ئەفسەرێكی هاتووچۆ : رێژەی 80% رووداوەكان بۆ كەمتر خەمی شوفێرەكان دەگەرێتەوە

ئەفسەرێكی هاتووچۆ : رێژەی 80% رووداوەكان بۆ كەمتر خەمی شوفێرەكان دەگەرێتەوە


رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی : رۆژانە چەندین كەس دەبنە قوربانی رووداوەكانی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان، شوفێران هۆمارەكەی بۆ خراپی رێگاوبان دەیگەرێننەوە و هاتووچۆش بۆ كەمترخەمی شوفێران .
عەلی سەباح، شوفێری ئۆتۆمبێڵی تایبەتە و بە زاری كرمانجی گووت" رۆژانە چەندین رووداوی هاتووچۆ دروست دەبن، لەسەر جەم ناوچەكان، بەڵام ئەو ناوچانەی ئۆتۆمبێڵی گەورەو بارهەڵگر هاتووچۆ دەكەن رووداوەكان زیاترن چونكە شەقامی جیاوازییان نییە بۆ بارهەڵگرەكان، بۆیە رووداوەكان زیاتر دەبن، شەقامەكان زۆربەی هەر زۆری لە دەرەوەی سەنتەری شارەكان زۆر خراپن تەنیا ناوەندی شارەكان پارێزراون هیوادارین وەك سەنتەری شارەكان گرنگی بە دەرەوەی شارەكانیش بدرێت بەهۆی ئەوەی لە رێگاكانی دەرەوە خێرایی زیاترە".
نەقیب عەدنان عوبەید، بەڕێوەبەری هاتووچۆی قەزای سۆران بەزاری كرمانجی راگەیاند" هۆكاری سەرەكی رووداوەكانی هاتن وچۆن یەكەم شوفێرە، دواتر زۆربوونی ئۆتۆمبێڵ و كۆاڵیتی نزم و خراپی ئۆتۆمبێڵ دواتر رێگا و بان، دانانی كامیرەی چاودێری هاتووچۆ كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لەسەر كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ، رێژەی 80% هۆكارەكانی رووداوی هاتووچۆ شوفێرە و رێژەی 10% كۆاڵیتی نزم و خراپی ئۆتۆمبێل و كەش و هەوا، رێژەی 10% خراپی رێگاو بانەكان" .
یوسف بازیانی، سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری و رێگاوباون بە زاری كرمانجی گووت" ساڵانە چەندین كەس گیانیان لە دەست دەدەن و بریندار دەبن و زیانی ئابووری بەر وڵات دەكەوێت، بەداخەوە لە كوردستان هەموو ساڵێك نزیكەی هەزار كەس دەبنە قوربانی رووداوەكانی هاتووچۆ لەگەڵ برینداربوونی زیاتر لە هەشت هەزار كەس، كەم ئەندامبوونی نیزكەی 100 كەس ، زیانی ماددی بەپێی خەملاندن رۆژانە زیاتر لە 55 هەزار دۆلار، رێژەی رووداوەكانی هاتووچۆ لە كوردستان لە زۆربەی وڵاتان زیاترە، بۆ نموونە لە وڵاتی سوید ساڵانە 260 كەس دەمرن لە لوبنان 620 كەس دەمرن و لە كۆێت 500 كسە دەمرن و لە قەتەر 204 كەس دەمرن و لە ئیمارات 651 كەس دەمرن" .
ئاماژەی بەوەشكرد" هۆكارێكی تری دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ بە بەردەوامی نەبوونی هوشیارییە، بەداخەوە ساڵ بە ساڵ رووداوەكان روو لە هەڵكشاندایە، ئەمانە هۆكارن، نەبوونی هۆشیاری هاتووچۆ لای تاكی كۆمەڵگا بەگشتی، نەبوونی مەرجەكانی تووندوتۆڵی لە ئۆتۆمبێل و خێرایی بێ سنوور و بەكارهێنانی مۆبایل و بەكار هێنانی مادە كحوڵییەمان و گۆڕانی كەش و هەوا و نەگونجانی دیزاینی رێگاوبانەكان‌و سەرقاڵ بوونی شوفێر بەشتی لاوەكییەوە، زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێڵ لەگەڵ نەبوونی سیستەمی هاتووچۆی هاوچەرخ و خراپی رێگاكانی دەرەوە لەگەڵ چەندین هۆكاری تر دەبنە هۆی رووداوەكانی هاتووچۆ، گیان لەدەستدان و برینداربوونی شوفێران و سەرنشینان" .

زۆرترین بینراو