ئەركی دایكان و باوكان

حسن هاشم باڵەكی

سەرەتای بابەتەكەم بە دێرە هۆنراوێكی شاعێر كاكەی فەلاح دەست پێدەكەم كە دەڵێت"(دەڕگای مەكتەب كرایەوە پشووی هاوین بڕایەوە، جـا نـۆرەی قوتابخانەیە كـە بـۆ زانـیـن هێڵانـەیە)
دوای ساڵێك لە خوێندن و هەوڵ و كۆشش قوتابیان داخلی ناو پشووی هاوین بوون بەمەبەستی حەسانەوە، بەڵام ئەم پشووی هاوینەش بەكۆتا هات و دووبارە دەڕگای قوتابخانەكان دەكرێنەوە و یەكەم زەنگی قوتابخانەكان لێ دەدرێت بۆ ساڵێكی نوێ و قۆناغێكی نوێ و جیلێكی نوێ.
ڕەنگبێ بەشێكی قوتابییان بە پەرۆشەوە لە چاوەڕوانی یەكەم زەنگی قوتابخانە بن و بە دڵخۆشی و ئومێد و خۆشەویستیەوەلێی بڕوانن ، بۆ ئەوەی قوتابییە هاوپۆلەكانیان و مامۆستایان و قوتابخانەكەی و پەیوەندیە كۆمەڵایەتیە بەهێزەكەی ناو قوتابییان و قوتابخانە دووبارە ببینێتەوە، لەهەمانكاتدا بەشێكیتر لە قوتابییان بە ڕەشبینی و بە دڵتەنگی و بێزارییەوە دەڵێن دووبارە ئەو بەڵایە دەستی پێكردەوە و دەبێ بخوێنین و ئەبێ هەموو ڕۆژ بڕۆین بۆ قوتابخانە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە وانە كەوتووە یان بە خولی دووەم دەرچووە یان خۆی بە ئەو دەرچوانەی زانكۆكان دەشوبهێنێ كە لە ماڵن و كاریان دەست ناكەێ یان ئەو قوتابیانەی وازیان لە قوتابخانە هێناوە.
دایكان و باوكانی بەرێز ئەركی ئێوە گرانە لە دەستپێكی دەوام، دەپڕسین بۆچی؟
بۆگرانی ئەركی دایكان و باوكانیش بۆسەرەتای دەوامی قوتابخانەكان چەند خاڵێك باسدەكەم لەوانە: یەكەم:دایكان و باوكانی خۆشەویست پێویستە لەسەرتان دووبارە كاتی خەوتنی منداڵەكانتان ڕێك بخەنەوە و بۆ ئەوەی شەوان زوو بخەون و بەیانیانیش زوو هەڵبستن و بە مێشكێكی كراوە و بەتوانا و چاڵاكەوە بەڕێی بكەون بۆ قوتابخانە نەوەك بە چاوێكی خەواڵوو دواتریش سوود لە بابەتەكان وەرنەگرێت.
دووەم:پێویستە وردە وردە منداڵەكەت ڕابهێننەوە لەسەر وازهێنان لە یاریە ئەلیكترۆنیەكان و ئایپاد و فەیسبووك و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، هانیان بدەن كتێبەكانی بكاتە هاورێی هەمیشەیی.
سێیەم:پێویستە لەكاتی دەوام گەشت و سەیران و سەردان كەم بكرێنەوە لەپێناو سەركەوتنی منداڵەكانتان و بەفیڕۆ نەچوونی ساڵێكی خوێندنیان.
چوارەم: پێویستە سەرجەم كەل و پەل و پێدویستەكانی قوتابی بە ڕێك و پێكی و بە درووستی بۆی دابین بكرێت، وەك جانتا و پێنووس و ڕەشكەرەوە و تیژكەر و ڕاستە و پێداویستیەكانیتر هتد... بۆ ئەوەی لە قوتابخانە ناچار نەبێ داوا لە قوتابیانی تر بكات یان بەبێ پێداویستی خوێندن بمێنێتەوە لەناو پۆل.
پێنجەم: پێویستە ڕۆژانە ڕێنمایی و ئامۆژگاری و هاندانی منداڵەكانان بكەنە بەرنامە بۆ ئەوەی ورە و توانا ببەخشیت بە منداڵەكانتان تا سەركەوتووبن لە ساڵی نوێی خوێندن.
شەشەم: پێویستە لەكاتی دەستپێكردنەوەی دەوام دایكان و باوكان ڕۆژانە بە منداڵەكانیان بڵێن چیتان خوێندوەو و چیتان وەك ئەرك پێدراوە لە قوتابخانە تاكو یارمەتیدەریان بن و بۆ ئەوەی ئەركەكانی خۆی پشتگوێ نەخات.
حەوتەم: پێویستە لەسەر دایكان و باوكان منداڵەكانیان فێربكەن ڕێز لە مامۆستاكانیان بگرن و بێ ڕێزیان لەبەرامبەر نەكەن، بەڵكو بەڕێزەوە لە پۆڵ دابنیشێت و گوێ لە مامۆستاكەی بگرێت، بەتایبەتی لە قۆناغی ئامادەیی.
بێگومان گەر بمانەوێ منداڵەكانمان و نەوەی داهاتووی ئەم وڵاتە سەركەوتوو بێت، پێویستە بە بەردەوامی هانیان بدەین و دایكان و باوكان هەمیشە هاوكار و یارمەتیدەریان بن بۆ ئەوەی ڕۆژانە ئەركەكانیان بە جوانترین شێوە جێبەجێ بكەن نەوەك لەكۆتایی ساڵ تكا و داوا لە مامۆستایان بكەن تاهاوكاریان بن و نمرەیان پێ بدەن و منداڵەكانیان بە داواو داواكاری دەربچوێنن.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو