ئەمریكا بۆ عێراق: ماوەی 60 رۆژی دیكە له‌به‌رده‌متاندایه‌ بۆ هاوردەكردنی كارەبا لە ئێرانەوە

ئەمریكا بۆ عێراق: ماوەی 60 رۆژی دیكە له‌به‌رده‌متاندایه‌ بۆ هاوردەكردنی كارەبا لە ئێرانەوە

زاری كرمانجی - وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ماوەی لێبوردن لەسەر عێراق بۆ دابینكردنی پێداویستی كارەبا بۆ ٦٠ رۆژی دیکە درێژکردەوە.

ئیدارەی ئەمریكا، ئاشكرایكرد ماوەی لێبوردن لەسەر عێراق بۆ دابینكردنی پێداویستی كارەبا بۆ ٦٠ رۆژی دیکە درێژکراوەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە راگەیەنراوێکدا بڕیارەكەی ئاشكراكرد و داوای لە حكوومەتی عێراق كرد كە لە بواری وزەدا پەیوەستبوونی بە ئێرانەوە كەمبكاتەوە.

لە روونكردنەوەكەدا، ئاماژە بەوە كراوە كە ئەمریكا لە چوارچێوەی ئەو سزایانەی كە لەسەر ئێران جێبەجێیكردووە، ماوەی لێبوردن لەسەر عێراق بۆ دابینكردنی پێداویستی كارەبا بۆ ٦٠ رۆژی دیکە درێژکردووەتەوە.

بەرپرسێكی وەزاری كە لێدوانی بۆ مێدیاكانی ئەمریكا داوە و نەیویستووە ناوی ئاشكرابكرێت گوتوویەتی، "ئەم لێبوردنە، بۆ دابینكردنی پێداویستی عێراقە لە وزە بەڵام ئامانج لێی كەمكردنەوەی پەیوەستبوونە بە وزەی ئێرانەوە.

بەرپرسەكە، لە بارەی ئەو ماوەیەی كە دراوە گوتی،لەو بڕوایەداین حكوومەتی عێراق لە ماوەی ٦٠ رۆژدا دەتوانێت لە بواری وزەدا هەنگاوی باش بنێت بە ئاراستەی دابینكردنی توانای خۆی لە بوارەدا.

لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ئەو وڵاتە زنجیرەیەك سزای ئابووری خستە سەر ئێران و رایگەیاند كە هەمان سزا دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی هەماهەنگی لەگەڵ ئێران دەكەن.

ئیدارەی ترەمپ، بەهۆی ئەوەی عێراق دراوسێی ئێرانە و لە بواری وزەدا پەیوەستە بەو وڵاتە جۆرێك لە لێبوردنی لەگەڵ عێراق جێبەجێكردووە، سەرەتا ئەم ماوەیەی بە ١٢٠ رۆژ دیاریكردبوو و لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەکە بۆ سێجار درێژکراوەتەوە کە دوایینجاریان ئەمەی ئێستایە کە ٦٠ رۆژە.

بیروڕا

زۆرترین بینراو