
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانە
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٣ی کانوونی یەکەم رۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە، هەموو ساڵێك لە زۆربەی وڵاتانی جیهان یادی رۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەکرێتەوە.
ساڵی ١٩٩٢ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دا هەموو ساڵێک رۆژی ٣ی کانوونی یەکەم، وهك رۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان تهرخان بكرێ لە جیهاندا، بۆ پاڵپشتیکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە ئامانجی زیاتر بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بۆ تێگەیشتنی پێداویستییە تایبەتەکان و پشتگیریکردنی پرۆژە یارمەتیدەر بۆ بەدەستهێنانی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بەشداریپێکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ژیانی سیاسیی و ئابووریی و رۆشنبیریی.
سەرەڕای نەبوونی ئامارێكی ورد، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی ئاشکرای دهكات كه نزیکەی ٨٠%ی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە وڵاتانی هەژارنشینن و لە ٥٠% ئەو كەسانە دەستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی ناگات.
بەپێی ئامارەکان نزیکەی ١٠٠ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و بە فەرمی تۆمار كراون، هاوکات بەشێکیان مووچەیان بۆ دابیننەکراوە.