ئەمساڵ یادی ۳۷ساڵەی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان بە مەراسیمی تاجەگوڵێنە كراوەتەوە

ئەمساڵ یادی ۳۷ساڵەی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان بە مەراسیمی تاجەگوڵێنە كراوەتەوە

زاری كرمانجی – بارزان : ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێكارەكانی تەندرووستی بۆ پاراستنی سەلامەتی كەسوكاری شەهیدان یادی ۳۷ساڵەی جینۆساید بارزانییەكان بە مەراسیمی تاجەگوڵێنە كراوەتەوە.
عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە سەری گۆرستانی جینۆسایدكراوەكانی بارزانیەكان لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند : ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێكارەكانی تەندرووستی بۆ پاراستنی سەلامەتی كەسوكاری شەهیدان یادی ۳۷ساڵەی جینۆساید بارزانییەكان بە مەراسیمی تاجەگوڵێنە كراوەتەوە.
هەر بەبۆنەی یادی (٣٧)ساڵەی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەكان وەزارەتی كاروباری شەهیدان وئەنفالكراوان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی
كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانییانی جینۆسایدی بارزانیەكان
ئەمرۆ ( ٣٧ ) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانێكی گەورەی دژ بە بەهاكانی
ئایین و سروشت و مرۆڤایەتی ، تاوانی جینۆسایدی گەلی كوردستان كە تێیدا نزیكەی (۸٠٠٠)مرۆڤی بێتاوان تەنها بەهۆی كوردبوونیان جینۆسایدكران
كۆمەڵكوژی بارزانییەكان سەرەتای پیلانێكی گەورە بوو بۆ لەناوبردن و پاكتاوی رەگەزی گەلێك كە دەیویست لەسەر خاكەكەی خۆی بە ئاشتی وئازادی بژی
دوژمنانی كورد بۆ ئەم مەبەستە مەڵبەندی تێكۆشانی سەدەیەك خەبات و زێدی شۆڕشگێڕانیان لە بارزان كردە ئامانج و هەر لەدوای رێكەوتننامەی بەدناوی جەزائیرەوە دەستیان پێكرد، ساڵی ( 1975 ) هەزاران خێزانیان بەرەو دیوانییە و شارەكانی باشووری عێراق ڕاگوێزا ، بەخەیاڵی خۆیان بۆ ئەوەی دایان ببڕن لە چیا و گوندەكانیان ودەرفەت نەمێنێتەوە بۆ خەبات و مقاوەمەت دواتر بۆ ئۆردوگاكانی قوشتەپە و بەحركەو هەریر و گۆڕەتوو دەوروبەری هەولێر گوێزرانەوە، سەرەڕای قوربانیدان و باوەڕی بەرزی خەباتكارانەی بارزانیەكان و پشتیوانیی خەڵكی ناوچەكانی كوردستان و بەتایبەتیش شاری هەولێر ، بەڵام پیلانی نەخوازراوی رژێمی رەفتار فاشیستی بەعسی رووخاو بەردەوام بوو بۆ ئەنجامدانی تاوانێك كە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بوونی نەبوو
لە ۳۱ / ۷ / ۱۹۸۳ یەكەمین قۆناغی ڕەشبگیری بارزانیەكان دەستپێكرد و بە سێ قۆناغ و لە ماوەی (۱۲) ڕۆژدا نزیكەی(۸٠٠٠) مرۆڤی بێتاوان دەستگیركران و لە بیابانەكاندا شەهید و بێسەروشوێن كران
دوای ئەو تاوانە گەورەیە ڕژێمی بەعس لەسەر پیلان و بەرنامەی داڕێژراوی لە سڕینەوە و قڕكردنی گەلی كوردستان بەردەوامبوو ، كە بەپێی هەموو ئەوبەڵگە ڕاست و دروستانەی لەبەردەستن ئەوەی لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو بەرامبەر بە گەلی كوردستان كراوە جینۆسایدە و دەچێتە ئاستی ئەو گەلانەی كە زۆرترین تاوانی كۆمەڵكوژییان بەرامبەر ئەنجام دراوە و زیانەكانی جینۆساید و دەرئەنجامە تاڵەكانی زامێكی قوڵی جەستەی ئەم نەتەوەیەن و ساڕێژبوونیان ئەستەمە، بەڵام مایەی شانازیە كە ئەو نەمرانە لە یادو بیرەوەری گەلی كوردستاندا سەرچاوەی ئیلهامی ژیان و بەرخودانن و تاوانبارانیش لە مێژووی رەشی مرۆڤایەتیدا دەمێننەوە.
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان
‏‎هەرچەندە لەم ساڵدا بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێكارەكانی خۆ پارێزی تەندروستی نەتوانرا وەك ساڵانی پێشوو ئەم یادە بكرێتەوە بەڵام وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی حكومەت هەموو تواناكانمان دەخەینەكار تا خزمەتی شایستە پێشكەش بە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان بكەین و یادی قوربانیەكان بەرز رابگرین و كار دەكەین بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەوتاوانانەی دەرحەق بە گەلەكەمان كراون
لەماوەی رابردووشدا توانراوە لە كۆی ( ٣٠٠٠ ) رووفاتی ئەنفالكراوان و (596) روفاتی بارزانیەكان بگەرێنینەوە باوەشی كوردستان و بەردەوامین لە كاركردن بۆ دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆرە بەكۆمەڵەكان و هێنانەوەی رووفاتی شەهیدانمان بۆ زێدی باو باپیرانیان ، هەروەها لەسەر ئەو بنەمایەی كە داداگای باڵای تاوانەكانی عێراق كەیسی كۆمەڵكوژی بارزانیەكانی بە بریاری ژمارە ( ٤ ج ١ )لەرێكەوتی ۱۱ / ٥ / ۲٠۱۱ بەجینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ ناساندووە ، لەبەر ئەوە دەبێت حكومەتی عێراقی فیدراڵ هەرچی زووە قەرەبووی ماددی و مەعنەویان بكاتەوە و پابەندبێت بە دەستور بەتایبەت ماددەی ( ۱۳۲) بۆ ژیانێكی شایستە و هاوتاو و هاوبەش و پێكەوە هەڵكردنی ئاشتییانە
‏‎بە پلان و بەرنامەی نوێ لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی گۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانیی تاوانەكانی كۆمەلكوژی كوردستان هاوشێوەی هۆلۆكۆست و قەتڵ و عامەكانی تری مێژووی مرۆڤایەتی بە جینۆساید بناسێنن.
نەمری بۆ قوربانییانی جینۆسایدی بارزانییەكان و سەرجەم شەهیدانی رێگای ڕزگاریی كورد و كوردستان
‏‎ سەربەرزی و شكۆمەندی بۆ كەسوكاریان
‏‎وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان

بیروڕا

زۆرترین بینراو