ئەمریكا و ئێران بۆچی لە نێو خاكی عێراق لێكدەدەن؟

ئەمریكا و ئێران بۆچی لە نێو خاكی عێراق لێكدەدەن؟

زاری كرمانجی-سۆران: چەند رۆژێك تێدەپەڕێت بە سەر كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، دوای كوشتنی، دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری عێراق هێشتا ئاسایی نەبۆتەوە و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیووە.
رۆژی 3-1-2020 قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و چەند فەرماندەیەكی دیكە لە بەغدا، لەلایەن ئەمریكاوە كرانە ئامانج و كوژران، ئەمەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ هێرشەكەی سەر كەی وەن و هەڵكوتانەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا وەك بەرپرسانی ئـەمریكاش دەڵێن، بۆ رێگەگرتن بووە لە هێرشی زیاتر.
ئەمریكا لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، هێرشەكەی ئەنجام داوە و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە هێرشەكەی ئەمریكا بێدەنگی هەڵنەبژارد، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 سوپای پاسداران دوو بنكەی سەربازیی ئەمریكای لە عێراق كردە ئامانج، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا رایگەیاند "ژمارەی مووشەكەكان 15 مووشەك بوون، 10 مووشەكیان بنكەی عەین ئەسەدیان كردووەتە ئامانج، مووشەكێكیان هەولێری كردووەتە ئامانج و چوار مووشەكیشیان نەگەیشتوونەتە ئامانجەكانیان"
لە بارەی گرژی و ئاڵۆزی و دەرهاوێشتەكانی دووای كوژرانی قاسم سولەیمانی لە عێراق، هێمن میرانی مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی گووت" كوشتنی قاسم سولەیمانی پەرەسەندنێكی مەترسیدار بوو، شكاندنی شكۆی ئێران بوو لەو ناوچەیە، بەڵام بۆ ئێران هەندێ قازانجی كاتی و لاوەكی تێدایە، ئەو دەرفەتە كرایە بۆنەیەكی مەزهەبی نیشتیمانی گەورە بۆ كۆكردنەوەی شیعەكان و مەراسیمی ناشتنی بە جۆرێك پیرۆز و گەورە كرا كە بۆ هیچ كام لە ئیمامەكانی عەلی و حوسەین و فاتیمەش ( رەزایان لەسەر بێ) مەراسیمی ناشتنی ئاوا نەكراوە، سەرنجی خەڵكی ئێرانی لەسەر كێشە ناوخۆییەكان بە لایەنی كەم زۆرینەیەكی دیار لابرا و خرایە سەر دوژمنێكی دەرەكی".
میرانی، روونی دەكاتەوە، چاوەڕوان ناكرێ پێكدادانی گەورە و راستەوخۆ بە بەكارهێنانی چەكە پێشكەوتووەكانی هەردوو وڵات ئەنجام بدرێ، چونكە ئەمە دۆخی ناوچەكە بە تەواوی دەخاتە بەردەم مەترسی گەورە كە كاریگەری گەورەی لەسەر ئاسایشی جیهان و ئاسایشی وزەی جیهان دەبێ كە ئەمەش نە ئەمریكا دەیەوێ بیكات و نە ئێران و نە هیچ وڵاتێكی دیكە".
دووپاتی كردەوە، ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر هەندێ بنكەی سەربازی ئەمریكی لە عێراق، كە پێشتر عادل عەبدولمەهدی لێ ئاگادار كراوەتەوە و كاتی ئەوەش دراوە تا ئەویش بە ئەمریكییەكان بڵێ تا هێرشەكە كەمترین زیانی لێ بكەوێتەوە، گوایە تۆڵەیە و لە ناوخۆی ئێران وەكو ئاهەنگی تۆڵەكردنەوەی سولەیمانی ناسێندرا، ئەم هێرشە بۆ رازی كردنی شەقامی ئێران و بەرزكردنەوەی شكۆی شكاوی ئێران پێویست بوو، بەیاننامەكەی سوپای پاسداران كە باس لەوە دەكات ئەمریكا پێویستە هیچ كاردانەوەیەكی نەبێ، مانای ئەوەیە كە ئەوان بەو هێرشە دڵیان داكەوتووە و تۆڵەی خۆیان كردەوە".
گووتیشی" بە لای زۆر خەڵك رەنگە ئەو هەنگاوانە سەرەتای شەڕ بێ، بەڵام پێدەچێ شەڕەكە بە مانای رووبەرووبوونەوەی گەورەتر لێرەدا كۆتایی هاتبێ و هیچ كام لەو دوو وڵاتە لەوە زیاتر دۆخەكە ئاڵۆزتر نەكەن و چاوەڕێ ناكەم ئەمریكا كاردانەوەی توندی بەرامبەر بەو هێرشانە هەبێ، چونكە ئەمریكا هێشتا لەو دۆخەدا براوەی گەورەیە و ئەو مافەش بە ئێران دەدات كە وەكو دۆڕاوی نێو هاوكێشەی سفری لەو دۆخە ئاڵۆزە نەیەتە دەرەوە".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ، دووپاتی كردەوە، دۆخەكە بەرەو هێور بوونەوە دەچێ و شەڕی دەستەو یەخە چاوەڕێ ناكرێ رووبدات، چونكە هەردوو لایەن هی ئەوە نین دەستی یەكتری بە توندی با بدەن، هەروەها تویتە خێرایەكی ترەمپ كە باسی لەوە كرد كە دۆخەكە باشە و دواتر قسەی دیكەیان دەبێ هێمای ئەوەی تێدایە كە دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز ناكەن و ئەو حەقە بە ئێران دەدەن كە شكۆی بریندار و شكاوی خۆیان تیمار بكەنەوە، لە بیر نەكەن راستە هێرشەكە لە رووی مرۆییەوە زیانی گەورەی لە ئەمریكا نەداوە بەڵام بۆ پێگەی ئێران بەرامبەر بە ئەمریكا و بۆ ناوخۆی ئێران ئەمە رووداو و هێرشێكی گەورەیە".
دیار هەمزە شارەزایەكی ئابووری بە زاری كرمانجی گووت" بێگومان هەر رووداوێكی سیاسی كاریگەری بەسەر ئابوریەوە دەهێڵێتەوە، وەپێچەوانەكەشی ڕاستە، لێرەدا دەمەوێت لەدیوێكی ئابووری باسی ڕوداووەكان و گرژیەكانی ئەم دوایەی نێوان ئەمریكاو ئێران بكەم، بەشێوەیەكی گشتی هەر وڵاتێك كە هۆكارەكانی بەرهەمهێنانی تیا بەرجەستە نەبیت هەمیشە معەڕەزە بەرامبەر قەیرانی دارایی و گەمارۆی ئابووری، عێراق كە یەكێكە لەو دەوڵەتانەی بەشی هەرەزۆری بوددجەی ساڵانەی لەسەر نەوت پەیدا دەبێت، زۆر بەئاسانی كاریگەری دەبێت بەسەر هەر رووداوێكدا، بێجگە لەوە ناسەقامگیری سیاسی و سەربازی وادەكات كە كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان لەو وڵاتە بكشێنەوە، بینیشمان لەدوای ئەو بڕیارەی كەلەپەرلەمانی عیراق درا بەبێ خوێندنەوەی لێكەوتەكانی، هەم بەشێك لەكۆمپانیایی شیفرۆن كە تایبەتە بەنەوت كشایەوە و هەمیش بەشێك لەكارمەندانی كۆمپانیاكانی تری وەبەرهینان، ئەمەش بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و سەربازی، بۆیە راستەوخۆ كاریگەری خستە سەر ئابوری و جولەی بازاڕ و دیناری عیراقی بەهای خۆی لەدەست دا".
دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی لە بەغداوە بۆ نەجەف و كەربەلا و دواتر بۆ مەشهەد و تاران تەرمەكەی بەڕێكرا، رۆژی 7-1-2020 لە شاری كرمان كە شارەكەی خۆیەتی، لەلایەن بەشێكی بەرچاو لە خەڵكی شارەكەوە بەمەبەستی بەخاكسپاردنی، پێشوازیی لە تەرمەكەی كرا.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرسەنامەی هاوخەمی بۆ ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران رەوانە كرد و تێدا هاتووە" ڕووداوی لەدەستچوونی سەردار حاجی قاسم سولەیمانی بووەتە مایەی خەمباری و نیگەرانی بۆ خەڵك و ‏حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێزیان دۆستمان بوو لە بەرەی شەڕی دژ بە دیكتاتۆری و پشتیوان و ‏هاوسەنگەریشمان بوو لە دژی گرووپی تیرۆریستی داعش، بە شێوەیەك كە چەندین جار لەلایەن سەرجەم ‏بەرپرسانی عێراق و هەرێمەوە رێز لە زەحمەت و فیداكارییەكانی گیراوە، ‏بەناوی خۆم و گەلی هەرێمی كوردستانەوە سەرەخۆشی لە جەنابتان و بنەماڵەی بەڕێزیان دەكەم، هیوادارم ‏جێگای بەهەشتی بەرین بێت".
سەرۆكی ئەمریكا دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی بەردەوام رێگەی تویت و كۆنگرەی رۆژنامەوانی لە سەر هێل بووە و رایگەیاند" هەنگاوەكەی بۆ كوشتنی قاسم سولەیمانی راست بووە و دەڵێت، سولەیمانی هەوڵی دەدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بتەقێنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، گوتی" ئێمە دڕندەیەكمان كوشت و دەبوایە ئەوە دەمێك پێش ئێستا ئەنجامبدرایە، ئێمە ئەو كارەمان كرد، چونكە ئەوان دەیانویست باڵیۆزخانەكەمان بتەقێننەوە، مردنی هاوڵاتیەكی ئاسایی و سەربازێكمان و خراپ برینداربوونی ژمارەیەك كەسی تر هۆكارێكی دیكە بوو كە ئێمە مووشەكمان ئاراستەی ئەو كرد و ئەوەش فەرمانی من بوو و ئەو هێرشەش زۆر ورد بوو و ئەوەش كۆتایی ژیانی ئەو دڕندەیە بوو".
سەرۆكی ئەمریكا ئەوانەی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كۆبووبوونەوە بە شەڕكەر ناودەبات نەك خۆپیشاندەر و دەڵێت: "ئەگەر سەیرێكی خۆپێشاندانەكان بكەیت ، ئەوان شەڕكەر بوون، نەوەك خۆپێشاندەر، ئەوان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیان دەكرا. هەندێكیان خەڵكی عێراق بوون، بەڵام دەیانویست زیان بگەیێنن و پەنجەرەكانیان دەشكاندن، ئەوە لەكاتێكدایە ئەو پەنجەرانە زۆر تووندوتۆڵ بوون، ئەگەر ئەوان بچوونایەتە ژوورەوە، ئەوا حاڵەتی گرتنی بارمتە یان خراپتریش روویدەدا و ژمارەیەكی زۆر كەس دەكوژران و ئەو كەسانە دەیانویست زیانی زۆرتر بگەیێنن، ئەوان سەرباز و شەڕكەر بوون و ئێمە ئەوەمان راگرت، چونكە ئەوە پیلانێكی رێكخراو بوو، دەزانن كێ رێكیخستبوو؟ ئەو كەسەی كە چیدیكە لەژیاندا نییە".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، راگەیێنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا دەڵێت، ئەمریكا هێزێكە كە سوودی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و"بوونی سەربازییمان لە عێراق بۆ شەڕی دژی داعشە و پابەندین بە پاراستنی ئەمریكییەكان، عێراقییەكان و هاوبەشەكانی دیكەمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی".
دۆناڵد ترەمپ لەم دووایەدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا، رایگەیاند "وادیارە ئێران خەریكە دادەنیشێت، ئەمە شتێكی باشە بۆ هەموو لایەنەكان كە نیگەرانی دۆخەكەن، بۆ جیهانیش شتێكی باشە، ژیانی هیچ ئەمریكی یان عێراقییەك لەناونەچوو، ئەمەش بەهۆی ئەو ئامادەباشییەی گیرایەبەر بەهۆی بڵاوبوونەوەی هێزەكانمان و زۆرباش كاركردنی سیستەمی هۆشیاركردنەوەمان".
پێش گوتەكەی ترەمپ، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە توویتێكدا ئاماژەی بەوە كردبوو، تاران لەگەڵ زیادبوونی گرژییەكان نییە و رایگەیاند "لەژێر رۆشنایی بەندی 51ی یاسای نەتەوەیەكگرتووەكان، ئێران وەكو بەشێك لە بەرگریكردن لە خۆی، رێوشوێنی گونجاوی گرتەبەر لە بەرامبەر ئەو هێرشە ترسنۆكانەی كرایە سەر هاووڵاتییان و بەرپرسە باڵاكانمان، ئێمە بەدوای هەڵچوون و جەنگەوە نین، بەڵام دژی هەر هێرشێك بەرگری لە خۆمان دەكەین".
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدریش لە توویتێكدا نووسی، ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەو قەیرانە سەختە تێپەڕی، بەتایبەتی دوای گوتاری ترەمپ و گوتاری كۆماری ئیسلامیی ئێران؛ سەدر داوای لە گرووپە چەكدارەكانی عێراق كرد كە هیچ كردەوەیەكی سەربازی ئەنجامنەدەن و تووندڕەوە ناڕێكخراوەكانیش بێدەنگ بكەن".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەشڵێت "دەبێت گفتوگۆ لەنێوان حكومەتەكانی ئەمریكا و عێراق تەنیا لە بواری ئەمنییدا نەبێت، بەڵكو لەبواری هاوبەشی ئابووری، دارایی و دیپلۆماسیش بێت، ئێمە دەمانەوێت دۆست و هاوبەشێك بین بۆ عێراقێكی خاوەن سەروەری، خۆشگوزەران و سەقامگیر".
ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەكات نوێنەر رەوانەی عێراق بكات بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری پەرلەمان و دانانی میكانیزمەكانی كێشانەوەی هێزەكانیان و دەڵێت، هێز و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی هەیە بێ ئاگاداری حكومەت دێنە نێو عێراق".
رۆژی هەینی رابردوو، 10-1-2020 نووسینگەی راگەیاندنی عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند " عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق و مایك پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا پێشڤەچوونەكانی ئەمدواییە و رێگریكردن لە تووندبوونی گرژییەكان و شەڕێكی كراوە تاوتوێكرد".
بەپێی راگەیێندراوەكە، عەبدولمەهدی جەختیكردووەتەوە " عێراق، هەموو ئەو پرۆسانەی سەروەری وڵات پێشێلدەكەن رەتدەكاتەوە بە پرۆسەكانی ئەمدواییەشەوە كە بنكەی عەین ئەسەد و هەولێری كردە ئامانج، هەروەها عێراق هەموو هەوڵێك دەدات و پەیوەندیش بە هەموو لایەنەكانەوە دەكات بۆ رێگرتن لە كردنی عێراق بە گۆڕەپانی جەنگ".
رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 ئێران هێرشی مووشەكیی كردە سەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار كە هێزەكانی سوپای ئەمریكای تێدا جێگیر كراوە.
ئەمیر حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا وردەكاریی هێرشكردنەسەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەدی لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند و گوتی، "ئامانجی هێرشە مووشەكییەكەی ئەوان كوشتنی كەس نەبووە و ویستوویانە زیان بە توانای سەربازیی ئەمریكا بگەیێنن."
سوپای ئێران 13 مووشەكی لە جۆری فاتیح 313 و قیام بەكارهێناوە كە كە توانای بڕینی 500 و 700 كیلۆمەتریان هەیە.
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لەبارەی زیانەكانی هێرشەكانیانەوە رایگەیاند، "لە هێرشەكەدا دەیان كەس كوژراون و بریندار بوون و كوژراو و بریندارەكانیان بە نۆ فڕۆكە بۆ ئیسرائیل و ئوردن گواستوونەتەوە."
ئەمیر حاجیزادە ئاماژە بەوە دەكات، "یەكەم بژاردەمان بۆ تۆڵەكردنەوە، بنكەی سەربازیی تاجی بووە، بەڵام چەند كاژێرێك پێش هێرشەكە، عەین ئەسەدمان هەڵبژاردووە بەهۆی ئەوەی كە هێزی ئەمریكی و عێراقی پێكەوە لە بنكە سەربازیی تاجیدان و هەروەها بنكەكەش لە بەغدا و كازمیە نزیكە و ترسمان لەوە هەبووە زیان بە خەڵكی مەدەنی بگات."
بەگوتەی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، لە كوشتنی قاسم سولەیمانیدا بنكەكانی تاجی لە باكووری بەغدا، عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، موعفەری ئوردن و عەلی سالمی لە كوێت بەكارهێنراون.
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران ئەوەی خستەڕوو، "ئەگەر ویستبامان دەمانتوانی 500 كەس لە هێزەكانی ئەمریكا بكوژین و ئەگەر ئەمریكا وەڵامی هێرشەكەی ئێرانی داباوە، لە چەند رۆژدا دەمانتوانی زیاتر لە پێج هەزار كەس لە هێزەكانی ئەمریكا بكوژین و لەمەودواش هێرشی مووشەكی بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا بەردەوامدەبێت."
ئەو گوتەیە لەكاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رەتیدەكاتەوە هیچ ئەمریكی و عێراقییەك لە هێرشە مووشەكییەكەی سوپای پاسداراندا گیانیان لەدەستدابێت یان برینداربووبێت".

 

زۆرترین بینراو