ئەمڕۆ لەسەر ئاستێكی باڵا یادی ئەنفالكردنی 8 هەزار بارزانی دەكرێتەوە

ئەمڕۆ لەسەر ئاستێكی باڵا یادی ئەنفالكردنی 8 هەزار بارزانی دەكرێتەوە

36 ساڵ بەسەر ئەنفالی بارزانییەكان تێدەپەرێ، كاتێك بەهۆی كوردبوون و بارزانیبوونیان لە زێدی خۆیان بەرەو خوارووی عێراق و دواجاریش بۆ كۆمەڵگەی زۆرەملێی قوشتەپە راگوێزران و, لە 31-7-1983 بە بیانووی بردنیان بۆ كۆبوونەوەیەك لە شاری كەركووك، لە بیابانەكانی نوگرە سەلمان زیندەبەچاڵ كران.
رێبوار رەمەزان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان بۆ ماڵپەڕی زاری كرمانجی گوتی:" ئەمڕۆ كاتژمێر 4:30 خولەكی ئێوارە لەسەر گۆڕستانی بارزانیە جینۆساید كراوەكان لەژێر دروشمی لە جینۆ سایدەوە بۆ ئارامی و ژیان، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بە هەماهەنگی یەكە ئیدارییەكانی قەزای مێرگەسۆر بیرەوەری 36 ساڵەی بارزانییە جینۆ سایدكراوەكان لە گورستانی قوربانیان لە دەڤەری بارزان بە دانانی تاجە گولینە و بیرەوەری شەهیدان ریكدەخات.
گوتیشی:" مەراسیمەكە وەكو هەمیشە چەندین چالاكی هونەری و وتار خوێندنەوە لە خۆ دەگرێت، زیاتر مەراسیمی دانانی تاجە گولینەیە لەسەر گۆرستانی بارزانییەكان لە هەمان كاتیشدا داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لەو یادەدا داواكاریی كەسوكاری شەهیدان جێبەجێ بكرێت لە تاپۆكردنی زەوییەكانیان، كە پێشتر بەسەر كەسوكاری ئەنفالكراوان دابەش كراوە و دەست بە دابەشكردنی چەكی خانووی خۆكرد بكرێت، چونكە بەر لە قەیرانی دارایی، بەشێك لە كەسوكاری شەهیدان چەكی پارەیان وەرگرتووە، بەڵام خەرجكردنی پارەكە راگیراوە، داواكاری كەسوكاری ئەنفالكراوانیش لە حكوومەتی عێراق گەڕانەوەی رووفاتەكانیانە كە بۆ بگەڕێنەوە و كار بكرێت بە یاسای ژمارە 132ی دەستوور كە باسی قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووانی دەستی رژێم دەكات.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان ئەوەشی گوت:" تا ئێستا بە دوو قۆناغ 596 رووفات هێنراونەتەوە، لە 2005 و 2014 لە قۆناغی یەكەم لە ساڵی 2005، 503 رووفات هێنرانەوە، لە 2014ـە، 93 رووفاتی دیكە هێنراونەتەوە، هێشتا زیاتر لە رووفاتی 7 هەزار و 400 كەسی دیكە ماوە كە بهێنینەوە، پێش چەند رۆژێك لە بیابانەكانی سەماوە بووین، گۆڕێكی دیكە هەڵدرایەوە، راستە گۆڕستانی بارزانییەكان نەبوو، بەڵام ئەوانیش كەسوكاری ئێمەن، ئێمە دەمانەوێت هەموو رووفاتەكانمان بگوازرێنەوە، بۆ ئێمە وەكو بارزانییەكان دایكێكی گەرمیان، دایكێكی ئێزدی دایكی ئێمەیە، هەموومان توشی هەمان نەهامەتی و دەردەسەری بووینە، سەدام حوسێن یەك بیرۆكەی هەبوو ئەویش لەناوبردنی گەلی كورد بوو".

 

 

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو