ئەسعەد سەدیق قادرسەرپەرشتیاری یەكەمی پەروەردەی سۆران لەدوای دەستبەكاربوونی بۆ زاری كرمانجی دەدوێت

ئەسعەد سەدیق قادرسەرپەرشتیاری یەكەمی پەروەردەی سۆران لەدوای دەستبەكاربوونی بۆ زاری كرمانجی دەدوێت

لە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرپەرشتیاری یەكەم لە یەكەی سەرپەرشتیاری بنەڕەتی پەروەردەی سۆران مامۆستا ئەسعەد سەدیق قادر، لە دیمانەێكی رادیۆی زاری كرمانجی، تیشك دەخاتە سەر چەند بابەتێكی پەیوەست بە بواری پەروەردەو فێركردن.
دیمانە: محەممەد مەحموود- هێرۆ عەبدوڵڕەحمان
*كاری سەرپەرشتیاری یەكەم خۆی لەچی دەبینێتەوە؟
- بێگومان یەكەی سەرپەرشتیاری پەروەردەی كاری گرنگی لەسەر شانە ئەم كارانەش بریتین لە، هەماهەنگی و هاوكاری كردن لە گەڵ بەرێوەبەرایەتی پەروەردە، ئەگەر بێتو تەماشا بكەین یەكەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دەزگایەكە كە هەماهەنگ و هاوكارە بۆ بەرێوەبردنی ئیش و كارەكانی پەروەردە، كە یەكەی سەرپەرشتیاری تێدایە، ئەركی سەرپەرشتیاری یەكەم لە سەرەتای ساڵی خوێندن ئەوەیە هەڵدەستێت بە رێكخستنی هەموو كارەكان و دابەش كردنی بە سەر سەرپەرشتیارەكان ئەوانەی پسپۆڕن لەم بوارە.
سەرپەرشتیاری یەكەم لیژنەكان دابەش دەكات، بەدوا داچوون دەكات بۆ كاری سەرپەرشتیاران وە لە گەڵ كارو باری یەكەی ناو سەرپەرشتیاری بەڵام ئەمساڵ گۆڕانێكی تری بەسەرداهات ئەم گۆڕانكاریەش پێی دەگووترێت خولی بونیات نانی تواناكان، (بریتش كانسڵ).
*بەو پێیەی بەرنامەو كار لەسەرەتای ساڵ دادەندرێت ئێوە دەتوانن بەرنامەی كار بگۆڕن؟
- بێگوومان سەرەتای ساڵی خوێندن بەرنامە دادەنرێت بە مەبەستی كار كردنی سەرپەرشتیاران، كارەكان دانراون بەڵام ئێمەش دەمانەوێت گۆرانكاری تێدا بكەین ئەو خاڵانەی كە كاریان لەسەر كراوە بە شێوەیەكی باش دەست خۆشیان لێ ئەكەین وە ئەو خاڵانەی كە نەكراون تاكو ئێستا لە گەڵ سەرپەرشتیارەكان كاری باشتری بۆدەكەین، هەوڵ دەین لەگەڵ سەرپەرشتیارەكان بە شێوەیەكی رێك و پێك ئەم پلان و بەرنامەییەی كە دام رشتووە لە رۆژی دەست بە كاربوونمەوە بكەینە كردار.
*وەك سەرپەرشتیاری یەكەم دەتەوێت چی بۆ بواری پەروەردە بكەی؟
-هەوڵدەدەم لە گەڵ سەرپەرشتیارە بەرێزەكان بە یەك تیم كار بكەین، بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی كارەكان بەرەو پێش ببەین لە بورای پەروەردەو فێركردن، چونكە بێ پاڵپشتی ئەوان ناتوانین ئەو ئەركانەی لە سەر ئێمەن جێبەجێیان بكەین چونكە سەرپەرشتیاران گوێ و زمانی پەروەردەن.
مەبەستمە پەیوەندیكی بەهێز لەگەڵ سەرپەرشتیارانی هەر چوار پەروەردەكانی ،(سۆران ،مێرگەسۆر،رواندز،چۆمان) درووست بكەین بۆ ئەوەی سود لە تواناكانی یەكتری وەرگرن وە هەماهەنگی تەواو دەكەین لەگەڵ یەكەی سەرپەرشتیار چونكە چەندە كار لەگەڵ یەكتری بكەین سودی زیاتر لە یەكتری دەبینین وە هەماهەنگی تەواو دەكەین لە گەڵ مامۆستایان و بەرێوەبەران، بەڕاستی بەرێوەبەر سەركردەی قوتابخانەیە بۆ ئەوەی بتوانن كارەكانی خۆیان بە جوانترین و باشترین شێوە بكەن ئەمەش هان دان و سزا دانی تێدایە.
*سزادانی چۆن؟
- ناڵێم وەك سزا، بەڵام هاندان زیاتر پەیڕەو دەكەین بەرێوەبەرەكان، هانیان دەدەین رێزو سوپاسیان ئاراستە ئەكەین مەڕاسیمیان بۆ ئەكەین و دەتوانن لە كۆتایی ساڵ ئەمانە ببینن.
*ئەمە تاچەند جێ‌ بەجێ‌ دەكرێت؟
- ئەگەر بڵێم سەدا سەد ئەمە ناكرێ، بەڵام ئێمە توانیومانە بەڕاستی لە ساڵانی ڕابردوو كاری وامان كردوە لە سەر كار و چالاكی و توانای بەرێوەبەرەكان.
*دەتووانن پابەندی پەیامەكەتان بن كە لەسەرەتای دەستبەكاربوونتان راتان گەیاند؟
- وەك ئەوەی ئێمە لە پەیامەكەشمان هاتووە لەدوای دەستبەكاربوونمان وەك سەرپەرشتیاری یەكەم، پابەند دەبین بە ڕێنمایەكانی پەروەردەو بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، بۆ ئەمەش جیاوازی كردن تەنها لە رێگەی جێبەجێ كردنی ئەركەكان و دڵسۆزی مامۆستایانە بۆ كارەكەیان،هەروەها هاوكار دەبین و زیاتر پاڵپشتی مامۆستایان دەكەین و هانیان دەدەین.
سوپاسیش بۆ ئەو كەسانەی كە پێشنیاری باشمان دەنێ بۆ ئەم كارە، بۆ بەرەو پێش چوونی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، لە هەمان كاتیشدا بەدڵێكی فراوانە سەرجەم رەخنەكان و پێشنیارەكان بە هەند وەردەگرین، بۆ ئەوەی كاری زیاتر بكەین پێویستیمان بە هاوكاری هەموو لایەك هەیە، پێویستیمان بە دایك و باوك و كەس و كاری قوتابی و دام و دەزگا حزبی و حكوومیەكانە، بە تایبەتیش دەزگاكانی راگەیاندن لە هەمووی گرنگتر راگەیاندنە بەراستی دەبێ پاڵپشتمان بن بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پەیامەی كە پێمانە كاری لەسەر بكەین وە بش گەینە لووتكە.
*كردنەوەی بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە لەم سنوورە بە پێویست دەزانی؟
-بەڵێ بەڕاستی ئێمە زۆر زۆر بە پێویستی ئەزانین وە پێویستیشە بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردە لە دەڤەری سۆران بكرێتەوە، چونكە هەر چوار پەروەردە كارو بارەكانی رۆژانەیان دەچێتە پەروەردەی گشتی هەولێر، بۆ كردنەوەی بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە لەم سنوورە زۆر جار داوامان كردوە تاكو ئێستا رێگەی پێنەدراوە، چونكە سۆران نە بۆتە ئیدارەی سەربەخۆ یان پارێزگا، بۆیە ئێستاش داوا لە حوكمتی هەرێمی كوردستان دەكەین بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردە لەم دەڤەرە بكرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین كارو باری پەروەردە باشترو ئاسانتر بەرێوەبچێت.
*وەك پەروەردەكانی ئەم سنوورە هیچ یاداشتێكتان بەرزنەكردۆتەوە بۆئەوەی قوتابیانی پۆلی دوازدەی دەرەكی لەم سنوورە تاقیكردنەوەكان ئەنجام بدەن؟
-ئەوە داواكاری ئێمە هەمووانە لە پەروەردەكان، بەڵام ئەمە تایبەتە بە پەروەردەكان دەتوانن یاداشتێك بەرز بكەنەوە بەباشی بزانن چونكە كاری ئەزموونەكان كاری پەروەردەكانە، ئێمە یەكەی سەرپەرشتیارین تەنها ئەو كارانە دەكەین كە پێمان رائەسپێرن وسەرپەرشتی هۆڵەكانیش دەكەین.
* سیستەمی بریتش كانسڵ چۆن دەبینی؟
- ئەم سیستەمە سیستەمێكی كوردستانییە، بەڵام شارەزایی زیاتر لە وڵاتانی دەووروبەر وەرگیراوە، بەتایبەتی وڵاتی بەریتانیا، بریتش كانسڵ لە وان وەرگیراوە بەڵام سەدا سەد كوردستانییە كارەكانیشی كوردستانین، لێرەوە كارەكانیش دابەش كراون لە وەزارەتەوە تاكو دێتە سەر قوتابخانەكان، لیژنەی كوالێتی پەرە پێدانی قوتابخانە هەر یەكەیان بە پێی ئەو كارەی بۆیان دیاریكراوە كار لەو پرۆژەیە دەكەن بە شێوەیەكی رێك و پێك كارەكان دارێژراون.بەڵام بێ كەم و كورتیش نییە ئەمەش كەم و كورتی دەبێت لە وانەیە ئەم ساڵ لە كۆتایی ساڵی خوێندن سەرپەرشتیاران یاداشتی خۆیان بەرز بكەنەوە بۆ بەرێوبەرایەتی گشتی بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی كە باشن گرنگیان پێ بدرێ، وە ئەو خاڵانەشی كە ناگونجێن لاببرێن، چونكە لە كاتی ئێستاشدا قوتابخانەمان هەیە لە سەر سنوور دوو پۆلیە ئەمە كۆمەڵێ كاری پێویستە بۆیە دەبێت پێدا چونەوەی بۆ بكەین، چونكە ناكرێت لە گەڵ قوتابخانەیەكی سەنتەری شار بەراورد بكرێت، قوتابخانەیەكی دوو پۆلی كە هیچ شتێكی بەردەست نییە دەبێ پێدا چونەوەی بۆ بكرێت، ئەركی بەرێوبەری قوتابخانەكان زۆر گرنگە، چونكە بوارەكان جیاوازن.
* ئەم سیستەمە جێ‌ بەجێ‌ كردنی گران نییە؟
-خۆی هەموو شتێك لە سەرەتا گرانە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە لە رێگای قوتابخانەكانەوە تاكێكی دڵسۆز درووست بكەین، كە لە قوتابخانەكان تاكێكی وامان درووست كرد هەموو شتێك ئاسانە، ئەوەی لای ئێمە تاك و ئێستا نەكراوە، نەمان توانیوە كارەكان بە شێوەیەكی درووست بە ئەنجام بگێنین، ئەگەر نا پێم وایە شتێكی وانییە دەكرێ بیكەین، لەبەر ئەوەی بەشداری پێكردنی ئەركە لەسەر كۆمەڵگە بەشداری بكەن لەو سیستەمە بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین وەك دەوڵەتانی دراوسێ بگەین بەو پەروەردەییەی كە مەبەستمانە.
* كردنەوەی خولێكی سەرەتایی بۆ مامۆستایان وایكردزانیاری لەسەر ئەم سیستەمە بگاتە قوتابخانەكان؟
-بۆ ئەم سیستەمە سەرەتا خولێك كراویەوە، بەڵام كاتەكەی كەم بوو، كردنەوەی ئەم خولە لە سەرەتای كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بوو لە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن، نەمان دەتوانی سوودێكی وای لێ ببینین خولەكە كەوتە سەرەتای دەوام، بۆیە دەتوانم بڵێم دەبێت فراوانتر بكرێت ، لە خوێندنی ئەمساڵیش كە خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠)ە، ئەم پرۆژەیە جێبەجێ دەكرێت، بێگوومان ساڵ دوای ساڵیش شارەزای زیاتر دەبێت لەسەر ئەم سیستەمە و پرۆژەی پەروەردە بەرەو پێش دەچێت ئەمەش لە چەند ساڵی داهاتوو دەرەنجامەكەی دەبینین.
*بۆئەمساڵ چاوپۆشی لە كەموو كوریەكانی قوتابخانەكان دەكەن لەبەر ئەوەی یەكەم ساڵە كار بەو سیستەمە دەكرێت؟
- ئێستا سەرپەرشتیاران و هاوڕێیانی رەخنەگر سەردانی قوتابخانەكان دەكەن وەك هاوڕێی قوتابخانە سەردانەكانی بەرێوبەرو مامۆستایان و دەستەی كارگێری قوتابخانەكان دەكەن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بۆ ماوەی دوو ساڵ دەتوانین بەم شێوەیە بمێنێتەوە، قوتابخانەیەك نەتوانێ بۆ ماوەی دوو ساڵ خۆی چاك بكات ئەو كات لە وانەیە هەڵوێستی بەرامبەر وەرەگرین، ئەگەر نا بۆ بابەتی چاو پۆشی كردن نامانەوێت كەم و كوری وا هەبێت كار لە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن بكات، حەزیش ئەكەین قوتابخانەكانمان زیاترو زیاتر بەرەو پێش بچین ئەگەر بڵێین وەك چاودێرنا، بەڵام چاودێر وەك هەماهەنگ كاری باش بین بۆ ئەوەی بتوانین قوتابخانەكان كارەكانی خۆیان بە باشی ئەنجام بدەن.
*بۆراپەراندنی كارەكانی ئەم سیستەمە پێویستیتان بە سەرپەرشتیاری زیاتر نابێت؟
- بە پێی پلان و بەرنامەی ئەم ساڵ، بۆ خولی بونیات نانی توانەكان كە ناسراوە بە (بریتش كانسڵ)، سەرپەرشتیارمان زۆر كەمن، پێویستمان بە سەرپەرشتیاری زیاترە، چونكە هەر سەرپەرشتیارەی ٢٠-٢٢ قوتابخانەی لە ئەستۆیە وەكو هاوڕێی رەخنەگر پێویستمان بە سەرپەرشتیاری زیاترە بۆ ئەم كارە.

 

زۆرترین بینراو