ئێستا كەش و هەوایی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر باشە

ئێستا كەش و هەوایی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر باشە

دیدار- ڕائیب شێروانی: جوان یونس ڕۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" ئەگەر تا 12ی مانگ لایەنەكان نەهاتنە پێشەوە و ناوی كاندیدەكانی خۆیان پێشكەش نەكرد، ئێمە ئەو كات وەكو پارتی ناچارین حكوومەت پێك بهێنین و شوێنی ئەوانیش بە بەتاڵی بهێڵینەوە تا ئەوان خۆیان یەكلا دەكەنەوە.
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند:" هەر لە سەرەتاوە، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكی هەرێم و راسپاردنی سەرۆكی حكوومەت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆ ماوەیەكی زۆر دواكەوت، ئەوەش هەر بۆ ئەوە بوو كە هێزەكان بە یەكەوە بەشدار بن لە حكوومەت، بۆیە پێكهێنانی حكوومەت دواكەوت، ئێستاش كە بۆ ماوەی دوو هەفتە تەمەنی پەرلەمان درێژكراوەتەوە و هەفتەیەك تەمەنی ماوە كە تا 15ی مانگە، بۆ ئەوەیە كە وادە یاساكەی كە بۆ دانراوە لەو ماوەیەدا لایەنەكان كاندیدەكانی خۆیان یەكلا بكەنەوە و رادەستی سەرۆكی ڕاسپێردراوی حكوومەت بكەن بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا ئەویش رادەستی پەرلەمان بكات و پەرلەمانیش لەو ماوەیەدا رۆژێك دیاری بكات بۆ سوێند خواردن، بەڵام ئەگەر تا ئەو كاتیش لایەنەكان ناوی كاندیدەكانی خۆیان رادەست نەكەن، ئێمە ئەو كات وەكو پارتی ناچارین حكوومەت تەشكیل بكەین، ئەوانەی كە نەهاتن شوێنەكانیان بە بەتاڵی دەمێنێتەوە تا خۆیان یەكلا دەكەنەوە.
رۆژبەیانی، روونیشیكردەوە:" ئۆمێدێكی زۆر باشمان هەیە كە كابینەی نوێ هەم تەواوكەری كابینەی پێشوو دەبێت، هەمیش مەسروور بارزانی كە چۆن ئەمن و ئاسایشی وڵاتی پاراستووە، حكوومەتەكەشی سەر دەخات و لە كارەكەی سەركەوتوو دەبێت.
جوان یونس ڕۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:"ئێستا كەش و هەوایی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر باشە و ئێمە پێداگری لەسەر ئەوە دەكەین كە ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت لە ناوچە كوردستانییەكان ڕاپرسی دەكرێت و خەڵكی ئەو ناوچانە بڕیار دەدەن كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بژین، یان لەگەڵ بەغدا، ئەو كاتە یەكلا دەبێتەوە و سنوورەكە دیاری دەكرێت، بۆیە دەبێت هەرچی زووە ئەو ماددەیە جێبەجێ بكرێت".

زۆرترین بینراو