ئەمساڵ 300 هەزار گەشتیاران روویان لە دەڤەری سۆران كردووە

ئەمساڵ 300 هەزار گەشتیاران روویان لە دەڤەری سۆران كردووە

موڕشید برادۆستی - سۆران: لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا هەزاران گەشتیاری نێوخۆی و بیانی روویان لە ناوچە گەشتیاریەكانی دەڤەری سۆران كردووە.
دەڤەری سۆران، رێژەیەكی زۆری ناوچەی گەشتیاری لە خۆدەگرێت و دیارترینیان گەلی عەلی بەگ، بێخاڵ، شنگلبانە، جوندیان، كۆڕەك تەلەفریك، سەكران، پڕژێ، زرارا ، گۆمی فێڵاو ئەمانە و دیان ناوچەی دیكەی گرنگی گەشتیاری هەیە و لەسەر ئاستی كوردستان و تەنانەت عێراقیش ناسراون و چەندین تاڤگە و شوێنی دڵڕفێنی هەیە.
هەریاد محەمەد گەنجێكی دانیشتووی شاری سلێمانیە و بۆ گەشت رووی لە سۆران كردووە بە زاری كرمانجی گووت " پێشتر تیڤی و سایتەكان ناوبانگی سۆران و رواندزمان بیستبوو، ئەمساڵ لەگەڵ ماڵەوەمان بڕیارماندا بۆ جەژن روو لە ناوچە گەشتیاریەكانی سۆران و روواندز بكەین، سرووشت و ئاو و هەوای ئەو ناوچەیە جوان و دڵڕفێنە و بە بڕووای من ئەو دەڤەرە لە رووی گەشتیاریەوە خۆشترین ناوچەی كوردستانە .
زیاتر گووتی " دیمەنی جوان و هەبوونی تاڤگە و ئاوێكی زۆر سرووشتەكەی جوانتر كردووە و وای كردووە خەلكێكی زۆر رابكێشێت، بۆیە ئێمە چەند خێزانێك بە یەكەوە هاتووین و لێرە كاتی خۆش بەسەر دەبەین .
بارزان محەمەد بەڕێوەبەری گەشت و گوزاری سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" بە هاوكاری و هەماهەنگی خاوەن ناوچە گەشتیاری و دام و دەزگا ئەمنی و پەیوەندی دارەكان بە پلانێكی تۆكمە ئامادەكاریمان بۆ هاتنی گەشتیاران كردبوو، خۆشبەختانە 25 هەزار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیاریەكانی سنووری سۆران و رواندز كردووە، كە پێكدێن لە گەشتیاری باشوور و ناوەڕاستی عێراقن، خەلكی پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك، سلێمانی و هەڵبجە و گەرمیان و بەشێكیش لە وڵاتانی دراوسێ روو لە ناوچەكەمان دەكەن و هەما هەنگی باشمان لەگەڵ گڕووپاتی گەشتیاری و كۆمپانیاكانی ئەو بووارە كردووە بۆ هێنانی گەشتیاران .
بەڕێوەبەری گەشت و گوزاری سۆران روونی دەكاتەوە، جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ، بەشێك لەقوتابیانی قوتابخانە و كۆلیژ و پەیمانگاكانی عێراق و كوردستان تاقی كردنەوەی كۆتای ساڵیان هەبوو، ئەمەش تاڕادەیەك كاریگەری هەبووە لە سەر چوونە دەرەوەی خەلك و هاتنی گەشتیاران .
گووتیشی " نەمانی شەڕی داعش و هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە و باش بوونی دۆخی ئابووری عێراق و كوردستان هۆكارێكە بۆ زیاد بوونی رێژەی گەشتیاران لەگەڵ ئەمەشدا لەبارەی كەش و هەوا و ئەو ئارامیەی لە كوردستان و دەڤەرەكەمان هەیە هۆكارێكی ترە بۆ راكێشانی گەشیتاران .
شایەنی باسە، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، 300 هەزار گەشتیاری نێوخۆی و شارەكانی عێراق و دەرەوەی كوردستان روویان لە ناوچە گەشتیاریەكانی دەڤەری سۆران كردووە .
بەهۆی هەڵكەوتەی جیوگرافیای دەڤەری سۆران كە هەر چوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، رواندز چۆمان بە تەواوی شارەدێیەكانیشەوە پێكدەهێنێت، پڕە لە ناوچەی گەشتیاری و سەیرانگای دڵڕفێن، خەلكێكی زۆر لە وەرزی بەهار و جەژن و بۆنەكان رووی تێدەكەن.

 

زۆرترین بینراو