ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی هەولێر و بەغدا سەردانی بەغدا دەكات.
رۆژی 11ی 9ی 2019، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، بڕیاردرا شاندێك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی فیدرال، سەردانی بەغدا بكات.
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بۆ ماڵپەڕی زاری كرمانجی دیاركرد: " ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە د. ئۆمێد سەباح، ئامانج رەحیم، خالد شوانی، وەزیری دارایی، لەگەڵ وەزیری پلاندانان، سەردانی بەغدا دەكەن لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و بەرپرسانی دیكە و لایەنە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەولێر و بەغدا دەكەن، هەردوو لا ئیرادەیان هەیە كە لەسەر بودجە و كێشەكانی دیكە بگەنە رێككەوتن، بەتایبەتی حكوومەتی هەرێم دەیەوێت بۆ تاهەتایی سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارە بكات.
بە گوتەی فارس عیسا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی ئەو شاندەی هەرێم لە بەغدا، پرسی بودجە، مووچە، پێشمەرگە، نەوت و غاز، ماددەی 140 و سەرژمێری دەبن، هەموو ئەوانە ئەو كێشانەن كە هەر دوولا دەیانەوێت گفتوگۆ لەسەر بكەن و بگەنە رێككەوتن.

زۆرترین بینراو