ینه‌ ئامانج".
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای پاسداران راشیگه‌یاند:"ئه‌مساڵ بنکه‌کانی ئه‌و هێزانه‌ له‌ نزیک سنوور و شوێنه‌کانی دیکه‌ش ده‌که‌ینه‌ ئامانج".
فه‌رمانده‌ی هێزی پیاده‌ی سوپای پاسداران، جه‌ختی له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراق ده‌بێ چاودێری زیاتری سنووره‌کان بکه‌ن و ئه‌و شوێنانه‌ نه‌هێڵن که‌"دژبه‌ران به‌کاریان دێنن و پێویسته‌ هه‌روه‌ها خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ خه‌ڵک له‌ نزیک بنکه‌کانی ئه‌و لایه‌نانه‌ دوور بکه‌ونه‌وه‌".
سوپای پاسداران چه‌ند رۆژێکه‌ ده‌ستیکردووه‌ به‌ گواستنه‌وه‌ی هێزێکی زۆر به‌ چه‌کی قورسه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ سنوورییه‌کانی نێوان مه‌ریوان و پێنجوێن له‌سنووری رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان. خه‌ڵکیشیان ئاگادارکردووه‌ته‌وه‌ که‌ تا کۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌ردانی ناوچه‌ی چل چه‌مه‌ و به‌رزاییه‌کانی نه‌که‌ن.
سوپای پاسداران رایگه‌یاند" له‌ سنووره‌کانی مه‌ریوان مانۆڕێکی گه‌وره‌ی سه‌ربازی به‌ڕێوه‌ده‌بات و له‌ مانۆڕه‌که‌دا یه‌که‌کانی هێزی وشکانی، ئاسمانی، فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان و تیمه‌ تایبه‌ته‌کانیان به‌شدارن".
له‌لای خۆشیەوە فه‌رمانده‌یی یه‌کینه‌کانی پاراستنی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، یه‌ره‌که‌، که‌ باڵی سه‌ربازی پژاکه‌ رایگه‌یاند" ئێران هێزێکی زۆری له‌ گونده‌ سنوورییه‌کانی شاری مه‌ریوان له‌ ناوچه‌کانی چل چه‌مه‌، دووبرا و سوڵتان، مه‌ڕداره‌کانیان ده‌رکردووه‌ و فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه‌".

زۆرترین بینراو