ئەلماس مستەفا : بە دوای ماچێك كەوتووم بۆ ساڕێژبوونی برینەكانم

ئەلماس مستەفا : بە دوای ماچێك كەوتووم بۆ ساڕێژبوونی برینەكانم

دیمانە : رەمەزان هەرنی: خاتوونی شاعێر و هەست ناسك ئەلماس مستەفا، لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی، باس لە ژیانی ئەدەبیاتی خۆی دەكات و تیشك دەخاتە سەر ناوەڕۆكی بەرهەمەكانی و پاڵەوانی شیعرەكانی دیاردەكات و دەڵێ:" پاڵەوانی شیعرەكانم سرووشتە نەك مرۆڤ، چونكە مرۆڤەكان زۆر دڕندەن
* بۆ بەدوای عەشق كەوتووی؟
- تائێستا هیچ ئامێزێكم بەدی نەكردووە هێندەی ئامێزی ئەڤین میهرەبان بێت من دوو ئەڤین كەوتووم، شەوانە ئەگەر لە ئامێزی ئەڤین نەبێ ناتوانم بخەوم، هەمیشە دەستبەسەرما ئەهێنێ و تال تالی مووەكانم بە كەزیی خۆشەویستی ئەهەوێنێتەوە، چونكە ماچی لێوی خۆشەویستی وەك ئاوی قەدپالی چیاكانی كوردستان وایە زۆر ئاوەدانی بەروحم ئەبەخشێ من و ئەڤین لەبەرۆكی یەك نابینەوە و هەمیشە لەناو یەكتردا ئەتوێینەوە.
* بۆچی خولیایی شیعر بووی لەنێو شیعردا چیت دەستەبەركردووە؟
- ئەوەی لە نێو شیعردا دەستم كەوت دۆزینەوەی خودی خۆم و هەستەكانم بوو لەدوای ئەوە شیعربوو بە خۆراكی روحم گەر ئەو نەبوایە ئێستا من كەسێك نابووم بەناوی ئەلماس ئەو هەمیشە فرمێسكەكانی منی ئەسڕییەوە گوێی بۆ مەینەتیەكانم دەگرت شیعر شادی هێنەری روحی من بوو.
* بۆچی كوردستانت بە جێهێشت لە كاتێكدا تۆ زۆر بە پەرۆشی باسی نیشتمان دەكەی؟
- مردنی دایكم هۆكاری سەرەكی بوو ئەوكاتە من شیعرم ناناسی لەدوای نەمانی دایكم هەرچی هەبوون لەدەوروبەرم زۆر ئازاریان دام لەبەرئەوەی تەنهابووم دایكم بەكارەساتی ئۆتۆمبێل گیانی لە دەستدا، كە ئەو ماوەیەك بوو ئەوەی بەدەمیەوە گرتبوو من دەمرم، بەڵام ئەلماس من تەنها خەمی تۆمە من نەم دەزانی فریشتەی مەرگ دایكمی ئاگاداركردۆتەوە كە لێك ترازانی من و دایكم زۆر نزیكە ئەوەی كە بوو بەدایكم غوربەت بوو چونكە لەناو ئەویشدا زۆرشتی جوانم دۆزیەوە.
* بۆچی لەناو شیعرەكان زۆر باسی ماچ دەكەی؟
- مرۆڤ ئەو شتەی كە نەیبێ هەمیشە باسی دەكات منیش ماچی خۆشەویستم نیە بۆیە هەر كاتێك كە شیعرێك دەنووسم خێرا ئەو هەستەخنكێنراوەی من خۆی ئەخزێنێتەوە ناو دێری نووسینەكانمەوە هەموو شتێك ئەدركێنێ.
* كێ پالەوانی شیعرەكانی تۆیە؟
- بەیانیان چاو هەڵئەهێنم بارانێك بەئەسپایی لەپەنجەرەی ژوورەكەم ئەدا كە پەنچەرەكەم والا دەكەم خێرا روخسارم بەتنۆكی ئەو بارانە ئەشواتەوە هەردووكمان هێندە بە تامەزرۆیی یەكتر لە ئامێز دەگرین من و باران تەڕدەبین بروا ناكەم ئەڤینی زلێخا و یوسف هێندە حەسرەت بوو بێ تائێستا ئەو ئەڤینەم لە رووخساری مرۆڤدا بەدی نەكردووە بۆیە بەروح عاشقی سرووشتم، بۆیە پالەوانی شیعرەكانم سرووشتە نەك مرۆڤ. مرۆڤەكان زۆر دڕندەن.
* رێكخراوەكانی ئافرەتان توانیویانە توندوتیژی لەسەر ژن كەم بكەنەوە ؟
- هیچ رێكخراوێكی ژنانم بە دڵ نیە دەست خۆشیشیان لێ ناكەم لەبەرئەوەی ئەوان زۆر لاوازن برۆ بۆ توندوتیژی ژنان بەرێوبەرەكەی پیاوە، یاریدەدەری هەر پیاوە ئاخر ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان دەكەن كێیە هەر پیاو نیە، ئایا دەبێ ئەو كەسەی توندوتیژیم بەرامبەر بكات هەر ئەو رەگەزەش بەرێوبەرم بێت ئەمە جێگەی گومانە من زۆر نیگەران دەبم كە ئەو دیمەنانە دەبینم".
ئەلماس مستەفا، خەڵكی شاری سلێمانی یە و 20 ساڵە شیعر دەنووسێت و بۆ ماوەی 18 ساڵ لە وڵاتی سوێد ژیاوە و كاری بێژەریشی كردووە".

 

زۆرترین بینراو