ئەحمەد سەفار: بەغدا مانگانە 453 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات

ئەحمەد سەفار: بەغدا مانگانە 453 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات

رەمەزان هەرنی – بەغدا : پێش خۆپیشاندانەكان، عێراق و هەرێمی كوردستان نزیكبوون لە رێككەوتن، بەڵام بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەكان و دەست لە كاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران و رووداوەكانی ئەم دوایە تا ئێستا ئەو رێككەوتنە واژوو نەكراوە. بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ:" تا بودجەی 2020 پەسەند دەكرێت، بەغدا مانگانە 453 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات".
ئەحمەد سەفار, بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زاری كرمانجی گووت:" لێك نزیكبوونەوەی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، لەو كاتەدا بوو كە سەرۆكوەزیران دەسەڵات داربوو، هێشتا سەرۆكوەزیران دەستی لە كار نەكێشابوویەوە و حكوومەتی عێراق نەببووە حكوومەتی كاربەڕێكەر, دوای خۆپیشاندانەكان لە عێراق و دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران, سەرۆك وەزیران نەیتوانی پرۆژ یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات, كاتێك بودجە نەگاتە پەرلەمان و پەسەند نەكرێت، بەپێی یاسایی ئیداری دارایی ژمارە 3 لە ساڵی 2019، كاتێك ساڵی نوێ هات و بودجەی ساڵی 2020 پەسەند نەكرابێت، لەو كاتەدا بە بودجەیەكی كاتی كار دەكرێت بە رێژەی یەك لەسەر 12 لە بودجەی ساڵی 2019 بە واتای ئەوەی هەموو مانگێك ئەو بڕە پارەیە سەرف دەكرێت لەسەر بودجەی تەشغیلی بۆ مووچە و خەرجیاتی رۆژانە بێجگە لە بودجەی وەبەرهێنان.
ئەحمەد، گووتیشی:" لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە مانگانە ئەو بڕە پارەی هاتووە بۆ هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2020 بەردەوام بێت و بەغدا رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات كە بڕەكەی 453 ملیار دینارە، تا ئێستا هیچ مەترسیەك لەسەر ئەو بڕە پارەیە نیە كە لە بەغداوە مانگانە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، تا بودجەی ساڵی 2020 پەسەند دەكرێت بڕی دیاریكراوی كوردستان لەسەر بودجەی ساڵی 2019 رەوانە دەكرێت بەبڕی یەك لەسەر 12، هەر كاتێك سەرۆكوەزیرانی نوێ دەست بەكار بوو پرۆژەی یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت و پەسەند دەكرێت و دەبێتە یاسا.
سەفار، ئەوەشی خستەڕوو:" ئەگەر سەرۆكوەزیرانی نوێ دەست نیشان نەكرێت و نەبێتە خاوەن بڕیار و دەسەڵات هەموو پرۆژە و كارو چالاكییەكان دەوەستن, زۆر هەوڵماندا پێش سەری ساڵ بودجە بۆ هەندێك پرۆژە خەرج بكەین، بەڵام بەهۆی نەبوونی نیسابی یاسایی نەمان توانی، بەوەش رۆژ بۆ رۆژ رێژەی بێ كاری لە عێراق زیاتر دەبێت".

زۆرترین بینراو