ئەمساڵ پارتی كۆنگرە دەبەستێت

ئەمساڵ پارتی كۆنگرە دەبەستێت

مەسعوود ساڵەیی بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدوواداچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات "ماوەیەكی زۆرە بەسەر كاتی بەستنی كۆنگرەی پارتی تێدەپەڕێت، ئەمەش پەیوەندی بە چەند هۆكارێكەوە هەیە و هەستیاری بارودۆخی سیاسی كوردستانیش رەچاو كراوە، هەموو هەوڵێك هەیە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرەی خۆمان ببەستین".
لە بارەی سكاڵا و رەخنەی زۆری كادیرانی حزب لە پێ نەدانی مافیان، ساڵەیی گووتی" هەر هەڤاڵێكی پارتی لە ئەندامی حزب تا كادیر و بەرپرسی باڵا مافی خۆیانە و رێگە پێدراون لە پێناو بەدوواداچوون و دابینكردنی مافیان، گلەیی و داواكارییەكانی خۆیان بگەیننە دەستەی چاودێری و بەدوواداچوون".
لە بارەی ئەو نادادپەروەرییەی بەشێكی بەرچاوی كادیرانی پارتی ئاماژەی پێ دەكەن گووتی " پارتی، پارتێكی دیموكراتی و جەماوەریشە، هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە لەخۆ دەگرێت، حزبێكی وا و بزاڤێك كوردایەتی لە چوارچێوەی رێكخستنی حزبیدا بەو شێوەیە بەرفراوانییە، رەنگە دادپەروەری وەك خۆی بەرجەست و جێبەجێی نەكرێت، بۆیە لە نزیكەوە ئاگاداری گلەی و گازندە و هەست و نەستی كادیرانی خۆمانین و زۆربەی نیگەرانییەكانیشیان لە جێی خۆیەتی و سكاڵاكانیان وەردەگرین، كادیرانمان لەسەر حەقن لە رەخنە و تێبینییەكانیان، چونكە ماف و ئەرك لەبەر رۆشنای پەیڕەوی ناوخۆ بەپێی كاری سیستەمێكی رێنمایەكی حزب جێبەجێ بكرێن. ئەم سكاڵایانەی بە ئێمە دەگات و دوای دیڕاسەت كردن، هەر سكاڵایەكمان بە راست و درووستزانی لە پێناو دابینكردنی مافی كادیر پشتگیری دەكەین و دەیگەینینە شوێنی خۆی. ئەركی هەر هەڤاڵێكی پارتییە لە ئەندامێكی حزب تا كادیر و بەرپرسی باڵای حزب مافی خۆیەتی و رێگە پێدراوە لە پێناو بەدواداچوون و دابینكردنی مافی گلەیی و داواكارییەكانی خۆی بگەینێتە دەستەی چاودێری و بەدوواداچوونی پارتی".
زیاتر گووتی " بەو پێیەی شوێنێكین تایبەتین بە چاودێری و بەدوواداچوونی كاروبارەكانی پارتی، هەر كادیرێك و بەرپرسێك لە حزب و حكومەت بە بەڵگەوە دەستمان بكەوێت كە دەستدرێژی كردۆتە سەر موڵكی گشتی، پێشلكاری و بەكارهێنانی كورسییەكەی بۆ كاروباری تایبەتی خۆی و كارەكانی دژ بە بەرژەوەندی گەلی كوردستانە و سیمای حكومڕانی ناشرین بكات، لە رێگای كەناڵی حزبی خۆمان ئەو پێشیكارییە و خراپ بەڕێوەبەردنی ئیدارییە دەگەینینە سەرووی خۆمان بە مەبەستی وەرگرتنی ئیجرائاتی پێویست".

زۆرترین بینراو