ئەمڕۆ 42 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی بارزانی نەمردا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 42 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی بارزانی نەمردا تێدەپەڕێت

ئا: ڕائیب شێروانی
زاری كرمانجی - بەر لە 42 ساڵ و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا كورد و كوردستان رۆژێكی پڕ ماتەمینیان بەخۆوە بینی، ئەو شۆڕشگێڕەی سەركردایەتی مەزنترین شۆڕشی كوردستانی كردبوو لە ناسكترین و ئاڵۆزترین قۆناغی مێژووی عێراق و ناوچەكە و جیهاندا كۆچی دوایی كرد.
بەشێك لە وێستگەكانی ژیانی بارزانی نەمر:
* مستەفا بارزانی كوڕی شێخ محەممەد بارزانیە و لە گوندی بارزان لە 14ی ئازاری 1903 لەدایكبووە.
* لە تەمەنی 3 ساڵیدا لە لایەن عوسمانییەكانەوە لە دوای نسكۆی شۆڕشی بارزان، شێخ عەبدولسەلامی برای گەورەی دەستگیركرا و بارزانی نەمر و دایكیشی لە مووسڵ خرانە زیندانەوە.
وێستگەكانی تێكۆشان و خەباتی:
* بارزانی نەمر لە 1919 بەشداریكردووە لە جوڵانەوەی شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانی.
* لە 1920دا شێح ئەحمەدی بارزان، برا گەورەی، وەك نوێنەر رەوانەی باكووری كوردستانی دەكات بۆ ئەوەی سەردانی شێخ سەعیدی پیران بكات و هەماهەنگی لەگەڵ شۆڕشەكەی درووست بكات.
* لە نێوان ساڵانی 1931 – 1932 سەرپەرشتی هێزێكی بارزانییەكان دەكات بۆ بەرگریكردن لە میحوەری مێرگەسۆر – شێروان لە بەرامبەر هێزی ئینگلیزەكان و لەو شەڕەدا بەهۆی چاپووكی و كارزانییەوە ناوبانگێكی زۆری بەدەستهێنا و توانی میحوەرەكەی بپارێزێت.
* لە 1934دا لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی و هەندێك لە پیاوەكانیان روویان كردە توركیا بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەرێتی بكەن و دواتر بە هۆی وتوێژەوە گەڕانەوە عێراق و لە لایەن ئینگلیزەكان و دەسەڵاتی ئەو كاتەی عێراقەوە بۆ باشووری عێراق دوورخرانەوە. دواتر گەڕێندرانەوە سلێمانی و ماوەی 10 ساڵ بە دوورخراوەیی ژیانیان بەسەر برد.
* لە 12ی تەمموز/ یۆلیۆی 1943دا بە هاوكاری رێكخراوی هیوا توانی لە سلێمانی خۆی دەربازبكات و بچێتە رۆژهەڵاتی كوردستان.
* لە هەمان ساڵی 1943 دا لە ئێرانەوە گەڕایەوە ناوچەی بارزان و ژمارەیەك گەنج لەدەوری كۆبوونەوە و لە ماوەی دوو مانگدا 2000 پێشمەرگەی خۆبەخش ئامادەییان بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكانی دەربڕی و توانیان دەستبگرن بەسەر زۆرینەی بنكەكانی پۆلیسی ناوچەكەدا.
* لە پایزی 1943دا حكومەتی بەغدا شاندێكی رەوانەی بارزان كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ بارزانی وتوێژ بكەن و شەڕ بوەستێت و بارزانی نەمریش مەرجی ئەوەی خستەڕوو، كە دەبێت سەرجەم دوورخراوەكان و شێخ ئەحمەدی بارزان بگەڕێنەوە و دانووستان كۆتایی هات و حكومەتی نوری سەعید هەموو مەرجەكانی بارزانی جێبەجێ كرد.
* لە 1943 – 1945 شۆڕشی بارزانی لە دژی حكومەتی عێراق كە لە لایەن بریتانیاوە پشتیوانی لێدەكرا سەریهەڵدا و لەو جارەدا شۆڕش ناوچەیەكی فراوانتری كوردستانی گرتەوە.
* لە 11ی ئایار/ مایۆی 1945دا بارزانی و پێشمەرگەكانی روویان كردە رۆژهەڵاتی كوردستان.
* لە 22ی كانوونی دووەم/ یەنایری 1946 بارزانی لە مەراسیمی راگەیاندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد بەشداری كرد و لە لایەن سەرۆك كۆماری كوردستانەوە قازی محەممەد، بارزانی كرایە فەرماندەی سوپای كۆماری كوردستان و پلەی جەنەراڵی سەربازی پێ بەخشرا.
* لە 16ی ئاب/ ئۆگستی 1946دا بارزانی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقی دامەزراند و وەك سەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرا و لە سەرجەم كۆنگرەكانی حزبدا كە هەندێكیان ئامادەنەبوو، وەك سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرایەوە.
* دوای نسكۆی كۆماری كوردستان لە 1947 رێڕۆیشتنی مێژوویی بەرەو یەكێتی سۆڤیەتی جاران ئەنجامدا و بارزانی ئامادە نەبوو خۆی رادەستی دەسەڵاتی شاهەنشایی ئێران بكات و بە پێ خۆی و 500 چەكداری روویان كردە یەكێتی سۆڤیەت و لەو رێڕۆیشتنەشدا رووبەڕووی سوپاكانی عێراق و ئێران و توركیا بوونەوە.
*رۆژی 17ی حوزەیران/ یۆنیۆی 1947 بارزانی و یاوەرەكانی لە رووباری ئاراس پەڕینەوە و گەیشتنە یەكێتی سۆڤیەت.
* لە یەكێتی سۆڤیەتدا كە ستالین سەرۆكی یەكێتییەكە بوو، مامەڵەیەكی توند لەگەڵ بارزانی و یاوەرانی دەكرا و تا دوای مردنی ستالین لە 1953 هەندێك رەوشی ژیانیان باش بوو.
لە رووسیا، سەرەڕای تێپەڕینی 45 ساڵ لە تەمەنی بارزانی لە ئەكادیمیای زمانەكان لە مۆسكۆ دەستیكرد بە خوێندنی ئابووری و جوگرافیا و زانست و زمانی رووسی.
* لە دوای شۆرشی چواردەی تەمموزی 1958 بارزانی و یاوەرەكانی گەڕانەوە عێراق و لە بەسرەوە تا هەولێر جەماوەر پێشوازی لێكردن.
* عەبدولكەریم قاسم، سەرۆك كۆماری عێراق لە 7ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری 1958 پێشوازی لە بارزانی و یاوەرانی كرد.
* لە 11ی ئەیلوولی 1961 تا 1975 بارزانی رابەرایەتی گەورەترین شۆرشی چەكداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا كرد و شۆڕشەكەی 15 ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ خەڵكی كوردستان بەدەستهێنا.
* لە 11ی ئازاری 1970 بارزانی و حكومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان رێككەوتن و ئەوە یەكەمجار بوو لە مێژووی كوردستاندا شۆڕشێكی كوردیی بە 9 ساڵ خەبات بتوانێت ئەو دەستكەوتە بۆ كورد بەدەستبهێنێت.
* لە 6ی ئازاری 1975 بە هۆی رێككەوتنی سەدام حوسێن و محەممەد رەزا شای ئێران لە جەزائیر شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو و بەو هۆیەوە بارزانی و هەزاران پێشمەرگەی شۆڕشەكە رێگەی ئاوارەییان هەڵبژارد.
* لە دوای نسكۆی 1975 جارێكی دیكە بارزانی چاودێری و سەرپەرشتی دانانەوەی بەردی بناغەی شۆڕشی كرد.
لە 1ی ئازار/ مارسی 1979 بارزانی نەمر لە ئەمریكا بە هۆی نەخۆشییەوە كۆچی دواییكرد لە 5/3/1979 لەسەر وەسیەتی خۆی لە شاری ( شنۆ ) ی رۆژهەڵاتی كوردستان، لەسەر سنووری باشووری كوردستان و باكووری كوردستان ئەسپەردەی خاكی پیرۆزی كوردستان كرا.
*دوای راپەڕینی ئازاری 1991، تەرمی بارزانی نەمر و ئیدریسی جوانەمەرگ، لە ئارامگەی خۆیان لە شنۆوە گواسترایەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لە شوێنی لەدایكبوونی و لە ناوچەی بارزان بەخاك سپێردرا".

زۆرترین بینراو