ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم لە رێوڕەسمێكی شایستەدا سوێندنی یاسای دەخوات

ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم لە رێوڕەسمێكی شایستەدا سوێندنی یاسای دەخوات

ئا: ڕائیب شێروانی
دوای ساڵانێكی زۆر لە سەرۆكایەتی حكوومەت، بە دەنگی 68 پەرلەمانتار بە دەنگدانی ئاشكرا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵبژێردرا، ئەمڕۆ سەرۆكی هەڵبژێردراو لە رێوڕەسمێكی شایستەدا سوێندی یاسای دەخوات و وێستگەی كاری سیاسی و دیبلۆماسی نێچیرڤان بارزانی بۆ چوار ساڵی داهاتوو لەم دامەزراوە گرنگەی هەرێمی كوردستان دەبێت، دواتر كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم رادەسپێرێت، لە ڕووی یاساییەوە، كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت 30 رۆژی لەبەردەمدایە.
نێچرڤان بارزانی، كەسایەتێكی ناسراوە لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان و پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرۆك و سەرۆكوەزیران و گەورەبەرپرسانی وڵاتانی دنیا هەیە، خاوەنی پەیوەندی فراوانی دیپلۆماسییە، ئومێدی ئەوەی لێ دەكرێت كە ڕۆڵی گەورە بگێڕێت بۆ بەرەوپێشبردنی كوردستان.
د. ساڵح مەلاعومەر، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" بە گوێرەی بارودۆخی تازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو كێشە و قەیرانانەی كە هەن، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا پێویستە كەسێكی بەهێزی وەكو نێچیرڤان بارزانی ببێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان هەم بتوانیت لەو قەیرانانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، بەتایبەتی ئەو قەیرانەی كە لە نێوان پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا دروست بووە، نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئێران و ئەمریكا هەیە، ئەزموونێكی باشیش لە حكومڕانی و لە بواری دیبلۆماسیدا هەیە، دەتوانێت تا ڕادەیەكی یەكجار زۆر كاریگەری ئیجابی لەسەر ئەوە هەبێت، كە ئەو قەیرانەی لە نێوان ئێران و ئەمریكا كاریگەری سلبی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان نەبێت، هەم قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە شێوەیەكی زۆر باش پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە دروست بكات، بۆ ئەوەی ئەو قەیرانانە نەك تەنیا كاریگەری سلبی لەسەر هەرێمی كوردستان نەبێت، بەڵكو دەرفەتێكیش بێت بۆ هەرێمی كوردستان، كە هەرێمی كوردستان بتوانێت لە بواری جۆراوجۆردا گەشە بكات.ش
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا د. ساڵح مەلاعومەر، رایگەیاند:" نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ئەزموونێكی یەكجار زۆری هەیە، دەتوانێت بەپێی ئەو گۆڕانكارییانەی كە تازە لەناو عێراق كراون، عادل عەبدولمەهدی كەسێكی تا ڕادەیەك میانڕەوە، نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بەرەو باشی ببات، هەرێمی كوردستان هەر لە ساڵی 1992 تا ئێستا ئەگەر ئێمە تەماشای بكەین زیاتر لە 27 ساڵە تا ئێستا نەبۆتە خاوەن دەستووری خۆی، ئەوەش لەبەر ناكۆكی لە نێوان لایەنەكاندایە، نێچیرڤان بارزانی كەسێكی بەهێزە و دەتوانێت كاریگەری لەسەر ئەوە دروست بكات كە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن دەستوورێكی مۆدێرن و دیموكراسی، بۆ ئەوەی ئەو قەیرانانەی كە زۆرجار لە نێوان لایەنەكاندا دروست دەبن، كە سیستەمی هەرێمی كوردستان بە چ شێوەیەك بێت، یان پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بە چ شێوەیەك بێت، تا رادەیەك لەبەر نەبوونی دەستوور كاریگەری لەسەر كێشە ناوخۆییەكان دروست دەكرا، بۆیە بە بڕوای من نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت كاریگەری لەسەر ئەوە هەبێت كە دەستوورێكی باش بۆ هەرێمی كوردستان بنووسرێتەوە، تا ڕادەیەك ئەو كێشانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دێنە پێشەوە لەبەر نەبوونی دەستوورن، هەرێمی كوردستان دەتوانێت ببێتە خاوەن دەستوورێك و تا رادەیەك سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان شەفافتر دەبێت، دیار دەبێت بۆ لایەنەكان كە بە چ شێوەیەك ئیدارە بكرێت، لەگەڵ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی ئەزموونێكی زۆری لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان هەیە، دەتوانێت كاریگەری لەسەر ئەوە دروست بكات كە كۆمپانیا بیانییەكان زیاتر بێنە ناو هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی سەرمایەگوزاری زیاتر لە كوردستان دروست بكرێت و كوردستان زیاتر پێش بكەوێت، ئەوەش بە تەئكید كاریگەری لەسەر باشبوونی بارودۆخی ئابووری كوردستان دەبێت، لەگەڵ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی كەسایەتیەكە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەكانە هەر چەند كە یەكێتی دەنگی پێ نەدا بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوان رایانگەیاند كە كێشەی ئێمە لەبەر پارێزگاری كەركووك بووە، نەك لەبەر ئەوە بووە كە نێچیرڤان بارزانی بۆتە سەرۆكی هەرێم، بۆیە دەتوانێت كاریگەری لەسەر ئەوە هەبێت هەموو لایەنەكان وەكو خۆشی رایگەیاند سەرۆكایەتی هەرێم دەبێتە چەترێكی گەورە كە هەموو لایەنەكان لەژێر ئەو چەترە كۆببنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی باشتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەن.
ئازاد سرێشمەیی، چاودێری سیاسی بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" سەرۆكی هەرێم بۆ ئەمڕۆ كەسێكی بە ئەزموونی دەوێت، شارەزای دەوێت، لە كوردستان ئەمڕۆ كەسێكی وەكو نێچیرڤان بارزانی زۆر پێویستە، لەبەر ئەوەی لە ماوەی رابردوو سەرۆكی حكوومەت بووە، پەیوەندیەكی فراوانی دیبلۆماسی هەیە لەناوخۆ، لە دەرەوە، لە هەرێمایەتی، كەسێكی قەبووڵ كراوە، تا ئێستا نەمان بیستووە، نە لە ناوخۆی كوردستان نە لە دەرەوەی كوردستان كەسێك بڵێت بۆچی ئەو پیاوە، هەموو پیرۆزبایی لێ دەكەن و پشتگیری خۆیان بۆ دەردەبڕن، چونكە كەسێكە دەتوانێت رەوشەكە ئارام بكاتەوە، بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكات، چونكە كەسێكی هێمن و لەسەر خۆیە، بۆیە ئەو پیاوە بە ئەزموونە لەو قۆناغەدا كە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی ئالۆز و نەخوازراودا تێدەپەڕێت بەتایبەتی لایەك هەڕەشی ئەمریكا و ئێران، لەلایەكی دیكەوە ناوچەكە كوردستانییەكان رەوشیان باش نیە و رەوشی ئەو ناوچانە رۆژ بۆ رۆژ خراپ دەبێت، هەموو ئەوانە نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.
سرێشمەیی دەشڵێ :" نازانم بۆ یەكێتی وا دەكات جارێ باس لە پێكهێنانی حكوومەت و كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، ئەوانە پەیوەندیان بە كەركووك و بەغداوە نیە، دەبێت ئەوانیش چارەسەر بكرێن و گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئەوان هەموو شتێكیان بەستۆتەوە بە كەركووك و بەغداوە، دەبوایە جارێ چارەسەری ئێرە بكەن، چونكە بەخۆی كە هەڵبژاردن دەكرێت و ئەنجامەكان رادەگەینرێن كاتێكی دیاری كراو هەیە، كات كراوە نیە بۆ هەتا هەتایە گفتوگۆ و دانیشتن بكرێت، كە ئەوە بۆ حەوت مانگ دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەڕاستی پارتی پشوو درێژ بوو، سەبرێكی زۆری هەبوو، ئەوەی من دەبینم مەبەستیان تەنیا ئەوەیە كە بە زۆری زۆردار بڵێن ئێمە كەركوومان نەفرۆشتووە، حكوومەت گەڕاوەتەوە بۆ شارەكە ئێمە لەگەڵ خەڵكی ئەو شارەین، بڕوا بە پارتی بهێنن كەسێك لەوانەی كە بەشداربووە لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بكەن بە پارێزگاری كەركووك، پارتیش قسەی خۆی كردووە، لەرۆژی یەكەمەوە تا ئەمرۆ كەسێك قەبووڵ ناكەن كە بەشداری كردبێت لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و ببێت بە پارێزگاری كەركووك، دواتر رێككەوتنێك كراوە لە لوتكە لە نێوان سەرۆك بارزانی و كۆسرەت رەسوول، كەسێكی یەكێتی، كەسێك ئەندامی مەكتەبی ئەو حزبە هەر دوو لا رێككەوتن لەسەری، پاشگەزبوونەوە پێنج خولەك پێش دەنگدان بۆ سەرۆكی هەرێم، بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە بۆچی كشایەوە، بۆیە بەبڕوای من ئەوە تەنیا بیانۆیە و نایانەوێت حكوومەت پێك بێت، نایانەوێت سەرۆكی هەرێم بە دەنگێكی وا زۆر ببێتە سەرۆكی هەرێم، كە هی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەوان هێشتا ئەوەیان لە دڵدا ماوە كە پارتی لە بەغدا هاوكاری ئەوانی نەكرد بۆ سەرۆككۆمارێك كە لە یەكێتی بێت، هەموو ئەوانە هەن بێجگەی لەوەی كە ئەوان لەناوخۆدا یەك نین، ناكۆكن، ناتوانن پۆستەكان یەكلا بكەنەوە، دێن و دەسووڕێنەوە هەموو شتەكان پەیوەست دەكەن بەوەی كە بەڵێ پارتی نایەوێت پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك دابنرێت، بۆیە هەموو بیانۆیە و هیچی دیكە نییە.
ئایدن مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان بە هەفتەنامەی زاری كرمانجی رایگەیاند:" نێچیرڤان بارزانی تەجروبەی زۆری هەیە لەرووی سیاسی و دیبلۆماسیەوە، كارێزمایەكی نێودەوڵەتی هەیە، كە كاریگەری هەیە لە هەرێم و ناوچەكەدا، لە رابردوودا زۆر شتی باشی كردووە، كە جێگەی رێز و تەقدیرە لە هەرێم و ناوچەكەدا، لە هەمان كاتدا بە بێ جیاوازی خزمەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، هەتا بە بێ جیاوازی بەرگری لە مافی پێكهاتەكانی كردووە، بۆیە چوار ساڵی داهاتوو شتی زۆر باش دەكات".

 

زۆرترین بینراو