ئەكرەم ساڵح: دەركردنی ئەمریكا لەم بارودۆخەی ئێستا بۆ عێراق زۆر قوڕسە

ئەكرەم ساڵح: دەركردنی ئەمریكا لەم بارودۆخەی ئێستا بۆ عێراق زۆر قوڕسە

رائیب شێروانی – گەرمیان: ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" جگە لە كاركردن بە یاساو دەستوور, دەوڵەتی عێراق كار بە هەر بڕیاریكی تر بكات هاوسەنگی سیاسی و یاسایی و سازان تێكدەچێت و دیكتاتۆریەتی زۆرینە سەر هەڵدەدات كە دەبێتە هۆی ناكۆكی و ناسەقامگیری زیاتر وەكو ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێ، بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان بڕیاریكی زۆرینەی پەرلەمانی شیعە بوو نەك تەواوی پێكهاتەكانی عێراق. دەشڵێ:" هەرێمی كوردستان هەوڵیداوە لەو دۆخە ئالۆزەی رووی لە ناوچەكە كردووە هاوسەنگی لە پەیوەندییەكانی پەیڕەو بكات و بەشێك نەبێت لە كێشە، بەڵكو بەشێك بێت لە چارەسەر, بۆیە تاوەكو ئێستا هەرێم توانیویەتی سیاسەتێكی باش و سەركەوتووانە پەیڕەو بكات، ئەلبەتە بۆ ئەم قۆناغە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێم و دانیشتووانەكەی لە پێشینەی كارەكانە.
* لە عێراق جگە لە كاركردن بە یاساو دەستوور هاوسەنگی سیاسی و یاسای و سازان تێكدەچێت
- بە بڕوای ئەكرەم ساڵح، مەرجعیەت كەسایەتیەكی مەعنەوی گەورەیە لای شیعەكان و مافی خۆیانە رێزی لێبگرن كارورێنمایەكانی جێبەجێ بكەن, بەڵام لەبەر ئەوەی عێراق وڵاتێكی فرە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی یە‌ جگە لە كاركردن بە یاساو دەستوور, دەوڵەت كار بە هەر بڕیاریكی تر بكات هاوسەنگی سیاسی و یاسای و سازان تێكدەچێت و دیكتاتۆریەتی زۆرینە سەر هەڵدەدات كە دەبێتە هۆی ناكۆكی و ناسەقامگیری زیاتر وەكو ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێ، ئەلبەتە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان بڕیاریكی زۆرینەی پەرلەمانی شیعە بوو نەك تەواوی پێكهاتەكانی عێراق, لە ژێر كاریگەری هەڵچوون و گوشاری رووداوی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمریكاوە, بێ گوێدانە دەرهاویشتە سیاسی و سەربازی و ئابووریەكانی ئەم بڕیارانە كە عێراق بەرەو چ ڕەوشێكی مەترسیدار دەبات.
* دەركردنی ئەمریكا لەم بارودۆخەی ئێستا بۆ عێراق زۆر قورسە
- بەرپرسی لقی 22ی پارتی گووتیشی:" دەركردنی ئەمریكا لەم بارودۆخەی ئێستا بۆ عێراق زۆر قورسە، چونكە ئەمریكا لە ململانێیەكی توندایە لەگەڵ ئێران و هەڵكەوتەی جیپۆلیتیكی عێراق بۆ ئەمریكا لەم قۆناغە گرنگە سەرەڕای ئەوەی ئەمریكا رژێمی سەدامی رووخاندووە قوربانی داوە و خەرجی زۆر كردووە لە شەڕی داعشدا سەركردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە, بۆیە دەیەوێت بەردەوام هەژموونی بەسەر عێراقدا زاڵبێت، بۆیە ئەستەمە لەم بارودۆخەدا ئەمریكا، ‌عێراق بەجێبهێڵێت.
* پێگەی كورد لە عێراق پاشەكشەی بەرچاوی كردووە
- بە بۆچوونی ساڵح، عێراقی پاش رووخانی سەدام لەسەر بنەمای سازان دامەزرایەوە و كورد رۆڵی كاریگەری لە بنیاتنانەوەی عێراق هەبووە، بەڵام پاش ئەوەی لایەنە شیعەكان باڵادەستی خۆیان سەپاند بێ گوێدانە سازان و مافە دەستوورییەكان ئێستا لە عێراق سازان نەماوە، بۆیە پێگەی كورد لە عێراق پاشەكشەی بەرچاوی كردووە.
* هەولێر ئەلتەرناتیڤی بەغدایە
- ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند:" بە هەموو پێوەرێك هەولێر لە هەموو جێگاكانی عێراق ئارام و ئاوەدان و سەقامگیر ترە، بۆیە ناوەندە ‌نێودەوڵەتییەكان لەكاتێكدا بەغدا لە دۆخێكی ئالۆزدایە لە رێگەی گواستنەوەی كارەكانیان بۆ هەولێر بەردەوامی بەجێبەجێكردنی كارەكانیان دەدەن، دەكرێ بڵێین هەولێر ئەلتەرناتیڤی بەغدایە.
* تا ئێستا هەرێم توانیویەتی سیاسەتێكی باش و سەركەوتووانە پەیڕەو بكات
- بە بۆچوونی بەرپرسی لقی 22ـی پارتی، هەرێمی كوردستان هەوڵیداوە لەو دۆخە ئالۆزەی رووی لە ناوچەكە كردووە هاوسەنگی لە پەیوەندییەكانی پەیڕەو بكات و بەشێك نەبێت لە كێشە، بەڵكو بەشێك بێت لە چارەسەر, دەكرێ بڵێم تا ئێستا هەرێم توانیویەتی سیاسەتێكی باش و سەركەوتووانە پەیڕەو بكات، ئەلبەتە بۆ ئەم قۆناغە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێم و دانیشتووانەكەی لە پێشینەی كارەكانە.
* دەبێت بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان ئاسایی بكرێتەوە
- ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ:" ناوچە جێ ناكۆكەكان بۆ كورد پرسێكی ستراتیژییە و ناكرێت تاسەر ئەم دۆخە نەخوازراوەی دوای 16 ئۆكتۆبەر هاتۆتە ئاراوە بەردەوام بێت، پێوستە وێرای ئالۆزی بارودۆخی عێراق حكوومەتی هەرێم گوشار بخاتە سەر بەغدا، بۆ ئەوەی چارەسەرێكی هاوبەش بۆ ئەم قۆناغە بدۆزرێتەوە بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە تا ئەوكاتەی هەلومەرجی گونجاو دێتە ئاراوە و ماددەی 140 دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

زۆرترین بینراو