ئێران خەون و ئاواتی قوتابیە زانستییەكەی سیدەكانی لەگۆڕنا

ئێران خەون و ئاواتی قوتابیە زانستییەكەی سیدەكانی لەگۆڕنا

زاری كرمانجی-سیدەكان: كچە قوتابییەكی قۆناغی زانستی، لەئەنجامی بۆردومانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە سنووری ناحیەی سیدەكان، گیانی لەدەستداو دوو براشی بەسەختی برینداربوون.
لە راگەیاندراوێكدا قوتابخانەی گولی زەردی زانستی كچان لە ناحیەی دیانا، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیان بۆ شەهیدكردنی كچە قوتابیەكی قۆناغی زانستی قوتابخانەكەیان، رایدەگێنن "پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 10-7-2019 بەهۆی تۆپبارانەكانی سوپایی پاسدارانی ئێران، لە گوندەكانی دەڤەری برادۆست لەسنووری شاردەێی سیدەكان، بەداخێكی زۆرەوە كچە قوتابی ئامادەییەكەمان بەناوی (زیتون قادر جوجۆ) بووە قوربانی، كە ئەم كچە قوتابیە بۆ ئەم ساڵی خوێندن پۆلی یازدەمی زانستی بە سەركەوتوویی بڕی، لە ئامادەكاری دابوو، بۆ خوێندنی ئەم ساڵ لە پۆلی 12 زانستی كار بۆ داهاتووی خۆی بكات، بەڵام دوژمنانی خاك و ووڵات، خەونەكەیان لە گۆڕناو لەبری گەیشتن بە هیواو ئاواتەكانی گیانی پیرۆزی بەخشی".
كرمانج عیزەت، قائیمقامی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند " دوای كاتژمێر (10:12) خولەكی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 10-7-2019 تۆپخانەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، بەخەستی گوندەكانی (بەربزین، دێرێ، داسنیا، تەلان، بێ قەپوشك، دوستانا) یان لە دۆڵە مەیدان لە سنووری ناحیەی سیدەكان بۆردومان كرد، لە ئەنجامدا لەگوندی دێرە كچێكی تەمەن 18 ساڵ بەناوی (زەیتون قادر) شەهید بوو، هەروەها دوو براشی بە ناوەكانی ( سیروان قادر) تەمەن 23 ساڵ و (ئیسماعیل قادر) تەمەن 14 ساڵ لە بەسەختی برینداربوون.

 

زۆرترین بینراو