ئەمساڵ سەرژمێری ئەنجام نادرێت

ئەمساڵ سەرژمێری ئەنجام نادرێت

چاوپێكەوتن – رائیب شێروانی
سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووتی:" ئەمساڵ بەهیچ شێوەیەك سەرژمێری ئەنجام نادرێت، ساڵی 2021 یان 2022 ئەنجام دەدرێت، سەرژمێری زۆر گرنگە بكرێت، چونكە 33 ساڵە ئەنجام نەدراوە، جگە لەوەی لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێرییە دەتوانین ستراتیج و كارەكانی گەشەپێدان لە هەموو بوارەكان دیاری بكەین.
سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان دەڵێ:" ئەمساڵ بەهیچ شێوەیەك سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام نادرێت، بابەتی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا وای كردووە كە پەكی بكەوێت، ئێستا قسە و باس لەسەر ئەوە دەكرێت، بۆ ئەوەی بزانین لە ساڵی 2021 یان 2022 بكرێت، بۆیە دوو هۆكار هەن بۆ دواخستنی پرۆسەكە، یەكەمیان بەهۆی هاتنی قەیرانی دارایی، كێشە ئابوورییەكانی كە بەدوای خۆیدا هێنا، لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا، نە حكوومەتی عێراق، نە حكوومەتی هەرێم ناتوانن ئەو خەرجیەی كە پێویستە دابین بكەن، لە دواین پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق، وا بڕیارە ئەم مانگە كۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری بەشێوەی ئۆنلاین بكرێت لەو كۆبوونەوەیە باسی ئەوە دەكرێت كە كەی سەرژمێری ئەنجام بدرێت.
سیروان محەمەد، روونیشی كردەوە :" بۆ قۆناغەكانی ئامادەكردن و ئەنجامدانی سەرژمێری حكوومەتی عێراق 120 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كردبوو، بەڵام ئەو بڕە پارەیە ئێستا نییە و زەحمەتە ئامادە بكرێت، بۆیە دەبێت دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، بۆ خەرجییەكان و پێویستییەكانی سەرژمێری، بۆ ئەوەی لە كاتی بوونی توانای جێبەجێ كردن ئایا ئەو پارەیە كافییە یان پێویستە دیسانەوە دەستكاری بكرێت.
سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە :" لە هەرێمی كوردستان ئامادەكارییەكی ئەوتۆ نەكرا بوو بۆ پرۆسەی سەرژمێری، جگە لە بەشداری كردنمان لە سێ كۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری لەبەر ئەوەی هەندێك رێگری هەبوون لە بەرامبەر جێبەجێ كردنی ئامادەكارییەكان لە هەرێمی كوردستان بابەتی دارایی هەبوو چارەسەر نەكرا بوو لەگەڵ حكوومەتی عێراق، هەروەها دۆخی سیاسی عێرایش لە دوای مانگی 10 تێكچوو، ئەوەش وای كرد كە ئامادەكارییەكان لە هەرێمی كوردستان بەو ئاستە نەبن، سەرەڕای ئەوەی لە عێراقیش ئامادەكارییەكان زۆر سەرەتایی بوون.
سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان زیاتر دەڵێ:" سەرژمێری زۆر گرنگە بكرێت بۆ هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بۆ ئەوەی واقعی حاڵی وڵاتەكە بزانین دوای 33 ساڵ لە ئەنجام نەدانی سەرژمێری لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێرییە دەتوانین ستراتیج و كارەكانی گەشە پێدان لە هەموو بوارەكان دیاری بكەین.
سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ئاشكراشی كرد:" هەماهەنگی بەردەوامە لە نێوان دەستەی ئاماری هەرێم و دەستەی ناوەندی ئاماری عێراق، لە نێوان هەر دوو وەزارەتی پلاندانانیش هەماهەنگی هەیە، نەك تەنیا بۆ سەرژمێری، بەڵكو بۆ بوارەكانی دیكەش، بەردەوامیش دەبین لەو هەماهەنگییە".

بیروڕا

زۆرترین بینراو